تەڵا سەیفى قازى
لەت لەتە جەرگم
ئەم شەو ئاخێك تەنیویە ناخى دڵم
سينە ئاگرى گرتووه
فرمێسک لە چاوانم لۆ زەوی بووە
ئاخر مامم ئەمشەو
میوانی بابى بووە.
تەزیوە ئامێزی ژينم
چۆن دامرکێنم کوڵی دڵم؟
ئاو و ئاگر و با
سوجدەيان بردووە
بۆ سێدارەى دڵم.
دەنگى ناڵەی من و مونير و فەوزيە
لەرزاندى چوارشێرى مەهابادم.
هەسته قازى
ئەم شەو میوانت هەیە
به سەيف و سەدر بڵێ
تاقانەكەى تۆ میوانیانە
بڵێ بە فەتاح خان
بسڕێ فرمێسكى گۆشەى باغى چاوى
ئاخر میوانى بۆ هاتووە
كوڕى نيشتمان هاتووە
ئاخ … چۆن بكەم دەرمانى دڵى بريندارم
کاوە و سەردارم بوونە رەشپۆش
هەسته قازى
بكه سەمای دەروێشان
ببزوێنه گەفى باى ترمەى نيشتمان
ئەو شەو عەلى ميوانه
دەنگی دەف و موسیقاى نەى…
سكاڵاى دڵم کۆتایی نایە
ئاڵاى بەرزم كەوته نێوان
ئاسمان و دڵى من
ئەى سەيف بەگوڕێنه به دەنگى بەرزت
كه ئەمشەو كوڕى رەش میوانته
سەيفەکەم،
بەکزەی زامی ناخم
ئاگری گرتووە دڵ
بمدەیە دڵۆپێک له خوێنی پاكى شەهيدت
با دڵ بسرەوێت
راساوە ئاخێک،
راپەڕیوە خەمێک..
گڕی گرتووە ناخى دڵم
ئەمشەو عەلى میوانی چوار چرایه..
بووته هەڵۆى سەربەرزی نيشتمان
باڵى نەخشاوە بە رەنگى ئاڵاى كوردستان
هەسته قازى
ئەم شەو كوڕى رەش میوانتە
2022/7/14









