گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هێرشەکەی ئەمشەوی کێڵگەی گازی کۆرمۆر رایگەیاند، داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین، رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ سنووردانان و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشە تیرۆریستیانە.

جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لەلایەن میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا ئەنجامدراوە.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتوندی ئیدانەی هێرشەکەی کرد و گوتی: “داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین، رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ سنووردانان و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشە تیرۆریستیانە”.

“ئامانجی ئەو دەستدرێژییانەش کە چەندین جارە دووبارە دەبنەوە، تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەموو عێراق و گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستانە.” ئەمەش بەشێکی دیکەی قسەکانی جوتیار عادل بوو.

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لە دوو مانگی رابردوودا، چوار جار هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر.

هێرشەکەی ئەمشەو دوای ئەوە دێت، کە رۆژی 25ی مانگی حوزەیرانی رابردوو (مانگێک پێش ئێستا) بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم سەردانی ناوچەکەیان کرد و بڕیاردرا، هێزی ئەمنی زیاتر دابینبکرێت بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.

کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە لە ساڵی 2007 ەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵەوە، هەریەک لە کۆمپانیاکانی دانەگاز و هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن.