سوورە مەرگەیی

پیلانگێڕییەکی وا نەخشەڕێژ لە ئارادایە، زۆر لەوە گەورەترە کە هەندێ کۆلکە شرۆڤەکاری سیاسی و رۆشنبیر، لە چوارچێوەی ململانێی نێوان ئەو لایەن و ئەو لایەن و، باڵادەستی ئەو حزب بەسەر ئەو حزبدا شرۆڤە و لێکدانەوەی بۆ دەکەن، راستە پیلانەکە بەرگی ململانێی نێوان لایەنەکان و باڵادەستی حزبەکانی بەسەر یەکتردا بەبەردا کراوە، ئەویش بۆ ئەوەی بە ئاسایی وەربگرێ و هەستی پێنەکرێ، ئەگەرنا پیلانەکە لەلایەن دوژمنان و داگیرکارانی کوردستانەوە داڕێژراوە و هەر ئەوانیش سەرپەرشتی دەکەن و دەیانەوێ کورد وا خافڵگیر کە بتوانن ئامانجەکەیان بپێکن، دەبا بپرسین: مەترسی و پیلانگێڕییەکە چییە؟.

ئەگەر بە دیقەت لەو پیلانگێڕییەی بەڕێوە دەچێ وردبینەوە، تێدەگەین کە بە بەرنامە کار لەسەر کوشتنی هزر و بیری نەتەوەیی دەکرێ، لەو بارەشەوە چەندین بەڵگەی حاشا هەڵنەگر لەبەر دەستدان و لە خوارەوە ئاماژەیان بۆ دەکەین.
١ــ بە ئاشکرا پەلاماری رەمزە مێژووییەکان دەدرێ و بە بەرنامە کار لەسەر بێ بەهاکردنی پیرۆزییەکانی وەک خاک و ئاڵا و ئەی رەقیب دەکرێ، ئێ.. خۆ خاک و ئاڵا و ئەی رەقیب شکۆی نەتەوەیین و موڵکی تایبەتی هیچ حزب و لایەنێک نین، تا بەناوی ململانێی حزبی کار لەسەر بێ بەهاکردنیان بکرێ.
٢ــ راستە ململانێکە بەرگی دژایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی بەبەردا کراوە، ئەوەش پەیوەندی بەو ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیانەوە هەیە کە لە بارزانیی نەمر بۆمان بەجێماوە و سەرۆک بارزانیش لە پێناو هێنانەدیان تێدەکۆشێ، ئەگەر وا نییە! چی حزبە بەناو ئیسلامی و چەپ و سۆشیال دیموکراتەکان کۆ دەکاتەوە؟ ئەی چی بانگخوازە توندڕەو و بەناو چالاکوان و شرۆڤەکارە سیاسییە نەرمونیانەکان کۆدەکاتەوە؟ ئەوەی لەوانەش زیاتر جێگای پرسیارە، هەموو ئەو دژانە بوونە سێبەری سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی و ناوە ناوە باوەشی هاوسۆزی و هاپەیمانی بە یەکتریدا دەکەن و، ئەگەر سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی بپژمن، ئەوان دەست بە سمێڵ و دەم و لوتیاندا دێنن.
٣ــ لە هەر شوێنێک باسی خەباتی رزگاری نیشتیمانی و سەربەخۆیی کوردستان بکرێ کە مافێکی سەرەتاییە، ئەوان دەبنە عێراقچی عەیار بیست و چوار و کورد گوتەنی: کوچک لە ئاگر گەرمتر و لە عەرەب عەرەبتر، بەگژ خەباتی رزگاری نیشتیمانی و خواستی سەربەخۆیی کوردستاندا دەچنەوە،
بە خستنەڕووی ئەو چەند خاڵە گەیشتینە ئەو دەرەنجامەی، کە ئەوەی ئەو حزب و لایەن و بانگخواز و چالاکوان و چاودێرە سیاسییانە دەیکەن، کوشتنی هزر و بیری نەتەوەیی و نیشتیمانییە و دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان نەخشەیان بۆ کێشاوە و ئەرکی جێبەجێ کردنیشی بە ئەوان سپێردراوە، لێرەدا بەپرسین: لە بەرامبەردا و بۆ پووچەڵ کردنەوەی ئەو پیلانە مەترسیدارە، دەبێ کوردپەروەر و شۆڕشگێڕان چی بکەن؟

دەرکەوت ئەو رەوتە دژە نەتەوەیی نیشتیمانیەی لە باشووری کوردستان بڵاو کراونەوە، دەستی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستانیان لە پشتە و رێنمایی و هاوکاری تەواویش دەکرێن، ئەوەش دەرکەوت کە لە رێگەی ئەو رەوتە تێکەڵە لە فکرە و ئایدیا جیاوازەکان بە بەرنامە ئاراستەی دژایەتی پێکردنی پارتی دەکرێن، ئەوەش وەک ئاماژەم بۆ کرد، پەیوەندی بەوەوە هەیە کە پارتی رابەرایەتی بەرەی کوردایەتی و هزر و بیری نەتەوەیی و نیشتیمانی دەکات، کوردیش دەڵێ: هەموو دەردێک دەرمانی هەیە، هەموو دەردێکیش بۆ دۆزینەوەی جۆرەکەی و ئاستی مەترسییەکەی دەبێ پشکنینی بۆ بکرێ، دوای پشکنین و دۆزینەوەی جۆرەکەی و ئاستی مەترسییەکەی، دەبێ هەوڵی چارەسەری بدرێ، ئێمەش بە بەڵگەی سەلمێنەر پشکنینمان بۆ پیلانگێڕیەکە کرد و، زانیمان کە دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان ڤایرۆسی دژایەتی کردنی هزر و بیری نەتەوەیی و نیشتیمانیان لە پرۆسەی سیاسی کوردستاندا بڵاو کردۆتەوە، ئەوەش لە کوردپەروەران بە گشتی و شوێنکەوتووانی راستەقینەی رێبازی بارزانی نەمر، دەخوازێ بۆ لەناوبردنی ئەو ڤایرۆسە کوشندەیە بە بەرنامە و لەژێر رۆشنایی رێبازی بارزانیی نەمر و بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی سەرۆک بازانی کار لەسەر گەشەکردنی هزر و بیری نەتەوەیی نیشتیمانی بکەین، نەک بە وێنەی سێڵڤی و خۆ نمایش کردنی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.