گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م واده‌ی ده‌ستپێكی ساڵی نوێی خوێندن 2022-2023 له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یاند.

سامان سیوه‌یلی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ڕایگه‌یاند: بە بڕیاری (ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە) ڕۆژی سێشەم ڕێکەوتی 13ی 9ی 2022 دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی (2023-2022) دەبێت لە هەرێمی کوردستان.

ڕاشیگه‌یاند: سێ ڕۆژی سەرەتا دەوام بەرنامەیەکی تایبەت دەبێت بۆ گشت ناوەندەکانی خوێندن، کە پاشتر وەردەکارییەکەی بە گشتاندنێک بۆ ناوەندەکانی خوێندن دەنێردرێت.

سه‌رله‌ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م ئالان حه‌مه‌ سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاندبوو: له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە بڕیاردرا پڕۆسه‌ی خوێندنی ساڵی نوێی  له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ 13/9 ده‌ست پێ بكات.