ئەمڕۆ تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی قۆناغی 12ی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەن و لەم خولەشدا رێنماییەکانی خولی یەکەم لەناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە جێبەجێ دەکرێن.

بەگوێرەی خشتەی وەزارەتی پەروەردە ئەمڕۆ شەممە 20/8/2022، یەکەم تاقیکردنەوەی خولی دووەمی قۆناغی 12ی ئامادەیی دەکرێت، لە بەشی زانستی تاقیکردنەوەی زیندەزانی و لە بەشی وێژەیی وانەی مێژوو.

وەزارەتی پەروەردە رایگەیاندووە، رێنمایی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوە گشتییەکانی قۆناغی 12ی ئامادەیی خولی دووەم، هەمان رێنمایی و رێکارەکانی خولی یەکەم دەبێت.

وەک لە رێنماییەکاندا هاتووە، بردنە ژوورەوەی هەموو جۆرە ئامێرێکی ئەلیکترۆنی بۆ ناو ناوەندەکانی تاقیکردنەوە قەدەغەیە و رێگەپێدراو نییە. سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و چاودێری هۆڵەکان نابێت بە هیچ جۆرێک مۆبایل ببەنە ناو ناوەندی تاقیکردنەوە و هۆڵەکان، هەر حاڵەتێک لەو جۆرە رووبدات پێویستە لیژنەی لقی ئەزموونەکان راپۆرتی خۆیان بۆ لیژنەی باڵای ئەزموونەکان بنێرن، وا دادەنرێت کە هاوکاری گزی ( غش) کراوە و دەدرێت بە لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر ئاستی وەزارەت.

لە بەشێکی دیکەی رێنماییەکان ئاماژە بەوەکراوە، پرسیاری بابەتەکانی تاقیکردنەوە لە قوتابیان وەردەگیرێتەوە لەلایەن مامۆستای چاودێر و دەبێت بەڕێوەبەری هۆڵ و یاریدەدەر لەوە دڵنیاببنەوە کە پرسیارەکان و پەڕەی سۆما وەردەگرنەوە. پرسیاری هەموو قوتابییەک ناوی خۆی لەسەرە. ئەگەر قوتابی پەڕەی پرسیاری تاقیکردنەوەکانی لەگەڵ نەگەڕێنێتەوە نمرەی بۆ هەژمار ناکرێت.

هەر بەگوێرەی رێنماییەکان دەبێت پشکنین بۆ هەموو قوتابییەک بکرێت پێش چوونە ناو هۆڵی تاقیکردنەوە، هیچ جۆرە  ئامێرێکی ئەلیکترۆنی و زیرەک، کاتژمێری زیرەک و مۆبایل بە هەموو جۆرەکانییەوە رێگەپێدراو نییە.

لەکاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان، خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بۆ ماوەی حەوت رۆژ لە کاتژمێر 7:30ی بەیانی تا 10:30 رادەگیرێت.

رێنماییرێنمایی

رێنماییرێنمایی

رێنماییرێنمایی

رێنمایی