د. سامان سۆرانی
دبلۆماسیەتی گشتی لە سەدەی بیست و یەکدا بووە بە بوارێکی گرینگ، یان ڕوونتر بڵێین، بووە بە کۆڵەکەی بونیادنانی پەیوەندیە نێودەوڵەتییەکان.

دبلۆماسیەتی گشتی ئەو ئامرازە سەردەمییانەە بەکاردەهێنێت، کە لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و هاوکاری نێوان گەلان دامەزراوە.

ئەم شێوە دبلۆماسیەتە تاکەکانی کۆمەڵگە هان دەدات، بەرپرسیارێتی دامەزراندنی پەیوەندییە نافەرمییەکانی وڵاتەکەیان بۆ کاروباری دەرەوە لە ئەستۆ بگرن، تا لە ڕێگەیانەوە ئامانجە دوورمەوداکان و ئاڵۆگۆڕی زانیاری و ئەزموونی خەبات دەستەبەربکرێت و وێنەی دەروونی ئەرێنی لای گەلان درووست بێت، بە مەبەستی بەڕێوەبردنی دیالۆگ لەگەڵ هاوڵاتی وڵاتانی بیانی، ئەمەش بۆ نموونە لەڕێگەی ئامرازە میدیاییەکان، یان لە ڕێگەی بڵاوکراوەئینتەرنێتییەکان دەکرێت.

