پەرژین جعفر حاجی روستم
ئەمساڵ ٢٠٢٢ تەمەنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێتە ٧٦ ساڵ، وردەكاری یاخود گەڕانەوە بە خێرایی بۆ رۆژی دامەزراندن و خوێندنەوەی قۆناغ بە قۆناغی خەبات و سیاسەت و سەركەوتن و نوشست و ململانێی لە نێو ئەم حزبە و بەردەوام بوونی لە وتارێك كۆناكرێتەوە، بەڵام بۆ هەر قۆناغێك دەتوانین بەپشتبەستن بە سەرچاوە ڕەسەن و دروستەكانی مێژوویی ئەم حزبە بەرچاوڕوونی وەربگرین.

دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەپێی بۆچوونی سەرۆك مسعود بارزانی “لە شوباتی ساڵی ١٩٤٦ لە ئەنجامی پێویستبوونی قۆناغەكە بارزانیی نەمر و هاوەڵە تێكۆشەرەكانی لە رۆژهەڵاتی كوردستان گەڵاڵە بووە كە حزبێكی سیاسی دروست بكەن” لەبەرئەوەی بارزانیی نەمر و هاوەڵەكانی لە مەهاباد بوون بۆ پشتیوانی كۆمار (كۆماری كوردستان) جۆرێك لە بەرهەڵستكاری دروست بوو لەکاتی دامەزراندنی ئەم حزبە نوێیە، بۆیە هەمووان تێگەیەنرا حزبەكە بۆ خەباتی سیاسی و چەكدارییە لە باشوری كوردستان نەك لە رۆژهەڵاتی كوردستان و لەم پێناوەشدا بەرەوە بەدەستهێنانی پشتگیری (هەمزە عەبدوڵڵا ) یەكێك لە دەستەی دامەزرێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان نێردرایەوە باشوری كوردستان و لە نێو حزبی شیوعی و رزگاری و كۆمەڵە و گرووپەكان خەڵكانی نیشتیمانپەروەر و هاوبۆچوون لەگەڵ سیاسەتی ئەم حزبە نوێیە بهێنێتە ناو ڕیزەکانیەوە.

ڕۆژی كۆنگرەی یەكەم كە لە بەغدا لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ بەسترا كرا بە ڕۆژی دامەزراندن و حزبێك لە باشوری كوردستان دامەزرا جیاواز لە پێش خۆی، واتا لە شیوعی و ئەوانی دیش لەڕووی پێكهاتەوە كەسایەتیە دیارەكانی نێو خەباتی نەتەوایەتی و نیشتیمانی و خاوەن پێگەی كۆمەڵایەتی و ئاستی جیاواز و جوگرافیای جیاواز بوون بە سەركرایەتی و داینەمۆی دروستبوونی ئەم حزبە. ئەم جیاواز بوونە لە هەموو ڕوویەکەوە بێگومان بێ سەركێشان بۆ ناكۆكی دەرباز نابێت بەتایبەتی ئەوانەی دەیانویست لەپاڵ ناو و ناوبانگی بارزانیی نەمر كە خاوەن پێگەیەكی بەهێز بووە و خەباتی چەندین ساڵەی بنەماڵەكەی و كارێزمایی خۆی بكێشن بۆ خۆسەپاندن و دروستكردنی تاقم و دەستە و گرووپ، كە سەرئەنجام هەر وایان كرد و خۆیان و مێژووی كەسایەتیان پێ لەكەدار كرد و لە نێو بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستاندا زۆرجار بەر رەخنە و توانج دەكەون و نەیانتوانی دەستبگرن بەسەر ئەو حزبەدا و بە ویستی خۆیان مامەڵەی لەگەڵ بكەن، دوای دەرچوونیشیان لە نێو پارتی دیموكراتی كوردستان تاڕادەیەكی زۆر ئەم حزبە بەهێزتر و یەكگر و كاریگەرتر بوو لە گۆڕەپانەكەدا.
لە نێو ڕووداوەكانی باشوری كوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد ناكۆكی و ململانێ بەشێك بوو لەمێژووی سەرجەم حزبەكان، پارتی دیموكراتی كوردستانیش چەندینجار بەم قۆناغە تێپەڕیوە كەمینەیەك ویستیوویانە ناكۆكیەكان مەزن بكەنەوە و پارتی و ئامانجەكەی بچووك بكەنەوە، بەڵام لەبەرئەوەی هەم كەمینە بوونە و هەمیش بناغەی حزبەكە و پەیڕەوانی پتەو بووە سەرئەنجام شكست بەو هەوڵانە هاتووە و كاریگەری ئەوانەش كەمتر بوون یاخود دەستیان لەو ململانیە هەڵگرتووە.

