محمد نادم
ئێمە دەبێ بزانین سەرکەوتن و سەرنەکەوتن بەڕۆشتنی کات نەبێت پێیناگەی خوێندنەوەی شیعریش لە کەشێکی ئارام نەبێت تێیناگەی بۆ خزمەتی فەرهەنگ و کەلتوری وڵاتەکەت نەوەستان باشترە لە وەستان دڵت بووەستێ خۆشترە لەوەی پێگەو ناوت بووەستێ؛هەر شاعیرێک توانای داهێنانی نەبوو سەرقاڵی کارێکی تر بێت باشتره.

وەک دەزانین شیعر بەهرەی دەوێ بۆ هەر بەهرەیەکیش هونەری پێویستە ئەگەر شیعر لایەنی ناڕوونی ڕوون نەکاتەوە پێی ناگوترێ شیعر، چونکە شیعر ئەو هێزەیە کە دەتوانێ دڵخۆشیی دوژمنانت تەنگ بکات و ئاوێکیش بە دڵە پڕ حەسرەتەکاندا بکات، هەندێ جار بەیتێکی شیعری سەدەیەک دەوترێتەوەو نەوە لە دوای نەوە پەندو ئامۆژگاری لێوەردەگرن، وڵات شاعیرێکی قازانج نەویست و پێشبینیکەرو داناو خۆڕاگرو چاونەترسی دەوێ، بۆ شاعیر گرنگە کەسێکی زۆر خۆش بوێ، لە هەمانکاتدا ڕقێکی بێپەردەشی هەبێ بۆ کەسانێک کە مرۆڤایەتیان شەل کردووە.

بیریشمان نەچێ هۆکاری شێت بوون و یاخی بوونی شاعیر بۆ ڕێزنەگرتنی قەدرو بەهای بەرهەمەکانی دەگەڕێتەوە،
بەڵێ، دونیای شیعر و هونەری خەیاڵاتی شاعیرانە ڕووی له بچوک بوونەوەیە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نزمی دیواری شیعر، ئەدیبان باشتر دەزانن دیواری شیعر نزمەو هەموو کەسێک دەستی دەگاتێ لەبەرئەوە هەرکەسەو چەند وشەیەک دەلکێنێ بەیەکەوە بەبێ فلتەر ناوی شاعیریش لە خۆی دەنێت، من چەند جارێک لەگەڵ شاعیران دانیشتوم پرسیارم ئاڕاستەکردوون بەڵام ئەفسوس وەڵامەکانیان جێگەی داخە، بۆ نمونە: بە شاعیرێکم گوت چ ڕێبازێک دەنوسی؟ گوتی: کلاسیزم. گوتم: واتای چیه؟ گوتی: نازانم! بە شاعیرێکی ترم گوت چ ڕێبازێک دەنوسی؟ گوتی: سوریالیست. گوتم: واتای چیه؟ گوتی: نازانم! چەندین شاعیری تر کە پێمگوتون چ ڕێبازێک دەنوسن نەیانزانیوە واتای ڕێبازەکەی چیە!

بەجدی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی خودی شاعیرەکەو پاشان بێفلتەری وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەکان کە ساڵانە سەدان کتێب چاپ دەکرێ بێئەوەی ڕووانین بۆ ڕێزمان و ڕێبازەکەی بکرێ. من وەك سەرۆکی (لقی ئەدیبان) لە ڕێکخراوەکەی خۆمانەوە (ڕێکخراوی دەنگی گەنجان بۆ پەرەپێدا)هەوڵی ئەو فلتەرەمداوە کە لاوەکانمان هۆنراوەکانیان بخەنە ژێر دەستی ئێمە و ڕاڤەی بەهرەکانیان بکەین تا ئێستا بێبەرامبەر چەندین هەڵەچنمان بۆ کتێبە شیعرییەکان کردووەو خۆشبەختانە ئێستا پێگەی خۆیان لە ناو ئەدیباندا هەیە.

تۆی شاعیر کە ناتوانی ئەکادیمی بنوسی و پەیامی جوان پێشکەش بکەی نەنوسی باشترە لەبەرئەوەی سبەی دەبیتە کۆسپ بەسەر خۆتەوە، گەر مەلەوانێکی باش نەبیت لە ناو دەریای زانستدا شەپۆلی بێئومێدی دەتخنکێنێ، بێزاربوین لە دووبارەبوونەوەی ناوو داستانی (شیرین و فەرهاد) و (لەیل و مەجنون) شەکەتبوین لە واقعی تاڵ و قەصیدەی چەند پەڕەیی ، ئێستا سەردەمی فەزایە نوسەر پێویستە بۆ چاوی سێیەم بنوسێ، کاتێک ڕێبازی (پەڕناسیزم) دروست بوو دژ بە ڕێبازی ڕۆمانسیزمەکان وەستایەوە چونکە ڕۆمانسیزمەکان زیاد لە پێویست خۆیان بۆ لایەنی خودی خۆیان تەرخان کردبوو. من چەند جارێک لە حیوارەکانمدا باسم کردووە ئەگەر هەروا هەڵبەستی لاواز بخوڵقێ دووبارە ڕێبازی (دادایزم) زیندوو دەبێتەوە، ڕێبازی (دادا) لە ساڵی 1916 کە دروست بوو دژ بەهەموو ڕێبازەکان وەستایەوە لەماوەی ساڵێکدا هەموو ڕێبازەکانی تری وەستاند.(دادا) یەکەم شکانی خود ئاگایانەبوو هەموو ئەو واتایانە دەدات کە لە ئەسڵدا هیچ واتایەک نادات. دادایزم دەیویست کارێک بکات بۆ ئەوەی جەماوەر بڵێن هیچ تێناگەین، هەرچەند تەمەنی ئەم ڕێبازە کورت بوو بەڵام زوو چووە ناو دامەزراوەی هونەری جیهانییەوە. جا خوازیارم بنوس بە لۆژیکی بنوسێ خزمەتێک و بەهایەک بۆ گەلەکەی بەرهەم بهێێ… لە کۆتاییدا ئەوە دەڵێم: باهێندە خزمەت بکەین کە (مردین نەمر بین).