وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 97 ملیار دیناری شایستە داراییەکانی جووتیاران دابەشدەکرێت، کە زۆرینەی پارەکە بۆ جووتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەبێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی ئەمڕۆ (8ی ئابی 2022) بە ماڵپەری فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە “بڕی 97 ملیار و 362 ملیۆن دینار هاتووەتە سەر حسابی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بریتییە لە بەشێکی تری شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ ساڵی 2022”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاتر لە 50 ملیار دیناری ئەو پارەیە بۆ جوتیارانی پارێزگای سلێمانی دەبێت و بڕی 30 ملیار دیناری بۆ جوتیارانی هەولێر و 17 ملیار دیناری بۆ جوتیارانی دهۆک دەبێت.

بەگوتەی نەوزاد شێخ کامیل، دوای تەواوبوونی رێکارە کارگێری و داراییەکان، پارەکە بە گوێرەی بەپێی رۆژی رادەستکردنی گەنم بە سایلۆکان، بەسەر جووتیاراندا دابەشدەکرێت.