بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، پێنج بازرگان و دەڵاڵی زەوی و موڵکی گشتی دەستگیرکران کە پۆست و دەسەڵاتی خۆیان لە فەرمانگەکان بە نایاسایی بەکارهێناوە.

لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشی سلێمانیدا هاتووە، دەیان لێپرسراو و فەرمانبەری دیکەش فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.

ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، پێنج بازرگان و دەڵاڵ کە بەڕێکاری نایاسایی مامەڵەیان بە زەوی و زار و موڵکی گشتییەوە کردووە، بەبڕیاری دادوەر دەستگیرکراون.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، “دەیان لێپرسراو و فەرمانبەری دامەزراوە کارگێڕییەکان و چەندین کەسیش کە وەك بریکار و دەڵاڵی زەوی و زار مامەڵەی نایاساییان راییکردووە، لەلایەن دادگاوە بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و لەلایەن ھێزەکانی ئاسایشەوە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان رێوشوێنی پێویستی بۆ وەرگیراوە و دەستگیرکردنیان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە”.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی راشیگەیاند، لە چەند رۆژی داھاتووشدا بەردەوام دەبن لە دەستگیرکردنی ھەموو ئەوانەی لەسەر بەرژەوەندی گشتی و مافی خەڵک پۆستەکانیان بۆ كاری نایاسایی قۆستووەتەوە.

ئەو بەڕێوەبەرایەتییە روونیشیکردەوە، ئەو ‎کەسانەی بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە پۆست و دەسەڵاتی خۆیان لە فەرمانگە حکومییەکان بۆ کاری نایاسایی و دوور لە رێنماییەکان و رەوشتی بەرزی فەرمانبەری بەکارهێناوە.

ئاسایشی سلێمانی گوتیشی: لەبەرانبەر بەرتیل مامەڵەی خەڵکی دیکەیان تێپەڕاندووە و چەندین دۆسیەی زەوی و زار و موڵکی گشتییان لە دەرەوەی یاسا بەرکارەکانی ھەرێم داگیرکردووە.