بە بۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە گوتارێکدا باس لە گرنگترین کار و چالاکییەکان دەکات و ئەمەش دەقی گوتەکەیەتی:

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، یەکێکە لەو وەزارەتانەی زۆرترین خزمەتگوزاری پێشکەشی هاووڵاتیانی کوردستان دەکات.

لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، چەندین خزمەتگوزاریی گەورە و پڕۆژەی گەورە، پێشکەشی هاووڵاتیان کراوە. لەوانەش: ئەنجامدانی پڕۆژە گرنگەکانی ڕێگاوبان لە شارە گەورەکان، وەک شەقامی 150 مەتری لە هەولێر و  100 مەتری لە سلێمانی و شەقامی بارزان لە دهۆك.

بەگەڕخستنی كارگەی چارەسەری خاشاكی سلێمانی و ئامێدی و كاركردن لەسەر 4 كارگە لە شارەكانی (هەولێر، چەمچەماڵ، زاخۆ، سەیدسادق) كە كاریگەریی گەورەیان لەسەر پاراستنی تەندروستیی گشتی و ژینگەی كوردستان هەیە.

ڕۆژانە لە ڕێگەی 81 پڕۆژە و 5 هەزار و 787 بیری ئاوەوە، 2 ملیۆن و 684 هەزار و 606 مەتر سێجا، ئاوی پاكی خواردنەوە بەرهەم دەهێنرێت، ئەمە جگە لەوەی لە ڕێگەی پڕۆسەی تەنكەرینەوە، ئاوی پاك دەگەیەنرێتە گوند و ناوچە دوورەدەستەکان.

لەم ماوەیەدا ملیۆنێک و 19 هەزار و 4 مۆڵەتی خزمەتگوزاریی كردنەوەی هاوبەشی ئاومان بە هاووڵاتییان داوە.

بە گوژمەی نزیكی 382 ملیار دینار، كۆمەڵێك خزمەتگوزاریی دیکەمان پێشكەشی هاووڵاتییان کردووە، وەك كڕينى کەرەستەکانى پاككەرەوە بۆ بەرهەمهێنانی ئاو، بەرەنگاربوونەوەی وشكەساڵی و دابینكردنی ئاو بە شێوەی تەنكەرین.

هەزار و 122 پڕۆژەى گەورە و بچووک و مامناوەندمان لەسەر داهاتی فەرمانگەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان بە گوژمەی زیاتر لە 68 ملیار دینار جێبەجێ کردوون.

هەروەها 393 پڕۆژەی تریشمان بە گوژمەی زیاتر لە 3 تریلیۆن دینار لە گشت سێكتەرەكان و لە سەرجەم شارەکانی کوردستان لە باری جێبەجێکردندان.

داهاتمان لە ساڵی 2021 بە بەراورد بە ساڵی 2019، بە ڕێژەی 18.2% زیادکردووە، لەبەرامبەریشدا هەوڵى کەمکردنەوەی خەرجیمان داوە، بۆنموونە لە گرێبەستەکانی کۆکردنەوە و چارەسەری خاشاک، سنوورى كۆكردنەوەی خاشاكمان فراوان کردووە و ژمارەی گرێبەستەكانیشمان لە 28 گرێبەستەوە گەیاندووەتە 32 گرێبەست، بەمەش تێچووی گرێبەستەكانمان لە 12 ملیارەوە کەم کردووەتەوە بۆ 9 ملیار دینار.

سەرەڕای پەتای کۆرۆنا و کەرەنتین و قەیرانەکان، ڕێژەى گەشتیاریمان لە 3 ملیۆن گەشتیار لە ساڵی 2019 بۆ 4 ملیۆن گەشتیار لە ساڵی 2021 بەرزبووەتەوە.

گرێبەستی كردنەوەی گەورەترین پاركی شوێنەوار و گەشتیاریـمان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە بە درێژایی 130 کیلۆمەتر لە شوێنەوارەكانی: خنس، جەروانە، فایدە، بەنداوە، هەڵامەتە دەستپێکردووە کە مۆزەخانە و سەنتەری ڕۆشنبیری و باخچە و چالاكیی تر لەخۆ دەگرێت و بڕیارە لە مانگی 10ـی ئەمساڵ بكرێنەوە.

بەدەر لەمەش ئەم شانسەمان بەر کەوت کە شوێنەواری بێستان سوور لە عەربەت بدۆزینەوە وەك یەكەم گوندی نیشتەجێبوون و كشتوكاڵكردن و بەخێوكردنی ئاژەڵ كە بە كۆنترین گوندی شوێنەواری دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان.

بۆ باشترکردنی ئیشوکاری هاووڵاتيیان، 37 یاسا و ڕێنمایی و ڕێکارمان لە بوارەکانی شارەوانی و ئاووئاوەڕۆ و شوێنەوار و کەلەپوور وگەشتوگوزار و نەخشەدانانی ئاوەدانى هەموار و دەرکردووە، ئەمە بەدەر لە جێبەجێکردنی 8 پڕۆژە لە بواری تەکنۆلۆجیای زانیاری و پەرەپێدانی بەڕێوەبردنی دیجیتاڵ و هەڵنانی 13 هەنگاوی کرداری بۆ ڕێکخستنەوەی داهات و بەکارهێنانەوەی ئەو داهاتە بۆ خزمەتی هاووڵاتیيان و ئەنجامدانی 216 خول بۆ پەرەپێدانی توانای مرۆیی و واژووکرنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئاژانسی جایکای ژاپۆنی، بەمەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر و پڕۆژەی هەمواری ماستەرپلانی شاری هەولێر کە لەم مانگەوە هەردووکیان چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانیمان لە دەڤەرەکانی ڕاپەرین، سۆران و زاخۆ  کردوەتەوە. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی گه‌شتوگوزارمان لە هه‌ڵه‌بجه‌، سۆران و زاخۆ دامەزراندووە بۆ ئەوەی خزمەتکردنى زیاترى هاووڵاتیان.

لەگەڵ هێنانەکایەی یەکەی گۆڕینی کارت بۆ سەنەدی زەوی، کە کاریگەریی گەورەی هەبوو لەسەر خێراکردنی پڕۆسەی بەناوکردنی ئەو زەویانەی کە بە شێوەی کارت دابەشکرابوون .

فەرمانگەی 8ـی حەسارۆکمان کردەوە، ئەوەش بەمەبەستی سەرپەرشتیکردنی ڕێگەپێدانی بینا و گەیاندنی خزمەتگوزاری بەو کەرتە لەگەڵ کردنەوەی سەنتەری GIS   بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر و کارکردن لەسەر بنەمای ئەو پڕۆگرامە.