سه‌لام عه‌بدوڵڵا

لەوە ناچێت ئۆپۆزسیۆن – گەر بە ڕاستی نازناوی ئۆپۆزسیۆنی بدەینێ – لە مانا و چەمکی ئۆپۆزسیۆن حاڵی بووبێت، دەنا هەرجارەو بە بەرگێک و بە شێوەیەک خۆی نەدەنواند و لاسایی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتان و گەلانی تری نەدەکردەوە.

سەیر، کە بەهاری عەرەبی لە وڵاتانی تونسەوە سەریهەڵدا، لێرەش، کە لە سلێمانییەوە، نوقڵانەی بەهاری کوردی لێدرا، وا چاوەڕواندەکرا – بەپێی بۆچوونی هەڵسووراوانیان- لێرەش کتوپڕ دەست پێبکات؟! و تەخت و تاراجی وڵاتمان لەناو ببات! کە هەر زوو دەرکەوت کۆپییەکی سەقەت و نادروست بوو.

ئۆپۆزسیۆن بە مانا سیاسییەکەی بریتییە لەو حزبانەی کە دەسەڵاتیان لە حکوومەتدا نییە و بەشداری حکوومەت و دەسەڵات نین.

بەڵام لێرە ئۆپۆزسیۆن تەنیا ئەوانە نین کە بەشداری دەسەڵات و حکوومەت نین، بەڵکوو تێکەڵەیەکە لە هەموو جۆرێک، تەنانەت ئەوانەی خۆیان و حزبەکانیشیان بەشداری دەسەڵاتن و تەنانەت ناحەز و دوژمنی هەرێم و دەستکەوتەکانی و ئاژاوەچی و تێکدەریش رۆڵی کاریگەری تێدا دەگێڕن کە مەبەستیان نە چاکسازی و نە ڕەخنە و نە پێشنیارە بۆ حکوومەت، بەڵکوو تەنیا بۆ رووخاندنی هەرێم و دەستکەوتەکانیەتی، کە ئەمانە هیچی ناچێتە بابی ڕۆڵی کاریگەر و ئەرێنی ئۆپۆزسیۆنەوە.

راستە هەرێمەکەی ئێمەش بێ کەموکوڕی نییە و پێویستی هەمیشەیی بە چاکسازی و دژایەتی گەندەڵی و نادادی هەیە، بەڵام ئەوە بە تێکدان و داڕمان و رووخاندنی قەوارەی هەرێم نایەتە دی، بەڵکوو ئەوە ئامانجێکی گەورەی دوژمنان و ناحەزانی ئەم هەرێمە بەرجەستە دەکات، بەڵام بە دەست و بازوو و هێزی ناوخۆمان، بۆیە ئیدی دەبێ هەموو جموجۆڵێکی سەرشەقام، کە زۆرجار دەگاتە ئاژاوەگێڕی، وەک کارێکی ئاسایی ئۆپۆزسیۆن و ئازادی ڕادەربڕین سەیر نەکرێت و بە یاسا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

خەباتی ئێمە لە چوارچێوەی عێراقدا بۆ چەسپاندنی مافەکانی گەلەکەمانە کە لە دەستووردا دیاری کراوە، بۆیە خەبات و تێکۆشانی ئێمە لەگەڵ ئەوەی لە عێراقیشدا دەژین، جیاوازە لە داواو ئاواتی بەشەکانیتری خەڵکی عێراق، کە رەنگە ئەوان و داواکانیان بۆ مەبەستێکی تر بێت، بەتایبەتی کە لە هەموو جووڵەیەکی شەقامدا هەستی پێدەکرێت کە زۆر جیاوازە لە داواو خواستی ئێمە.

مەسەلەی ئەوان هەرچییەک بێت، مەسەلەی ئێمە خاک و نەتەوە و ئەو دەستکەوتانەیە کە خەریکن بە چەندین شێوە لێمان زەوت بکەن.

بۆیە ئۆپۆزسیۆنی ئێمەش دەبێ ئاگاداری ئەو ڕاستییە بێت، دەنا ئەوان و سەرجەم هەرێمیش زەرەرمەند دەبین. ئێرەش نە تونسە و نە سریلانکا.