قوتابییەك: پرسیارەكانی ئەمساڵ وەها دانرا بوون، كە قوتابی نمرەی بەرز نەهێنێ‌
قوتابییەك: هەتا بڵێی هۆڵەكەمان گەرم بوو راستە فێنككەرەوە هەبوو، بەڵام سوودی نەبوو
بەڕێوەبەری هۆڵێكی تاقیكردنەوە: ئەوانەی پەنا دەبەنە بەرگزی پێویستیان بە هێلی ئەنتەرنێت نییە كارەكەیان بە سیستەمی لاسلكی ئەنجامدەدەن.
سەرپەرشتیارێكی پەروەردەیی: ئەمساڵ ئامێری ئاشكراكردنی بلوتوس لە هۆڵەكانی تاقیكردنەوە نەبوو كە ساڵانی رابردوو دوو سەرپەرشتیار ئامێرێكیان هەبوو.

خەبات: رۆشنا عەلی:- تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12 ی ئامادەیی ساڵانە بە كێشەو كەم و كوڕییەكی زۆرەوە ئەنجامدراون و كۆتاییان پێهێنراوە، هەر ساڵەو بە جۆرێك هەر لە پرسیاری هەڵەو كێشەی قەرەبووكردنەوەو فرۆشتن و كڕینی پرسیارو…هتد بۆ ئەمساڵ خەبات لە راپۆرتێكی مەیدانی كێشەو كەم و كوڕییەكانی تاقیكردنەوەكانی ئەمساڵ دەخاتە روو لە زاری قوتابیانی هەردوو بەشی زانستی و وێژەیی بەڕێوەبەری هۆڵ و سەرپەرشتیارەوە.

*ئەمساڵی خوێندن بەبەراورد بە ساڵانی رابردوو بێ‌ كێشە بوو ،بەڵام قوتابییەك قسەیەكی جیاوازی هەیەو لەم بارەیەوە بۆ خەبات گوتی: ساڵێكی خوێندنی سەختمان بەڕێكرد ، چونكە دوو ساڵی رابردوو بە هۆی كۆرۆناوە ئێمە زۆر لە بابەتەكان نەگەشتبووین و نەمانتوانی مامۆستای تایبەت بگرین ، بەڵام سوودمان لەو مامۆستایانە بینی كەلە یوتوب وانەكانیان پەخش دەكرد، هەرچەندەهەندێكیان زۆر وردەكاری باس ناكەن ، بەڵام مامۆستای بەویژدانیش هەیە كە زۆر بە وردی باسی بابەتەكە دەكات و رەچاوی ئەوە ناكات كە خۆی قوتابی تایبەتی هەیە ئێمە مامۆستامان هەبووە لە پۆل ریكلامی بۆ خۆی كردووەكە گوایە بە ملیۆن و نیوێك وانە بە قوتابی تایبەت دەڵێتەوە.

*دەربارەی پرسیاری تاقیكردنەوەكانیش كە ئایا چ جیاوازییەكی لەگەڵ ساڵانی رابردوو هەبوو قوتابییەك گوتی: هەندێك فكرەی نوێ‌ لە تاقیكردنەوەكاندا هەبوون ، بەڵام بە گشتی ئەگەر پرسیارەكان خوێندبێت و لەگەڵ قوتابخانە چاو پێدا خشاندبێت تێدەگەیت بیرۆكەكان نوێ‌ نین ، بەڵام بە حكومی ئەوەی ئێمە هەر بەرێكراین لەپۆلی 10-11 بە گشتی خراپین ئێستا لە پۆلێكدا قوتابیمان نییە تێكرای نمرەكانی 95 بێت لەبەر ئەوەی ئاستی قوتابی بە تەواوی دابەزیوە، بابەتی كوردی لە تاقیكردنەوەكاندا زۆر گران بوو ، بیركاری پرسیار هاتبۆوە دوو بەشیان تێكەڵكردبوو كە پەیوەدنی بە داتاشراو هەیە و پرسیاری هەڵەش هەبوو لە بیركاری كە شەش نمرەی لەسەر بوو، قوتابییەكی كچ لەبەشی زانستی گوتی: پرسیارەكانی ئەمساڵ وەها دانراوە كە قوتابی نمرەی بەرز نەهێنێ‌ چەند قوتابی چاككردنی تێكڕامان هەبوو كەنەیانتوانی لە نمرەی پار زیاتر بهێنن و هەر نمرەكەی پاریان لا باشتربوو زۆرترین چوونە دەرەوە لە كوردی بوو.

*دەربارەی ئەوەشی ئایا پرسیارەكان هی مەلزەمە بوون یان كتێب و ئەوان گرنگییان بە كامیان دا قوتابییەكی كچ لەبەشی زانستی گوتی: هەندێك مامۆستا كە مەلزەمە دادەنێن زۆر باشە ،بەڵام كە مامۆستای مەكتەبەكەی خۆت داینێ‌ سەرەڕای ئەوەی گرانیشە هیچ سوودێكیش لەو مەلزەمەیە نابینی مەلزەمەیەكی وشكە تەنها پرسیارەكانی حەلكراوە، تێبینی و وردەكاری تێدا نییە، من پشتم هەم بە مەلزەمەو هەم بە كتێب بەست و ئەو پرسیارانەشی بڵاو دەكرایەوە لە پەیجەكان رێك راست دەرچوون، لە هەر مەكتەبێك مەلزەمەی خۆیان پێ ئەفرۆشنەوە نایەڵن هیچ مەلزەمەیەكی تر بە كار بهێنی.

*دەربارەی هۆڵی تاقیكردنەوەكانیش قوتابییەك گوتی :هەتا بڵێی هۆڵەكان گەرم بوون راستە فێنككەرەوە هەبوو ، بەڵام هیچ سوودی نەبوو.
*سەرپەرشتیارێكی پەروەردەیی ئاماژە بەوە دەدات كە لەو هۆڵانەی ئەو سەرپەرشتی كردووە تاقیكردنەوەكان ئاسایی بەرێوەچوون مامۆستا یوسف ئەحمەد سەرپەرشتیاری پسپۆڕی زمانی كوردی بۆ خەبات گوتی: بە قسەی قوتابیەكان برسیارەكانی ئەمساڵ زۆر قورس بووە، بەڵام هیچ بلوتوزمان نەگرت یان گزی هەروەها ڕێنماییە توندەكانی وەزارەت وەك هەبوونی ناو لەسەر پرسیارەكان و دابەشكردنی سۆما دوای سەعات و نیوێك كاریگەری باشی هەبوو لەسەر كەمكردنەوەی دیاردەی گزی ، بەڵام بە پێچەوانەی ساڵانی رابردوو دوو سەرپەرشتیار ئامێرێكی ئاشكراكردنی بلوتوزمان هەبوو، بۆ ئەمساڵا ئەو ئامێرە نەبوو.
دەبوو ئەو ئامێرە هەبوایە ئەگەرنا دەبوو وەزارەت ئەو گروپەی كە قوتابی تاقیكردنەوەی لێدەكرد كۆدێك لەسەر سۆماكەی هەبوایە ئەو كات بلوتوس هیچ كاریگەرییەكی نەدەماو پۆلیس و ئاسایشیش نەبوو بۆ پاراستنی هۆڵە ئەزموونییەكان.

*دەربارەی كێشەی قوتابیش ئەو سەرپەرشتیارە گوتی: لەرۆژی یەكەم قوتابیەكمان ناوی نە بوو ئەوەش لە رووی دەروونی بۆ قوتابیەكە زۆر ناخۆش بوو هەرچەندە ئێمە هەوڵماندا هێمنی بكەینەوە و دڵنیایمان پێ دا ،چونكە دوای سعاتێك ئینجا پرسیارمان بۆ ترتیب كرد ، لەكاتێكدا دە بێت وەزارەت ڕێنمایی هە بێت بە خێرایی ئەم كێشانە چارەسەر بكات نە ك دوای سعاتێك قوتابی لە قلقی بهێڵێتەوە.تێبینییەكی تریش ئەوەبوو كەدەبوو یاریدەدەری هۆڵەكانیش بگۆڕایە وەك پار،بەڵام ئەمساڵ نەیانگۆری لە كاتێكدا بەرێوەبەرەكانیان سێجار گۆڕی.

دەبارەی دەنگۆی كرین و فرۆشتنی پرسیار مامۆستا یاسین ئەحمەد مامۆستاو بەڕێوەبەری هۆڵ لە تاقیكردنەوەكانی ئەمساڵی پۆلی 12 بۆ خەبات گوتی :بەبەراورد بە ساڵانی رابردوو دەنگۆی كڕین و فرۆشتنی پرسیار زۆر كەمتر بوو، لەگەڵ ئەوەش قوتابی هەبوو ئەم كارەی كردبوو و بلوتوزی هێنابووە نێو هۆڵی تاقیكردنەوەكان ،بەڵام بەهۆی پشكنین لێیگیرا، دەكرێ بڵێین ئەم دیاردەیە زۆر كەم ببووە ئەمەش بەهۆی ئەو میكانیزمە نوێیەی وەزارەتی پەروەردە گرتبوویەبەر بۆ دانانی پرسیارەكان ونەبوونی گروپ لەسەر پرسیارەكان.

پرسیارەكانی ئەم ساڵ بەبەراورد بە ساڵانی رابردوو لە هەندێك بابەت قورستر بوو، بە تایبەتی لە هەردوو بابەتی بیركاری و بایلۆجی، ئەو هۆڵانەی من بەرێوەبەری بووم زۆرترین (شەتب) لەم دوو بابەتە بوو، بە گووتەی قوتابیەكان پرسیارەكان ئاڵۆزبوون و هەندێك لە پرسیارەكان دوو وەڵامی زۆر نزیكی هەبووە . بەڕای من نمرەی بەرز‌ ئەو ساڵ كەمتر دێت بەبەراورد بە دوو ساڵی رابردوو ، چونكە قوتابیە زیرەكەكان دەیانگووت نمرەی تەواومان پێنایەت.

بەشێوەیەكی گشتی كەشی تاقیكردنەوەكان ئارام بوو، من وەك بەڕێوەبەری هۆڵ و هاوڕێ نزیكەكانم لە هۆڵەكانی نزیكە خۆم تووشی گرفت نەبووین و كارەكان زۆر بە باشی بەرێوەدەچوو، بەڵام بەرای من پێویستە وەزارەتی پەروەردە بیر لە میكانیزمێكی دیكە بكاتەوە لەجیاتی بڕینی ئەنترنێت لەسەر ئەم هەموو خەڵكە، چونكە ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر گزیش پێویستیان بە هێلی ئەنتەرنێت نییە بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە ، چونكە كارەكەیان بە سیستەمی لاسلكی ئەنجامدەدەن و ئەمەش پێوستی بە ئەنتەرنێت نییە ، دەكرێ ئامێری تایبەت و پێشكەوتوو بەكار بێت بۆ بڕینی ئەنتەرنێت لەسەر هۆڵەكانی تاقیكردنەوە نەك لەسەر تەواوی خەڵكی بەهۆی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان.

قوتابیان بۆ خەبات دەدوێن