شێرکۆ حەبیب

ساڵانی هەشتاکان هەردوو رژێمی عێراق و تورکیا رێککەوتنێکیان واژوو کرد کە هەردوو وڵات سنووری یەکدی ببەزێنن بۆ دەسگیرکردنی پێشمەرگەو جەکدارانی پ ک ک، واتە دەسگیری کردنی هاووڵاتی خۆیان، هەر چەندە چالاکییەکانی پێشمەرگە لە ناو خاکی کوردستانی عێراق بوو و بنگە و بارەگاکانی هەروەها لە ناو خاکی کوردستان بوو یا هەندێکیان نزیک سنووری ئێران بوون، بەڵام مەبەستی هەردوو رژێم لەناوبردنی دەنگی گەلی کوردستان بوو بەتایبەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، خەونەکەیان نەهاتە دی وا ئەمرۆ کورد لە عێراق بەشدارە لە دەسەڵات و حکومەت و پەرلەمانێک و سەرجەم دام و دەزگاکانی حوکمرانی هەیە لە سایەی خوێنی شەهیدان و خەباتی پێشمەرگە قارەمانەکانی.

ئەمرۆ کوردستان سەرەڕای هەموو رەخنەو و نارەزایەک بەڵام ئاوەدان و سەقامگیر و ئاسایش بەرقەراە و ئازادی و مافی مرۆڤ پارێزراوە، بوونی ئەمانە و کاری خزمەتگوزاری وای لە نەیاران کردوە کە بیکەنە ئامانج و تێکدانی بارودۆخە، هەر رۆژەی ئەم وڵات و ئەو وڵات بە مووشەک و تۆپ و بێ فرۆکەوان بە بیانووی جیا جیا پاساو بۆ ئەو هێرشانە دێنەوە کە دژی سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان و یاسای نێوەدەوڵەتییە. و تەنانەت تا ئیستاش ئەم رێککەوتنە ماوە بەڵکو لەساڵی ٢٠١٧ لە دوای گشپرسی سەرۆک وەزیرانی عێراقی ئەو کات رێککەوتنەکەی نوێ کردوە.

هەڵبەتە لاوازی دەسەڵاتی عێراقی و کاریگەری هەندێ وڵاتی دراوسێ لەسەر کارەکانی بۆتە هۆکاری ئەوەی نەتوانێت هەڵوێستێکی توند وەربگرێت، لە لایەکی دیکە بوونی چەکدارانی پ ک ک لەو ناوچانە رێگا بە تورکیا دەدات کەوا هێرش بکات بۆ سەر خاکی کوردستان و خەڵکی سیڤیل ببنە قوربانی و گاوڵکردنی گوند و دێهاتی ناوچەکە، لێرەدا دەبێ ئاماژە بەوە بکەین کەوا کوردستان دەرگای کراویە بۆ هەر لێقەوماوێک یا پەناهەندەیەک بەڵام بەو مەرجەی رێز لەسەروەری هەرێم و دانشتوانی بگرن و نەبنە هۆکار بۆ گەیاندنی زیان.

بوونی چەکدارانی پ ک ک لە خاکی کوردستانی عێراق دژە یاسایە جونگە کوردستان تا ئیستا بەشێکە لە عێراق و ئەوەی بێتە ناو ئەو هەرێمە دەبێ بەرێگای یاسای بێت و نەک خۆ سەپاندن بە هێز و چەک.

ئەوەی لێرە جێگای پرسیار و سەرنجە بۆ چی تا ئیستا هیچ چالاکییەکی چەکدارانی پ ک ک لە کوردستانی تورکیا بەدی ناکرێت، بۆ رژێمی تورکیا رۆژێک گوندێکی کوردستانی ئەو وڵاتەی نەکردە ئامانج، ئەگەر چەکدارانی پ ک ک هەموو خاکی کوردستان بە گۆرەپانی خەباتی خۆیان دەزانن بۆ کوردستانی تورکیایان جێ هێشتووە، بۆ لە کوردستانی سوریا چالاکییان نییە، بۆ چی کوردستانی ئێرانیان فەرامۆش کردوە، تەنیا خۆیان لە ناو کوردستانی عێراق حەشار داوە دژی ئەزموونی دیموکراتی ئەم هەرێمە، لێرەدا زۆر پرسیار دێتە ئارا کە لەگەڵ دوژمنان یەک ئامانج و یەک هەڵوێستیان هەیا لە باربردنی هەرێمی کوردستان هەر بۆیەش لە لایەن ناحەزان لە سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە هاوکاری دەکرێن.

لێرەد دا گرنگە کەوا چەکدارانی پ ک ک کوردستان چۆڵ بکەن و گۆرەپانی راستەقینەی ئەوان ناو خاکی تورکیا یا دەبێ رێز لەسەروەری و تایبەتمەندییەکان و یاساکانی هەرێم بگرن و کوردستانی عێراق نەکەن بە گۆرەپانی مڵملانێی نێوانیان و رژێمی تورکیا، کە هەر دوو لا هاوران لەسەر ئەوەی ململانێکانیان لە دەرەوەی سنووری تورکیا بێت.

حکومەتی عێراق پێویستە پابەندی دەستوور بێت و لەگەڵ حکومەتی هەرێم گرفتەکان بە گوێرەی دەستوور و لێک تێگەیشتن چارەسەر بکات و هەموو هەوڵێکی خۆی بەکار بێنیت کەوا هەموو هێزێکی بیانی لە عێراق نەمێنن بە هەر ناوێک بێت بەتایبەتی هێزەکانی وڵاتانی ناوچەکە کە لە زەرەرو زیان هیچی تریان بۆ عێراق و دانشتوانی ناوێت.