وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 26ـی 07ـی 2022 چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندی نەخۆش دەرکرد.

لە نووسراوەکەی وەزارەتی تەندروستی کە واژۆی سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لەسەرە و گشتاندنی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی کراوە، هاتووە، لەبەر بەرژەوەندی نەخۆش و باشترین خزمەتگوزاری چارەسەری و ڕەچاوکردنی مافی نەخۆش سەرجەم نەخۆشەکان بەگشتی و نەخۆشخانە و بەشەکانی فریاکەوتن ئاگادار بکەنەوە پێویستە بۆ دانانی ئێشکگری بۆ پزیشکانی پسپۆڕ و پزیشکەکانی نیشتەجێی دێرین و خولاو پابەندی ئەم خاڵانەی خوارەوە بن:-

1- مانگانە خشتەی ئێشکگری بە فەرمانی کارگێڕی دەربچێت و هەڵبواسرێت.

2- لە کاتی گۆڕینەوە پێویستە زووتر بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانە و سەرۆک بەش و سەرۆکی پزیشکان ڕەزامەندبن و ئاگاداربن و بڵاو بکرێتەوە.

3- پێویستە پزیشکی ئێشکگری پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین لە کاتی ئێشکگری بەردەوام لە نەخۆشخانە بێت و نابێت لە دەرەوەی نەخۆشخانە بێت.

4- نابێت پزیشکی پسپۆڕی ئێشکگری یان نیشتەجێی دێرین لە کلینیکی تایبەتی خۆی یان لە نەخۆشخانەی تایبەت بێت لە ڕۆژی ئێشکگری.

5- بەکارهێنانی هێلەکانی پەیوەندی (ڤایبەر، وەتسئەپ و تەلەفۆن) بۆ ڕاوێژکردنی ناچاری لە ئێشکگری بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە بۆ چارەسەرکردن، بەڵکو پێویستە ئێشکگری ئامادە بێت بۆ بینینی نەخۆس، نابێت پزیشکانی نیشتەجێی خولاو یان دێرین ئەم دیاردەیە لەگەڵ ئێشکگرییەکان بهێنن.