وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، ئەو کەسانەی ئاسنی تاوەرەکانی کارەبایان لە چەمچەماڵ ده‌دزی و تەقەیان لە فنجان و تێلەکانی کارەبا ده‌كرد، دەستگیرکران.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌با، دەستگیرکردنیان بە هەوڵ و هەماهەنگیی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی و ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکان بووە.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، دەستگیرکراوەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رادەستی دادگا کراون.

هه‌فته‌ی رابردوو وه‌زاره‌تی كاره‌با رای گه‌یاند، به‌هۆی بردنی ئاسنی تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا و شكاندنی فنجانی تاوەرەکان به‌ فیشه‌ك، مەترسی ئەوە هەیە، تاوه‌ره‌كانی گه‌یاندنی كاره‌با بكه‌ون و پارێزگای سلیمانی ئیداره‌ی گه‌رمیان بێ كاره‌با بن.