وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م لە گەرمیان به‌ڕێوه‌ چوو،  بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ڕایگه‌یاند: لە درێژەی هاوکاری و هەمانگییە هاوبەشەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە و لەیەکتێگەیشتن لەنێوان هەردوولادا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشه‌م ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە سنووری میحوەرەکانی 1 و 2 و 3 لە ناوچەی گەرمیان ئەنجامدرا کە تیایدا لیواکانی پیادەی 3 و 5 و 17ی وەزارەتی پێشمەرگە بەشدار بوون.

ڕاشیگه‌یاند: لە دەرئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا تەواوی ئەو ناوچانە کێوماڵ کران کە لە پلانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا دانرابوو، هێزەکان تەواوی ناوچەکانیان پشکنی و کێوماڵی دەڤەرەکەیان بە تەواوەتی کرد، دەرئەنجام ئۆپەراسیۆنەکە لە کاتی دیاریکراودا سەرکەوتووانە کۆتایی پێ هات.

جێی باسه‌ هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەماوەی رابردووشدا چەندین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لەو ناوچانەدا ئەنجامداوە کە کەوتۆتە ناوچەی ئەمنی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لە ئێستادا بەشێکی زۆری ئەم ناوچانە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزە ئەمنیەکاندان.