مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق له‌ په‌یامێكدا داوای له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كرد، پارێزگاری له‌ دامه‌زراوه‌ گشتیی و تایبه‌ته‌كان بكه‌ن.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی كازمی دا هاتووه‌: عێراق به‌ چه‌قبه‌ستنێكی سیاسیی گه‌وره‌دا تێده‌په‌ڕێت. ئه‌گه‌ر هۆشمه‌ندان ده‌ستوه‌ردان نه‌كه‌ن، لێكه‌وته‌ی مه‌ترسیداری ده‌بێت.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: ئێمه‌ هه‌موو رێككاره‌كانمان گرتووه‌ته‌ به‌ر بۆ كۆنترۆڵكردنی ره‌وشه‌كه‌ و پاراستنی ئاسایش و رێگرتن له‌ رژانی خوێنی عێراقییه‌كان.

مسته‌فا كازمی داوایشی كردووه‌، هه‌موو لایه‌نه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ گفتوگۆی سیاسی و ره‌وشه‌كه‌ هێور بكه‌نه‌وه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای نیشتمانی بیر له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكرێته‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌: له‌سه‌ر هێزه‌ سیاسییه‌كان پێویسته‌ به‌رپرسیارێتی نیشتمانی و یاسایی خۆیان بگرنه‌ ئه‌ستۆ. حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر هه‌موو ئه‌ركه‌كانی خۆی جێبه‌جێ ده‌كات سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕینی واده‌ی ده‌ستووریی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت.

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا، مسته‌فا كازمی سێ داواكاری خستووه‌ته‌ڕوو، له‌ یه‌كه‌میاندا داوایكردووه‌ خۆپیشانده‌ران هاوكاری هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بكه‌ن و رێز له‌ دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت بگرن و چۆڵیان بكه‌ن و پابه‌ندی سیستمی گشتیی بن.

له‌  خاڵی دووه‌می په‌یامه‌كه‌دا كازمی داوای له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كردووه‌، پارێزگاری له‌ دامه‌زراوه‌ ره‌سمییه‌كان بكه‌ن و هه‌موو رێگه‌یه‌كی یاسایی به‌كار بهێنن بۆ پاراستنیان له‌ ده‌ستدرێژی.

له‌ خاڵی سێیه‌می داواكارییه‌كانیدا، كازمی بانگه‌وازی لایه‌نه‌كانی كردووه‌ لیژنه‌یه‌ك له‌ نوێنه‌رانی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان پێكبهێنرێت بۆ دانانی نه‌خشه‌ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان.