رێبەرى رەوتى سەدر 10 داواکاریی ئاراستە ئەو لایەنانە کرد کە دەیانەوێت حکومەت پێکبهێنن، لەوانە: دووبارە رێکخستنەوەى حەشدی شەعبی و هەڵوەشاندنەوەى گرووپە چەکدارەکان، دوورکەوتنەوە لەوەى بەرپرسیارێتى بدرێتە ئەو کەسانەى پێشتر تاقیکراونەتەوە. داوایشی لەو لایەنانە کرد کە بەئاشکرا گەندەڵکارەکانیان سزا بدەن.
ئەو پەیامەى موقتەدا سەدر لەرێگەى مەحموود جەیاشی خوێندرایەوە کە گوتاربێژى “نوێژى هەینیى یەکگرتوویی” بوو کە ئەمڕۆ 15ـی تەممووزى 2022 لە شەقامى فەللاح لە ناوچەى سەدرى بەغداى پایتەخت بەڕێوەچوو.
لەو پەیامەدا موقتەداسەدر داواى لەو لايەنەنانە کرد کە دەیانەوێت حکومەت پێكبهێنن پێویستە پەيوەست بن بە داواکاریەکانیانەوە لەوانە کردنە دەرەوەى “داگیرکاران بەڕێگەى دیپلۆماسی و دووبارە نەکردنەوەى ئەزموونى حکومەتەکانى رابردوو و تۆبەکردنیان لە رێگەى سزادانى گەندەڵکارانیان بەشێویەکى ئاشکرا.” گوتیشى، “داوا لە کوتلە سیاسییەکان دەکەم بەتایبەت کوتلە شیعەکان تۆبە بکەن لە رێگەى سزادانى گەندەڵکارانیانەوە لە سایەى دادگەیەکى پاک و بێگەرد کە بە سیاسى نەکرابێت.”
سەدر داوایکرد ئەزموونکراوان لە دەسەڵات جارێکى دیکە ئەزموون نەکرێنەوە تاوەکو “نەهامەتییەکانى رابردوو دووبارە نەبنەوە.”
لە پەیامەکەیدا موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوە کردبوو، “من گوتەبێژى مەرجەعیەت نیم، کە دەرگەى بەرووى سیاسەتمەداراندا داخستووە، بەڵام داواى لێخوشبوونیان بۆ دەکەم لەلاى مەرجەعیەت ئەگەر تۆبە بکەن.”
یەکێک لە داواکارییەکانی دیکەى سەدر پەیوەست بوو بە هێزە ئەمنییەکان و جەختیکردەوە کە حکومەتێکى بەهێز لە عێراق پێکناهێندرێت ئەگەر چەک لەدەستى دەوڵەت نەبێت و گرووپى چەکداری لەدەستدەرچوو هەبن. گوتیشی، “پێویستە سەرجەم گرووپە چەکدارەکان هەڵبوەشێندرێنەوە و ئەگەر داگیرکاران هاتنەوە ئەوکاتە پێکیان دەهێنینەوە.”
موقتەدا سەدر داوایکرد حەشدی شەعبی لە دەستوەردانى دەرەکى دووربخرێتەوە، لە جەنگى تایفی دەرەکى تێوەنەگلێندرێت و لە بازرگانیکردن دووربخرێتەوە. گوتی، “دەبێت حەشدی شەعبی دووبارە رێکبخرێتەوە ئەوانەى نا رێکخراون بکرێنە دەرەوە و دووربخرێتەوە لە دەستوەردانى دەرکى و بەکارهێنانیان بۆ جەنگى تائیفى.”
یەکێک لە داواکارییەکانى دیکەى رێبەرى رەوتى سەدر لەو پەیامەدا ئەوە بوو کە “پێویستە رێز لە سوپاى عێراق و پۆلیس بگیرێت و رێگرى بکرێت لە دەستدرێژیکردنە سەریان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە و لە دەستوەردانى دەرەکى دوور بخرێنەوە.”
10 خاڵەکەى نێو پەیامی موقتەدا سەدر:
یەکەم: کردنە دەرەوەى ئەو هێزانەى داگیرکارانەى کە ماون بە رێگەى دیپلۆماسی و پەرلەمانى، ئەمە یەکەم مافى گەلە کە بەئازادى و سەربەخۆ بژى دوور لە داگیرکارى و کۆتوبەندەکانى، هێزى سەربازى و دەستوەردانەکانى.
دووەم: بەڵێن بدەن بە گەل کە حکومەتی داهاتوو وەک ئەوانی پێشوو نابێت، بۆیە دەڵێم یەکەم هەنگاوى تۆبەکردن ئەوەیە کە گەندەڵکارانیان سزا بدەن بەئاشکرا و بەبێ دوو دڵى. داوا لە کوتلە سیاسییەکان دەکەم بەتایبەت کوتلە شیعەکان کە تۆبە بکەن و گەندەڵکارانیان سزا بدەن، لە دادگەیەکى پاک و بێگەرد و بە سیاسینەکراو یان دادگەیەک کە بە بەژنى گەندەڵ و گەندەڵکاران بڕدرابێت.
سێیەم: من گوتەبێژى مەرجەعیەت نیم، بەڵام هەمووان دەزانین کە مەرجەعیەت دەرگەى بەڕووى سەرجەم سیاسەتمەداراندا داخستووە بەبێ جیاوازى، ئەمە لەنگییە بۆ سیاسەتمەدارانى شیعە بەتایبەت، بۆیە داواى لێبووردنیان بۆ دەکەم لەلاى مەرجەعیەت لەپاش تۆبەکردن.
چوارەم: زۆرینەیان بڕوایان بەوە نییە کە خۆشەویستیی وڵات لە بیروباوەڕەوەیە، بۆیە تێڕوانینیان دەرەکییانەیە، داوا دەکەم رەگى خۆشەویستیى نیشتمان داکوتن و مامەڵە لەگەڵ وڵاتانى دیکە بەوشێوەیە بکەن، کە ئەوان مامەڵە دەکەن، لە رووى دیپلۆماسی و کۆمەڵایەتى و ئابوورییەوە، دەست لە دواکەوتەیی بێزارکار هەڵبگرن.
پێنجەم: ناتواندرێت حکومەتێکى عێراقى بەهێز پێکبهێندرێت لەسایەى چەک و گرووپى چەکدارى لەدەستدەرچوو، بۆیە پێویستە هەموویان بوێریان هەبێت و هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم گرووپە چەکدارییەکان رابگەیێنن، ئەگەر داگیرکاریش گەڕایەوە، ئەو کات ئەو هێزانە پێکدەهێنینەوە.
شەشەم: بەناوى خۆم و حەشدی شەعبیەوە سوپاسى دانیشتووانى ناوچە ئازادکراوەکان دەکەم لە مووسڵ، ئەنبار، سەڵاحەدین و دیالە، کە ئێمەیان قبووڵ بوو وەک ئازادکەر، کە ئەگەر هاوکاریى ئەوان نەبووایە ئەو ناوچە داگیرکراوانە ئازاد نەدەکران، بۆیە حەشدی شەعبی منەتى بەسەریانەوە نییە، لێرەوە و بۆ پاراستنى بەها و ناوبانگى حەشدی شەعبی پێویستە دووبارە رێکبخرێتەوە و پاک بکرێتەوە لە ئەندامە لادەرەکانى و نابێت جیاوازى بکرێت لەنێوان ئەندامانى حەشدی شەعبی و سەرکردەکانیان لەڕووى ئیمتیازاتەوە، دەبێت حەشدی شەعبی دوور بخرێتەوە لە دەستوەردانى دەرەکى و تێوەگلانى لە جەنگى تایفی یان دەرەکى. حەشدی شەعبی دووربخرێتەوە لە کارى سیاسی و بازرگانیکردن.
حەوتەم: هەموومان ئەو دەستەواژەیەمان بیستووە کە دەڵێت تاقیکراوە، تاقیناکرێتەوە، بۆیە تاقیکراوەکان نەگەڕێننەوە، چونکە بەردەوام دەبێت لە خراپەکانى، نامانەوێت نەهامەتییەکانى رابردوو دووبارە ببنەوە، وڵات بفرۆشرێت و رووداوى سپایکەر و سەقلاویە و زۆرى دیکە لە دەستەبەرە گوماناوییەکان دووبارە ببنەوە، ئەوە جگە لە گوێڕایەڵ بوون بۆ رۆژئاوا یان رۆژهەڵات و بەردەوامى نەهامەتى گەل.
هەشتەم: سوپا و پۆلیسى عێراق پێویستە رێزیان لێ بگیرێت و خوێنیان پارێزراو بێت و خوێنڕشتن قەدەخە بکرێت و دەستدرێژیکردنە سەریان رابگیرێت لەلایەن گرووپە چەکدارەکان و ئەو کەسانەشی کە بانگەشەى شۆڕش دەکەن و پێویستە بخرێنە پێش هەموو یەکەکانى دیکە و دووربخرێنەوە لەدەستوەردانى دەرەکى چونکە هێزەکەیان هێزى عێراق و گەلەکەیەتى.
نۆیەم: گرنگیدان بە دانیشتووانى ناوچە ئازادکراوەکان و دوورخستنەوەى گرووپە چەکدارەکان و بازرگانە گەندەڵکارەکان لەو ناوچانە، دەبێت ئەو ناوچانە لەسەر دەستى دانیشتووانەکەى بونیات بنرێنەوە و گرنگى بەناوچەکانى نێوەڕاست و باشوور بدرێت کە بەدەست کەمیی خزمەتگوزارییەکانەوە دەناڵێنن.
دەیەم: شەهیدانى عێراق، بەتایبەت شەهیدانى تیرۆر و داگیرکارى و شەهیدانى خۆپێشاندانەکان و بەندکراو و دەرکراوانیان، پێویستە ئاوڕیان لێ بدرێتەوە.
رووداو









