جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگترین کاروچالاکییەکانی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022ـی حکومەتی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو، و ئاماژە بەوە دەکات، حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

دەقی گوته‌كانی جوتیار عادل:

هاووڵاتییانی خۆشەویست:

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شەش مانگی رابردوودا، چەندین پرۆژەی گرنگی ئەنجامداوە، لێرەدا بە پێویستی دەزانین ئاماژە بە گرنگترینیان بکەین.

لە بواری مووچە، حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینار هەیە بۆ تەرخانکردنى مووچەی مووچەخۆران.

لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، حکومەتى هەرێم بڕی 5 تریلیۆن دیناری بۆ دابینکردنی مووچە تەرخان کردووە، لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵی تەنیا بڕی 400 ملیار دیناری ناردووە، لە کاتێکدا بەپێی رێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا پێویست بوو مانگانە 200 ملیار دینار بنێرێت.

حکومەتی هەرێم لە داهاتی نەوتیش پێشتر مانگانە 350 ملیۆن دۆلاری بۆ دابینکردنی مووچە خەرج دەکرد، بەڵام بە هۆی ئەو چاکسازییانەی کە لە کەرتی وزە بە گشتی کراوە، ئێستا مانگانە 500 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان

لە چوارچێوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە زیاتر لە 136 ملیۆن لیتر گازوایلی بۆ وێستگەکانی کارەبا تەرخان کردووە کە بەهاکەی  زیاترە لە 116 ملیار دینار بووە.

خۆڵ و خاشاک

كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە بواری گرێبەستەکانی کۆکردنەوە و چارەسەری خاشاک، ژمارەی گرێبەستەکانی لە 28 گرێبەست زیاد کردووە بۆ 32 گرێبەست و خەرجی مانگانەی ئەو کۆمپانیایانەی کە گرێبەستیشیان لەگەڵ کراوە، لە 11،8 ملیار دینار کەم کراوەتەوە بۆ 9،6 ملیار دینار.

لە هەرێمى کوردستان، مانگانە 200 هەزار تۆن خۆڵ و خاشاك کۆ دەکرێتەوە و لە 6 مانگی رابردوو ملیۆنێک و 200 هەزار تۆن کۆکراوەتەوە و چارەسەر کراوە.

ئاوی خواردنەوە لە ساڵى 2022

لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 19 هەزار هاوبەشی ئاو لە شارەکان هەیە کە پێوەری ئاو بۆ 719 هەزاریان  بەستراوە.

حکومەتی هەرێم لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، رۆژانە(2.6) ملیۆن مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتیان دابین دەکات، بەمەش لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، زیاتر لە 470 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ هاووڵاتییان دابین کراوە کە تێکڕای خەرجییەکەشی نزیکەی 8 ملیار دینار بووە، لە کاتێکدا ئەو پارەیەی لە هاووڵاتیان وەردەگیرێتەوە، کەمترە لە نیوەی خەرجی دابینکردنی ئاوەکە کە ئەمەش ئەرکى حکومەتە لە بەرامبەر هاووڵاتیانى خۆشەویست.

وەزارەتی تەندروستی

لە سێکتەرى تەندروستیی کە یەکێکە لە سێکتەرە گرنگەکان، گرنگییەکی تایبەت بە بواری تەندروستیی گشتی و کەرتی تەندروستی دراوە، لەو چوارچێوەیەشدا مانگانە 23 ملیار و 450 ملیۆن دینار بۆ ئەو سێکتەرە خەرج کراوە.

لە بواری دەرمان و پێداویستی پزیشکی، بڕی 13 ملیار و 750 ملیۆن دینار و لە بواری دابینکردنی خۆراکیش بۆ نەخۆشخانەکان مانگانە بڕی 4 ملیار و 892 ملیۆن دینار خەرج کراوە.

بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی بەکاربردن لە ناوەندە تەندروستییەکان، زیاتر لە 4 ملیار دینار دابین کراوە.

وەبەرهێنان

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پێشکەشکردنی پرۆژەکان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و لە سێکتەرى وەبەرهێنان کە سێکتەرێکى دیکەى حکومەتى هەرێمە کە گرنگییەکى تایبەتى هەیە و لە 6 مانگی رابردوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە، 44 پڕۆژەی لە سێکتەرە جیاوازەکان لەسەر ڕووبەری 768 دۆنم ئەنجام داوە، کە سەرمایەکەیان 648 ملیۆن و 980 هەزار دۆلار بووە.

سێکتەرەکانیش بە پێی ڕیزبەندی بەم شێوەیەن:

• لە سێکتەری بازرگانی، 14 پڕۆژە بە سەرمایەی 114 ملیۆن و 37 هەزار دۆلار ئەنجامدراوە.

• لە سێکتەری پیشەسازی، 13 پڕۆژە بە سەرمایەی 136 ملیۆن و 554 هەزار دۆلار جێبەجێکراوە.

• لە سێکتەری پەروەردە و فێرکردن، 6 پڕۆژە ئەنجامدراوە بە سەرمایەی 26 ملیۆن و 638 هەزار دۆلار.

• لە سێکتەری تەندروستی، 3 پڕۆژە جێبەجێکراوە بە سەرمایەی 16 ملیۆن و 905 هەزار دۆلار.

• لە سێکتەری نیشتەجێبوون، 3 پڕۆژە بە سەرمایەی 338 ملیۆن و 77 هەزار دۆلار ئەنجامدراوە.

• لە سێکتەری کشتوکاڵیش 2 پڕۆژە جێبەجێکراوە، بە سەرمایەی 7 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار.

• لە سێکتەری گەشتیاری بە سەرمایەی ملیۆنێک و 930 هەزار دۆلار پڕۆژەیەک جێبەجێکراوە.

• لە سێکتەری بانکەکان پڕۆژەیەک بە سەرمایەى 4ملیۆن و 100 هەزار دۆلار ئەنجامدراوە.

• لە سێکتەری وەرزشیش، پڕۆژەیەک بە سەرمایەی 3 ملیۆن و 29 هەزار دۆلار ئەنجامدراوە.

وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى

لە 6 مانگی رابردوو، چالاکى بازرگانى لە هەرێمەکەمان بەشێوەیەکى بەرچاو بەرز بووەتەوە. هەر لەم ماوەیەدا 494 هێما و مۆڵەتی بازرگانی دراوەتە کۆمپانیاکان کە داهاتەکەی 601 ملیۆن و 884 هەزار دینار بووە .

لەم شەش مانگەی رابردوو، هەزار و 675 مۆڵەتی هاوردە و 79 مۆڵەتی هەناردەش دراوەتە کۆمپانیاکان.

پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، تەواو بووە و نزیکەى 260 ملیۆن تۆن گەنم وەرگیراوە کە شایستە داراییەکەی زیاتر بووە لە 220 ملیار دینار و تا ئێستانزیکەى 95 ملیار دینار بۆ جوتیاران خەرج کراوە.

هاووڵاتییانی خۆشەویست، ئەوی خستمەڕوو چالاکییەکان و پرۆژەکانی حکومەت بوو لە ماوەی 6 مانگی ساڵی 2022، ئێمە لەسەر بەڵێنەکانی خۆمانین تاوەکو خزمەتی زیاتر بە ئێوەی بەڕێز بگەیێنین و دڵنیاتان دەکەینەوە کە درێغی ناکەین لە پێشکەش کردنی خزمەتی زیاتر.