بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر ئەو یاسایانەی بڵاوکردەوە کە لەسەر ڕێگەی خێرای 120 مەتری هەولێر پەیڕەویان لێ دەکرێت و ڕایگەیاند، “پێویستە شۆفێران پابەند بن”.

ئەمڕۆ هەینی 15 ی تەمموزی 2022، هاتووچۆی هەولێر ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوەو تێیدا هاتووە، ” كە لەچەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو یاسایانەی  ڕێگای خێرا كە ئاماژەیان پێكراوە، لەسەر شەقامی 120 مەتری پەیڕەو دەكرێن”.

ئاماژە بەوەش کراوە، ” سەرجەم شۆفێران پابەند دەكرێن یاساكان وەكو خۆی جێبەجێ بكەن لەپێناو سەلامەتی گشتی، هەر شۆفێرێك سەرپێچی بكات، سزای یاسایی دەدرێت”.

ئەو یاسایانەی كە لەلایەن هاتووچۆی هەولێرەوە بڵاوكراوەتەوە، بەم شێوەیەن:

1/ لەكاتی سەركەوتن لەدەروازەكانی شەقامی خێرا، دەبێت شوفێران لەسایدی تاودان بمێننەوەو خێراییەكانیان زیادبكەن، تاكو دەگاتە خێرایی شەقامەكە، ئینجا بێنە رێڕەوی خێرا، لەسەر شوفێرانی سەر ڕێگای خێرا ئەركە ئاسانكاری بۆ شوفێران بكەن بۆهاتنە ناو شەقام و پێشینە بۆ كەس نییە لەو حاڵەتە.

2/ دەبێت شوفێران رێڕەوی ئەوپەڕی چەپ تەنها بۆ تێپەڕاندن بەكاربێنن و نابێت بەبەردەوامی لەسەر بڕۆن.

3/ مانۆڕی تێپەڕاندن دەبێت بەتەنها لەلای چەپ ئەنجامبدەن لە ئۆتۆمبێلەكانی تر، وە بەهیچ شێوەیەك لولخواردن و هەوڵی تێپەڕاندن لەلای ڕاست ڕێگاپێدراو نییە.

4/ دەبێت بەبەردەوام ماوەیەكی بێوەیی جێبهێڵدرێت لەنێوان ئۆتۆمبێلەكان كە ئەگەر ڕۆیشتنەكە بە ئەوپەڕی خێرایی ڕێگاپێدراوبێت، لەوحاڵەتە ماوەكە كەمتر نەبێت لە 100مەتر یان 3 چركە.

5/ دەبێت بارهەڵگرەكان لەڕێڕەوی ئەوپەڕی ڕاست بڕۆن و بەخێراییەك كە ئەوپەڕی 80 كم بێت لەكاتژمێرێك.

6/ ماتۆڕسكیلی سێ تایەو پایسكل و مۆپید قەدەغەیە شەقامی خێرا بەكاربێنن لەژێر هەر بیانوییەك بێت.

7/ بەكارهێنانی مۆبایل و ئامێرەكانی پەیوەندی لەكاتی لێخوڕین لەشەقامی خێرا، یان هەر شەقامێكی تری ئاساییش بەهەموو شێوەیەك قەدەغەیە.

8/ پەڕینەوەو ڕۆیشتنی پیادەكان لەسەر شەقامی خێرا بەهەموو شێوەیەك قەدەغەیە.

9/ هەموو وەستان و بەیەكتر گەیشتن و چاوەڕێكردنێك بۆ ئۆتۆمبێلەكان قەدەغەیە، تەنها لەحاڵەتی وەستانی لەناكاو نەبێت، كە ئەویش دەبێت بەپێی بنەماكانی هاتووچۆ بێت و لەلای ڕاستی شەقام بێت و فسفۆڕی ئاگاداركردنەوە دابنرێت لەدوای ئۆتۆمبێلە وەستاوەكە.

10/ دەبێت ئەو بارهەڵگرانەی شەقامی خێرا یان هەر شەقامێكی تر بەكاردێنن، بەباشی بارەكانیان ببەستنەوە و رەچاوی بەرزی و بەرینی بارەكان بكەن، كە لەسنوری یاسایی بێت.

11/ هەموو كڕین و فرۆشتنێك لەسەر شەقامی خێرا قەدەغەیە و هەركەسێك ئەو كارە بكات سزادەدرێت.

12/ لەكاتی دەرچوون لەشەقامی خێرا دەبێت بەر لە یەك كیلۆمەتر ئامادەكاری بكرێت بە گرتنی لای ڕاستی ڕێگایەكە، وەڕۆیشتن بەهەمان خێرایی تاكو دەگەنە مەودایەكی زۆر نزیك لەدەرچە، ئینجا خێراییەكان كەم بكەنەوە و لەشەقامەكە دەربچن بەبێ ئەوەی دەرچوونەكەیان كار بكاتە سەر شوفێرانی تر و ناچاریان بكات كەوا ڕێڕەویان بگۆڕن، یان خێراییان كەم بكەنەوە.

13/ بەهەموو شێوەیەك پێشبڕكێكردن و نمایشكردن و سەركێشی كردن قەدەغەیە.

14/ نابێت گۆڕینی ڕێڕەو لەوپەڕی چەپ بۆ ئەوپەڕی ڕاست بەیەكجار بكرێت و بەپێچەوانەوەش، بەڵكو دەبێت ڕێڕەو بەرەبەرە بەپێی ڕەخسانی هەلی گونجاو بگۆڕدرێت.