موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رۆژی شەممەی داهاتووی دیاریکرد بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی “ملیۆنی”، کە پێشتر داوای کردبوو لایەنگرانی ئەنجامی بدەن.
موقتەدا سەدر داوا لەلایەنگرانی دەکات لە هەموو پارێزگاکانی عێراقەوە بەرەو بەغدا بڕۆن بۆ پشتگیریکردن لەو خۆپیشاندەرانەی لە دەرەوەی پەرلەمان لە ناوچەی سەوزن.
تاوەکو ئێستا لایەنگرانی سەدر لە ناوچەی سەوز لە بەغدا بەردەوامن لە مانگرتن و، داوا دەکەن پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، بەڵام رکابەرەکانی رەوتی سەدر لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا ئەم داوایە رەتدەکەنەوە، کە ئێستا لایەنگرانی ئەوانیش مانیانگرتووە.
موقتەدا سەدر لە تووتێکدا گوتی: “بڕیاردرا رۆژی شەممەی داهاتوو کاتژمێر ٥ی ئێوارە گردبوونەوە لە گۆڕەپانی تەحریر بکرێت، دواتر بەرەوە گۆڕەپانی ئاهەنگەکان بڕۆن”.
راشیگەیاند، ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکەی رۆژی شەممە دوای دانیشتن و گفتوگۆیەکی زۆر بڕیاری لەسەر درا.
ههروهها گوتیشی: “خۆپیشاندانی داهاتوو بەشێوەیەکی ئاشتییانە دەبێت و لەڕووی ژمارەی بەشداربووانەوە هاوشێوەی نەبووە”.