پارێزگای هەولێر، ئاشكرای كرد، ئێستا بەرھەمی بەنزینی جۆری 800 دیناری نۆرماڵ بە کوالێتییەکی باش لەبەنزینخانەکاندا دەست دەکەوێت. جەختیش دەكاتەوە لە یەك هەفتەدا 28 بەنزینخانەی دیكە سزادراون.

لە راگەیاندراوێكدا پارێزگای هەولێر، بڵاوی كردەوە: “لەم هەفتەیەدا لەکۆی پشکنینی 59 وێستگە، لەلایەن لیژنەی پشکنین و چاودێریکردنی بەنزینخانەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر، (28) بەنزینخانەی تر لەهەولێر و دەوروبەری بەهۆی دەستکاریکردنی كوالێتی به‌نزین و خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن بە هاووڵاتیان سزادراون و ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەر خاوەنەکانیان گیراوەتەبەر”.

ئاماژە بەوەش كراوە، لەسەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵ، تاوەکو ئەمڕۆ پێنجشەممە 2022.8.25، کۆی گشتی ئەو بەنزینخانەی کە سزادراون 242 بەنزینخانەن.
پارێزگای هەولێر ئاشكراشی كردووە، شەش بەنزینخانەی دیكە، بەهۆی زیاتر لەجارێک سەرپێچی و دەستکاریکردنی كوالێتی و فرۆشتنی بەنزینی خراپ بە هاووڵاتییان، ناوەکانیان بڵاو دەکەینەوە، ئه‌وانیشش بریتین له‌، (وێستگەی گارە، وێستگەی لاوان، وێستگەی ڕزگاری، وێستگەی نێلا، وێستگەی هەرێم، وێستگەی کاکە).

لە راگەیاندراوەكەی پارێزگای هەولێر، ئەوەش هاتووە: “ئێستا بەرھەمی بەنزینی جۆری 800 دیناری نۆرماڵ بە کوالێتییەکی باش لەبەنزینخانەکاندا دەست دەکەوێت و لیژنەکانی بەدواداچوون و چاودێرییکردنی بەنزینخانەکانیش ھەوڵەکانیان چڕترکردۆتەوە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن و پاراستنی خەسڵەت و کوالێتیی بەنزین”.

پارێزگای هەولێر، هاووڵاتییانیش دڵنیا ده‌كاته‌وه‌ كە لیژنەی پشکنین و چاودێریکردنی بەنزینخانەکان بەردەوامن لەگرتنە بەری ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر کەس و خاوەن بەنزینخانانەیەک کە بەنزینی خراپ بفرۆشێتە هاوڵاتییان و دەستکاری کوالێتی بەنزین بکات،

پارێزگاری هه‌ولێر داواش لەهاووڵاتیان دەکات هاوکار بن و لەکاتی تێبینیکردنی هەر جۆرە سەرپێچیەک، لەزووترین کات ئاگاداری قائیمقامیەتی ناوەندی هەولێر بکەنەوە.