٧٦ ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئەم حزبە تێدەپەڕێ، هێزی پێشڕەویكردنی پرسی نەتەوەیی و نیشتیمانی هێشتا لە دەستی ئەم حزبەدایە، هیچ دۆخ و ڕووداوێك نەیتوانیوە پاشەكشە بەم حزبە بكات لەو پێشڕەوییكردنەی ئامانجی دامەزراندنەكەی بووە.
جێی سەرسوڕمان و پەنھان نییە کە دەڵێن بۆچی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ هەڵشكانی تەمەنی پیر نابێت و جەماوەری زیاتر دەبێت، بەڵكو ئەوە ئاشكرایە كۆمەڵێك فاكتەری گرنگ هەن ئەم حزبەیان بە زیندوێتی هێشتۆتەوە و بەردەوام لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان و عێراق سەركەوتنی گەورە تۆمار دەكات:
لە هەر پرۆسەیەك جا گرووپ بێت یا رێكخراو یاخود كۆمپانیا یاخود هەر بوارێكی دیكە بێت، سەركردایەتیكردنێكی دروست و خاوەن ئەزموون و كارامە و لێهاتوو و دڵسۆز و خاوەن بڕوا دەتوانێت سەركەوتن بەو بوارە ببەخشێت، پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەن ئەم سەركردایەتیە بەتایبەتی بەڕێز مەسعود بارزانی كە توانیویەتی بە بڕوایەكی نەتەوەیی و نیشتیمانی و پشت بەستن بە ڕێبازی بارزانی ڕێبەرایەتی ئەم حزبە بكات و لەسەر سیاسەتێكی دروست بەڕێوەی ببات و بیپارێزێ لە هەر هەوڵێك کە مەبەستی بێت حزبەكە بچووك بكاتەوە یاخود لەناوی بەڕێت، هێزی كارێزمایی سەرۆك بارزانی هۆكارێكی بەرچاوی هەڵشكانی بەردەوامی پارتییە.

هۆكارێكی دیكە بڕوابوونی خەڵكی كوردستانە بە سیاسەت و بەرنامە و پرۆگرام و هەنگاوەكانی پارتی دیموکراتی کوردستان كە تێدا ویست و داخوازییەكانیان دەبیینەوە و تەواو هاوتەریبە لەگەڵ خەون و ئاواتی گەلی كوردستان و ئەم حزبە بە ئاوێنەی خۆیان دەبینین و پارتی دیموکراتی کوردستانیش توانیویەتی ئەو خواستەی جەماوەری كوردستان لە نێو كار و هەنگاویدا ڕەنگڕێژ بكات و بەردەوام لەگەڵ داواكارییەكانی خەڵك بێت.

لێرەدا دەمەوێ ئاماژەیەكی دیكە بخەمەڕوو لەسەر هەموو ئەو گرەوە دۆڕاوانەی كە بەرامبەر بەپارتی دیموکراتی کوردستان دەكرا، ئەویش دەرخستنی قەبارەی ناكۆكی و جیاوازی و باڵ باڵێن، كە هەمیشە گرەوێكی سەركەوتوو نەبووە و لە هەموو كۆنگرەكاندا ئەم خەون و خەیاڵە لە گۆڕنراوە، بێگومان نكۆڵی لە جیاوازی ناكرێت لە هیچ ئاستێكی حزبیدا، بەڵام دواجار هەموو بۆچوونەكان لە خزمەتی پرسێك دەبێت كە تایبەتە بە پێگەی حزبەكەوە كە هیچ كەس و لایەن و گرووپێك توانای مرۆیی و سیاسی و ئیرادەی ئەوەی نییە بەسەریدا زاڵ بێت.

پرسی گرنگ لە ئێستای ئەم حزبەدا جگە لەباشتركردنی پایەكانی حكومڕانی لە كوردستان و هەنگاونان بۆ هێشتنەوەی كوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەهێزی و سەقامگیری، پرسی ھەنگاونانە بەرەو گۆنگرەیەكی نوێ ئەویش كۆنگرەی ١٤یە كە دەبوو لە ٢٠١٤ ببەسترایە و هۆكارەكانی سەرهەڵدانی داعش و كۆمەڵێك قەیرانی دیكە كە عێراق و ناوچەكە و هەرێمی كوردستانی گرتەوە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجامدانی دواخست، ئێستایش خواستی دۆخەكە و گۆڕینی روئیایی نوێی حزبی و هاتنە پێشەوەی رووداوگەلێكی گرنگ لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەكە و عێراق و هەرێم و بەتایبەتتر سستبوونی ڕێكخستنی حزبی، پارتی دەیەوێ ئەو كۆنگرەیە بكات كە قەرەبووی ئەنجامنەدانەكەی بكاتەوە.

خۆم لە ئەندام بوون و لایەنگری ئەم حزبە دووردەخەمەوە بۆ ئەوەی بتوانم بەشێوەیەكی دروست هەڵوەستە بكەم و هەستی حزبایەتی كەموكوڕییەكانم لێ ناشارێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ حزبێك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە تەمەنی وەك پارتی دیموکراتی کوردستان بێت و كێشەی نەبێت، بەڵێ كێشە هەیە و چارەسەریش هەیە، ئیرادەیش هەیە بۆ چارەسەر كەواتە زیندوێتی حزبی لەوەدایە، حزبێك بوێری بكات و بڵێ من كۆنگرەكەم بەشی زۆری تەرخان دەكەم بە پێداچوونەوە و ڕاستكردنەوەی هەڵەكانم ئەمە دروستترین رێگە و بوێرترین بڕیارە.

جەوهەری گرنگی وتارەكەیشم هەر لەسەر ناكۆكی بوو، دەبێت پارتی بەجدی بیر لە چارەسەری ئەو بابەتانە بكات كە پێ بەرەو ناكۆكی دەنێت، ئەویش پرسی دادپەروەریە لە كایەی حزبی و رۆڵ بەخشین بە لێهاتووی كادیر و خەڵكی دڵسۆز و وەفاداری رێبازەكەی(رێبازی بارزانیی) كە بنەمایەكی پتەوی حزبایەتیە، بۆ ئەمەش دەبێت كۆنگرەی نوێی چارەسەری پێ بێت كە چۆن ئۆرگانەكان زیندوو بكاتەوە و دۆخی حزب لەو چەقبەستوویەی هەیە لە كۆمەڵگا ڕزگار بكات و كۆنگرەكەی ببێتە مایەی گەشەسەندنی ڕۆحیەتی حزبایەتی بەشێوەیەكی نوێتر و ئەمەش لە خزمەتكردنی میللەتەكەدا زیاتر ڕەنگ بداتەوە، چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ تەنیا حزبێكی سیاسی نییە، بەڵكو پێگەیەكی بەهێزی دەوڵەتداری لەسەر شانە و بەرپرسیاریەتی مێژووی ئەم قۆناغەش لە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستانە و میللەت ئەم حزبەی وەك مەرجەعێكی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی دیاری كردووە.

كۆنگرە لە هەموو حزبێكدا بەدیهێنانی رێگەیەكی نوێترە بۆ قۆناغێك، بەڵام بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم كۆنگرەیە چەسپاندنی مێژوویی پڕ سەرەوەرییەتی، كە پێویستە ئەوەندە جەوهەری بێت تەواوی كادیر و ئەندام و لایەنگرانی و میللەتی كورد هەست بەو جەوهەرییەتیە بكەن و كە دوای كۆنگرە ڕەنگی پێوە دەگرێت ئەویش لە پێداگیریی زیاتر لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكان و بابەتی پێكەوەژیان و چەسپاندنی دادپەروەری و پتەوكردنی پایەكانی حكومڕانییەكی دروست و چاكساز و بونیادنانی ئایندەیەكی گەش بۆ نەوەی داهاتوو.