وەزارەتی كارەبا ئاشكرای دەكات، هۆكاری كەمبوونەوەی كارەبا لە چەند رۆژی رابردوودا تەكنیكی بووە و جەختیش دەكاتەوە، ئێستا كێشەكە چارەسەر كراوە و 400 مێگاوات كارەبا گەڕێندراوەتەوە بۆ نێو تۆڕی نیشتمانی.

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان رايگەیاند: “لەم چەند رۆژەدا گرفتێكی تەكنیكی هەبوو، زیاتر لە 400 مێگاوات كارەبا كەمی كردبوو، ئەمەش وای كرد كارەبا كەم بێتەوە و دۆخەكە ناجێگیر بێت، بەڵام تواندرا ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت و 400 مێگاواتەكە ئێستا گەڕاوەتەوە نێو تۆڕی نیشتماینی كارەبا”.

ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا بەهۆی بەرزیی پلەكانی گەرماوە، خواستێكی زۆر لەسەر بەكارهێنانی كارەبا هەیە، گوتیشی: “ئێستا بەرهەمی كارەبامان سێ هەزار و 500 مێگاواتە، بەڵام خواست لەسەرووی چوار هەزار و 500 مێگاواتە”.

گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا ئاشكراشی كرد، لەگەڵ ئەوەی خواستێكی زۆر لەسەر كارەبا هەیە، بەڵام تواندراوە بڕە كارەبایەكی باش بدرێت، گوتیشی: “ئێستا لەم وەرزەدا 14 بۆ 16 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دەدەرێتە هاووڵاتییان، ئەو 14 بۆ 16 كاتژمێرەش دابەشبوونەكەی بەپێی ناوچە گەرم و فێنكەكانە و بڕەكە ی لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە دەگۆڕێت”.

ئومێد ئەحمەد جەختی كردەوە: “وەزارەتی كارەبا بۆ زیادكردنی بەرهەمی كارەبا لە هەوڵەكانی بەردەوامە و چەند پڕۆژەیەكیش ئامادە دەكرێت، بۆ ئەوەی تەواو بكرێن و بخرێنە نێو تۆڕی كارەبای نیشتمانی”.