گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەغدا شەش مانگ هیچ بڕە پارەیەكی نەنارد، لەمساڵیشدا تەنها 400 ملیار دیناری ناردووە، بەڵام حکوومەتی هەرێمی كوردستان بێ دواکەوتن لە حەوت مانگی رابردوودا مووچەی لەوادەی خۆی دابەشكردووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی كردەوە: “لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا، حکوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی پێنج ترلیۆن و 900 ملیار دیناری بۆ دابینکردنی مووچە تەرخان کردووە، لەبەرامبەردا حکوومەتی فیدراڵی تەنیا بڕی 400 ملیار دیناری ناردووە، لەکاتێکدا بەپێی رێکكەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، پێویستبوو مانگانە 200 ملیار دینار بنێرێت”.

لەمبارەیەوە د.جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “حکوومەتی عێراق پێویستبوو بۆ ئەو 7 مانگە، یەک ترلیۆن و 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان  بنێرێت، کەچی  تەنیا 400 ملیاری ناردووە و یەك ترلیۆن دینارەکەی دیكەی نەناردووە، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ دواكەوتن مووچەی دابەش كردووە و دابەشكردنی مووچەش بەردەوامی دەبێت”.

جووتیار عادل ئاماژەی بەوەش دا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشینەی كارەكانی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانە، گوتیشی: “بەغدا پێنج مانگە هیچ بڕە پارەیەكی نەناردووە، بەڵام حکوومەتی هەرێمی كوردستان بێ دواکەوتن، لەو 7 مانگەدا مووچەی لە وادەی خۆی داوە و بێ گومان ئەوەش لە خەمخۆریی حكوومەتە بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران”.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: “مانگانە پێویستمان بە زیاتر لە 900 ملیار دینار هەیە بۆ تەرخانکردنی مووچەی مووچەخۆران، لە داهاتی نەوتدا پێشتر مانگانە 350 ملیۆن دۆلاری بۆ دابینکردنی مووچە خەرج دەکرا، بەڵام بەهۆی ئەو چاکسازییانەی بەگشتی لە کەرتی وزەدا کراوە، ئێستا مانگانە 500 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکوومەت، واتا 150 ملیۆن دۆلار زیادی كردووە”.