بۆیە بە دیبلۆماسیەتی گشتی دەوترێ دبلۆماسیەتی نافەرمی هاوڵاتی، کە ئامانجی بەدەستهێنانی ڕێکەوتننامە یان پەیماننامە نییە.
ئەم هێزە نەرمە بە زانست و ڕۆشنبیری ئاست بەرز درووست دەبێت، بۆیە حکومەتی هەرێمی كوردستان گرینگییەکی زۆر بەو شێوە دبلۆماسیەتە دەدات.
ئەوەی زۆر جار لە زاری سەرۆکی حکومەت، ڕێزدار مەسرور بارزانی، لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی دەرچووانی زانکۆکان لە هەرێمی كوردستان بیستراوە، ئەوەیە، کە پێویستە لاوان ڕۆڵێکی پێشەنگ بگێڕن بۆ دەستەبەرکردنی پلانە ستراتیژەکان و بەرنامەی کاری حکومەت، چونکە ئەوان بزوێنەر و خاوەندی ئەم نیشتمانەن و لەڕێگەی توانای لاوان دەکرێت هەرێمی كوردستان ببێت بە ناوەندێکی ئابوری و بازرگانی و وەبەرهێنان بۆ عیراق و ناوچەکە.
ئەم گرینگی پێدانەی سەرۆکی حکومەت بە لاوان بەڵگەیە بۆ گرینگیپێدان بە دبلۆماسیەتی گشتی، تاوەکو ئایندیەکی باشتر چاوەڕوانی هەمووان بێت.
واتە گرینگی دان بە دبلۆماسیەتی گشتی لەسەر ئاستی زانکۆ و پسپۆڕمەندییەکان بابەتێکی پێویستە، چونکە لە ڕێگەی دبلۆماسیەتی گشتی دەکرێت وێنەی حکومەت جوانتر بەرجەستەبێت، بە تایبەتی لە دەرەوەی جۆگرافیای هەرێم.
فەراهەمکردنی زانیاری بۆ تاك و دامەزراوە گشتیی وتایبەتەکان و نبۆ ڕۆژنامە و ئامرازەکانی تری گەیاندن و میدیایی، کر سیاسەتەکان و ئامانج و چالاکییەکانی حکومەت بەیەکەوە گرێ دەدەن، کاریگەری ئەرێنییان دەبێت لەسەر هەڵوێستی گشتی و جێ بەجێکردنی سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتەکان.
ئەمەش ڕەهەندەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی دەرەوەی دیبلۆماسەیەتی کلاسیك دەگرێتەوە، بە مەبەستی ئاراستەکردنی ڕای گشتی لە دەوڵەتەکانی تر و کارتێکردن لە گروپەکانی تایبەت و بەرژەوەندییەکانی هەر دەوڵەتێ لە دەوڵەتێکی تر و بەهێزکردنی پرۆسەکانی گەیاندنێکی کارا لە نێوان کەلتوورەکان.
خسڵەتی ئەم شێوە دبلۆماسیەتە ناناوەندیە نەرمی نواندن و توانایەتی بۆ درووستکردن و نمايشکردنی وێنەی جیاواز.
دبلۆماسیەتی گشتی سەرکەوتوو بە دوو ئاراستەی سەرەکی گەیاندن ئەنجام دەدات: یەکەم چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و دووەم بەهێزکردنی لێکتێگەیشن و ڕێزلێگرتنی دوولایەنە لە نێوان حکومەت و جەماوەر.
بڵاوبوونەوەی ئامرازەکانی گەیاندنی جیاواز و تایبەت، بەتایبەتی ئامرازەکانی گەیاندن لە ڕێگەی ئینتەرنێت و هەموو جۆرە ئامرازە سەردەمییەکان هاوکاربوون لە زیادکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و گواستنەی کەلتوورە کۆمەڵگەییەکان.
بۆیە دبلۆماسیەتی گشتی زیرەك پێویستی بە تێگەیشتنێكی تەندروست هەیە لە بڕواپێدان و ڕەخنە لەخۆگرتن و بەهێزبوونی ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی لە بەرهەمهێنانی هێزی نەرم.
ئەگەر دبلۆماسیەتی گشتی لە ئاستی پڕوپاگەندە بمێنێتەوە، ئەوا نە تەنها لە قەناعەتکردن بە بەرامبەر شکست دەهێنێت، بەڵکو هێزی نەرمیش لاواز دەکات.
بە هۆی جێ بەجێکردنی سیاسەتی ژیرانەی سەرکردایەتی كوردستانی حکومەتی هەرێمی كوردستان نەچۆتە ناو گومڕایی سیاسەتی پەرچەکردار بەرامبەر بە هەموو ئەو شتانەی ڕووبەڕووی بۆتەوە، هەروەها حکومەتی هەرێمی كوردستان نەخزاوەتە ناو سیاسەتی جەمسەرگیری.
دبلۆماسی ئارام و دبلۆماسی گشتی ڕەهەندێکی تایبەتی بەخشییە هەرێم لەوەرگێڕانی وتەکان بۆ بواری جێبەجێکردن و ڕاکێشانی وڵاتانی دراوسێ، دوور لە هەر ناکۆکی و ململانێیەکی سیاسی، بۆ گەیشتن بە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە گرینگن بۆ ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.
کەواتە دبلۆماسیەتی گشتی ئامرازێکە، توانایی دەخاتە بەردەست مرۆڤ، بۆ ئەوەی مرۆڤ بە مێشکێکی کراوە بیر بکاتەوە و باوەڕی بە دەستاودەستکردن بێت و پشکداربێت لە گۆڕینی کەسی بەرامبەر بە شێوەیەکی بەرهەمدار و داهێنەرانە.
مێژوو فێری کردین، کە بیرۆکە بەپیتەکان و ئەزموونە بێوێنەکان و مۆدێلی سەرکەوتوو لە هەر شێوێنێ بێت موڵکی سەرجەم مرۆڤایەتییە، جا لە چ سەرچاوەیەك هەڵقوڵابێت و چ شارستانیەتێ کاری تێ کردبێ.
لە کۆتاییدا دەڵێین: ناسنامەی ئێمە ئەو شتە نییە، کە لەبیرمان بێت و بیپارێزین یان بەرگری لێ بکەین، بەڵکو ئەو شتەیە، کە ئێمە بە باشترین شێوە ئەنجامی دەدەین.
واتە ناسنامەی ئێمە ئەوەیە، کە ئێمە لە ڕێگەی جیهانەوە و بەهۆی پەیوەندییەکانمان و لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕمان لەگەڵ کەسانی تر وەری دەگرین و بە هێز و توانای خۆمان درووستی دەکەین.

پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان