نی ڕووچی

بۆ ماوەیەک، زۆرجار هەندێک لە هێزەکانی دژە چین بە پرسەکانی پەیوەست بە شینجیانگ هێرشیان دەکردە سەر چین. درۆیان لەبارەی “جینۆساید- كوشتنی به‌ كۆمه‌ڵ” “چه‌وساندنه‌وه‌ی ئایینی” و “کاری زۆرەملێ” هەڵبەستووه‌. هێرشیان کردە سەر سیاسەتی شینجیانگی حکومەتی چین و تۆمه‌تیان دایه‌ پاڵ و هەوڵیان دا چین بە خراپەكار ناوببه‌ن. بەڵام درۆ هه‌ر درۆیە تەنانەت ئه‌گه‌ر سەد جاریش دووبارە ببێته‌وه‌. ئەوەی کە ئه‌وان بەڕاستی گرنگییان پێدەدەن موسڵمانەکانی شینجیانگ نین، نە ئازادی و مافه‌كانی مرۆڤی گەلی چین، بەڵکو به‌ خراپ نیشاندانی چینە بۆ سنوورداركردنی سه‌ركه‌وتنه‌كانی چین. کەواتە ڕاستییەکە چییە؟ ژیانی موسڵمانان لە شینجیانگ چۆنە؟

ئەوەی پێی دەوترێت “جینۆساید”
رێککەوتننامەی رێگریکردن و سزادانی تاوانی كوشتنی به‌ كۆمه‌ڵ (جینۆساید)، کە لە ساڵی ١٩٤٨ لەلایەن کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەندکراوە، پێناسەیەکی ڕوونی جینۆساید دەخاتە ڕوو – ئەو کردارانەی کە بە مەبەستی لەناوبردنی تەواوی یان بەشێکی نەتەوەیی، كه‌مه‌ نەتەوەیی، ڕەگەزی یان كۆمه‌ڵه‌ی ئایینی. ڕاستیه‌كان لە شینجیانگ چین؟ حکومەتی چین بەپێی یاسا مافی ئویگورەکان و هەموو كۆمه‌ڵه‌ کەمینە نەتەوەییەکانی دیکە لە شینجیانگ دەپارێزێت. ئەم ڕاستییە بە پێچەوانەی ئەو تۆمه‌ته‌ هه‌ڵبه‌ستراوانه‌یه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی دژه‌ چین بڵاوده‌كرێنه‌وه‌.
لە ڕووی دیمۆگرافییەوە (توێژینه‌وه‌ی سه‌رژمێری دانیشتوان)، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دامەزراندنی هەرێمی ئۆتۆنۆمی شینجیانگ ئویگور لە ساڵی ١٩٥٥ەوە، ژمارەی دانیشتوانی ئویغور لە ٣٦٠٧٦٠٠ کەسەوە بۆ ١١٦٢٤٣٠٠ کەس لە ساڵی ٢٠٢٠دا زیادی کردووە، ئەمەش ئاستێکی بەرزی گەشەکردنی بە گشتی پاراستووە، کە ئه‌مه‌ش زۆر زیاترە لە تێکڕای ڕێژەی گەشەی ساڵانەی نیشتیمانی کەمە نەتەوەییەکان كە دەگاتە 0.83 له‌ هه‌مان ماوه‌دا. ڕێژەی مردنی کۆرپەلە لە 40% لە ساڵی 1949 بۆ 0.675% لە ساڵی 2020 دابەزیوە. تێکڕای تەمەنی چاوه‌ڕوانكراو لە کەمتر لە 30 ساڵەوە بۆ 74.7 ساڵ زیادی کردووە.
لە ڕووی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دامەزراندنی کۆماری چینی میللیه‌وه‌ لە زۆر بواردا لە شینجیانگ چه‌ندین ده‌رئه‌نجام بەدەست هێنراوه‌ كه‌ جێگەی دەستخۆشیه‌. لە ساڵی 1952 تا ساڵی 2020، كۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆیی شینجیانگ لە 791 ملیۆن یوان بۆ 1.38 تریلیۆن یوان زیادی کردووە، هه‌روه‌ها بەرهەمی ناوخۆیی هەرێمی بۆ هه‌ر تاکێک لە 166 یوان بۆ 53,593 یوان زیادیکردووە. لە ساڵی ١٩٤٩ دا، شینجیانگ تەنها ١ کۆلێژ و ٩ قوتابخانەی ناوەندی و ١٣٥٥ قوتابخانەی سەرەتایی هەبوو. تەنیا لە سەدا ١٩.٨ی منداڵانی تەمەنی خوێندن لە قوتابخانە ده‌یانخوێند و ڕێژەی نەخوێندەواریش لە سەدا ٩٠ زیاتر بوو. له‌ ساڵی ٢٠٢٠ دا، شینجیانگ باخچەی منداڵانی لە هەموو گوندەکاندا هەبوو، هەروەها ٣٦٤١ قوتابخانەی سەرەتایی، و ١٢١١ قوتابخانەی ناوەندی ئاسایی، ١٤٧ قوتابخانەی پیشەیی ناوەندی (بەبێ قوتابخانەی پیشه‌یی لێهاتوو)، و ٥٦ دامەزراوەی خوێندنی باڵا لە سەرانسەری هەرێمەکەدا. ڕێژەی تەواوکردنی خوێندنی ناچاری بۆ نۆ ساڵ زیاتر لە سەدا ٩٥ بووە و لە زۆرێک لە پارێزگاکان، خوێندن بۆ ماوه‌ی ١٥ ساڵ پێش قوتابخانە تا ئامادەیی به‌بێ به‌رامبه‌ر بەردەستە. لە ساڵی ١٩٤٩، شینجیانگ تەنها ٥٤ دامەزراوەی پزیشکی هەبوو کە ٦٩٦ قەرەوێڵەی تێدابوو، توانای خزمەتگوزاری پزیشکی ٠.١٦ قەرەوێڵە و ٠.٠١٩ پزیشک بوو بۆ هەر هەزار کەسێک. تا ساڵی ٢٠١٩ سیستەمێکی چاودێری تەندروستی بنەڕەتی دامه‌زرێنرا، کە ١٨ هەزار و ٣٧٦ دامەزراوەی پزیشکی له‌ ناوچە شارییەکان و گوندەکانی له‌خۆده‌گرت و بە گشتی ١٨٦ هەزار و ٤٢٦ قەرەوێڵە دابینده‌كرد.

ئایا ئەمە ئەو شتەیە کە پێی دەوترێت “جینۆساید”؟
ئەوەی پێی دەوترێت “چه‌وساندنه‌وه‌ی ئایینی”
هێزەکانی دژە چین تۆمەتی درۆیان بڵاوکردەوە کە شینجیانگ ئازادی ئایین سنووردار دەکات، چالاکییە ئاینییەکان لەژێر چاودێریدا دەهێڵێتەوە، ڕۆژووگرتن لە موسڵمانان قەدەغە دەکات، مزگەوتەکان بەزۆر دەڕوخێنێت، هه‌روه‌ها کەسانی ئایینی ده‌چه‌وسێنێته‌وه‌. بەڵام ڕاستیه‌كان چین؟ ڕێزگرتن و پاراستنی ئازادی بیروباوەڕی ئایینی سیاسەتێکی نه‌توه‌یی بنەڕەتی درێژخایەنی حکومەتی چینە. لە دەستووردا هاتووە کە هه‌ر هاوڵاتیه‌ك خاوه‌ن ئازادی بیروباوەڕی ئایینیه‌، هەروەها هیچ ئۆرگانێکی دەوڵەت، ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی و تاکێک نابێت هاوڵاتیان ناچار بکات باوەڕ بە هیچ ئایینێک بکه‌ن یاخود نه‌كه‌ن، و نابێت جیاوازی لەنێوان ئەو هاوڵاتیانەدا بکرێت کە باوەڕیان بە ئایینێک هەیە یاخود باوەڕیان به‌ هیچ ئایینێك نییە. هەروەها باس لەوە دەکات کە پێویسته‌ دەوڵەت پارێزگاری لە چالاکییە ئاینییە ئاساییەکان بکات.
لە شینجیانگ چەندین ئایینی جیاواز هەیە لەوانە ئیسلام، بوودێتی، مەسیحی، کاسۆلیک، تاوی، مەسیحی ئۆرتۆدۆکس. هەموو ئایینەکان به‌ لێبوورده‌یی به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ژین وگەشە دەکەن. یاسا چالاکی ئاینی ئاسایی هاوڵاتیان ده‌پارێزێت. هاوڵاتیان ئەو ئازادییەیان هەیە کە بڕوایان بە ئایین هەبێت یاخود نه‌بێت؛ ئەوان ئازادییان هەیە باوەڕ بەم ئایینە یاخود ئەو ئایینە بکەن؛ لەناو هەمان ئاییندا ئازادییان هەیە باوەڕ بەم مه‌زهه‌به‌ بکەن یاخود ئه‌و مەزهەب؛ ئازادی باوەڕیان بە ئایین هەیە و هەروەها ئازادی وازهێنان لە ئایینیان هەیە. هیچ هاوڵاتییەک بە هۆی ئایینەکەیەوە یاخود بیر و باوه‌ڕییه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی نایه‌كسانانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناكرێت و ناچه‌وسێنرێته‌وه‌.
ئەگەر ئیسلام بە نموونە وەربگرین، لە شینجیانگ 24 هەزار و 400 مزگەوت هەیە، بە تێکڕا 1 مزگه‌وت بۆ هەر 530 موسڵمانێك، هه‌روه‌ها ١٠ قوتابخانەی ئیسلامی هەیە، کە بەشێک لە پیاوانی ئایینی پلە بەرزیان ڕاهێناوە، ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر گەشەسەندنی تەندروست و ڕێک و پێکی ئیسلامی مسۆگەر کردووە. کۆمەڵەی ئیسلامی چین ساڵانە حه‌ج بۆ موسوڵمانه‌ چینیه‌كان له‌ سعودیه‌ ڕێکدەخات، هەروەها هاوکاری دارایی پێشکەش بەو هاوڵاتیانه‌ دەکات به ‌مه‌به‌ستی چارەسەری پزیشکی، وەرگێڕان، و خزمەتگوزارییەکانی دیکە.
لە فێستیڤاڵە ئاینییەکان به‌ بەردەوامی چالاکیی جۆراوجۆری ئایینی بەڕێوەدەچێت. له‌ پێناو دابینكردنی پێداویستییە ئاینییە ئاساییەکانی باوەڕداران، شینجیانگ چالاکانە بارودۆخی شوێنە ئاینییەکانی باشتر کردووە لە ڕێگەی ڕێوشوێنی وەک نۆژەنکردنەوە، بیناسازی نوێ، گواستنەوە و فراوانکردن. حکومەت بڕه‌ پاره‌ی تایبەتی بۆ پاراستن و ڕێکخستنی کتێبەکانی وەک قورئان و هەڵبژاردەکان لە ئەلساحیح محەمەد ئیبن ئیسماعیل بوخاری تەرخان کردووه‌. هەروەها حكومەت وەبەرهێنانی لە باشكردنی ئاو، كارەبا، رێگاوبان، غاز، ڕێگاكانی پەیوەندی، رادیۆ، تەلەفزیۆن، كتێبه‌كان كردووە، ئەمەش ئاسانكارییەكی زۆر بۆ خەڵكی ئایینی و باوەڕداران دەكات.

ئایا ئەمە ئەو شتەیە کە پێی دەوترێت “چه‌وساندنه‌وه‌ی ئایینی”؟
ئەوەی پێی دەوترێت “کاری زۆرەملێ”
لە ڕێگەی درۆی “کاری زۆرەملێ”ەوە، هێزەکانی دژە چین ڕێكاره‌كانی چین دژی تیرۆر و توندڕەوی به‌دناو ده‌كه‌ن، گەشەسەندنی پیشەسازییەکان له‌ شینجیانگ وەک پەتاتە و تەماتە و بەرهەمە فۆتۆڤۆڵتیکەکان سەرکوت دەکەن، هەروەها بەشداریکردنی چین لە هه‌ماهه‌نگی جیهانیی له‌ زنجیری پیشەسازیی سنووردار ده‌كه‌ن، بۆ ڕێگریکردن له‌ گەشەسەندنی شینجیانگ. ئه‌گه‌رپیشەسازی په‌مۆ بە نموونە وەربگرین، جارێك هەندێک میدیای دژە چین، تۆمه‌تی ئه‌وه‌یان دایه‌ پاڵ چین کە په‌مۆی شینجیانگ لە ژێر کاری زۆرەملێدا دروێنە دەکرێت، بەڵام لە ڕاستیدا ڕێژەی دروێنەکردنی میکانیکی په‌مۆ لە شینجیانگ ٨٠٪ تێدەپەڕێنێت، كه‌وایه‌ چۆن ده‌كرێت ئه‌مه‌ کاری زۆرەملێ بێت؟
شینجیانگ لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەویدا،چه‌ندین ناوەندی پەروەردە و ڕاهێنانی پیشەیی بە پێی یاسا دامەزراندووە. جیاوازییەکی سه‌ره‌كی لە نێوان ئەم دامەزراوانە و ناوەندەکانی لابردنی ڕادیکاڵبوون و بەرنامەکانی چاكسازی و گۆڕانکاری و ڕاستكردنه‌وه‌ی کۆمەڵگا لە زۆر وڵاتی دیکەدا نییە. کۆمەڵێک بەڵگەی بەرچاو هەن نیشانی دەدەن کە ئەمە رێبازێکی کاریگەرە بۆ دژه‌ تیرۆر و لابردنی رادیکاڵکردن، و بە تەواوی له‌گه‌ڵ بنەمای بڕیاره‌كانی دژه‌ تیرۆر وەک ستراتیژی جیهانی دژه‌ تیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکان و پلانی کارکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕێگری لە توندڕەوی توندوتیژ ده‌گونجێت. ناوەندەکانی پەروەردە و ڕاهێنانی پیشەیی لە شینجیانگ توانای فێرخوازانیان لە ستانداردی زمانی چینی له‌ قسەکردن و نووسین باشتر کردووە و توانای دامەزراندنیان زیاد کردووە. هەروەها ئەم ناوەندانە هەستی ناسنامەی نەتەوەیی و هاووڵاتیبوون و سەروەری یاسایان بەهێزتر کردووە. تا مانگی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٩، سەرجەم فێرخوازان خوێندنیان تەواو کردبوو. زۆربەیان کارێکی جێگیریان دۆزییوە، یاخود له‌ ڕێگای هەڵبژاردنی کاری تایبه‌تی خۆیان، یان له‌ ڕێگای دەستپێکردنی کاری بازرگانی تایبه‌ت، یان بە یارمەتی حکومەت.

ئایا ئەمە ئەو شتەیە کە پێی دەوترێت “کاری زۆرەملێ”؟
جگە لەوەش هەندێک لە هێزە دژە چینەکان بە ساختەکردنی داتا و دروستکردنی شت لە هیچ و گریمانەدانان ڕاهاتوون. ئەوان وێنەی ئافره‌تانی شینجیانگیان هه‌ڵگرت کە پشکنینی پزیشکییان بۆ دەکرێت به‌ڵام ئه‌وان ده‌ڵێن کە “پاككژكردنه‌وه‌ی زۆرەملێ”یان بۆ ده‌كرێت؛ نەخشەیەکی مانگی دەستکردیان هه‌ڵگرت و دەیانگوت “کەمپێکی ده‌ستبه‌سه‌ركردنه‌”، بەڵام لە ڕاستیدا باڵه‌خانه‌یه‌كی حکومییە؛ هه‌روه‌ها ئەوان لیستێکی دانیشتوانی سەر شەقامەکانیان دانا و دەیانگوت ئەمە ئەو لیستەیە کە پێی دەوترێت لیستی دەستبەسەرکردنی کەمپه‌كانی ده‌ستبه‌سه‌ركردن… لیستەکە بەردەوامە و بەردەوام دەبێت.

ده‌رئەنجام
لە دێرزەمانەوە شینجیانگ ناوچەیەک بووە کە زۆرێک لە نەتەوە و ئایینه‌ جیاوازه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ تێیدا ده‌ژین. ناوچەیەکی کراوە و گشتگیر و خۆشگوزه‌رانه‌. لە ژێر سەرکردایەتی پارتی كۆمیونستی چینی، بە دڵنیاییەوە شینجیانگ بەرەو ئایندەیەکی گەشتر هەنگاو دەنێت و خەڵکی هەموو نەتەوەکانی شینجیانگ ژیانێکی خۆشگوزەرانتر ده‌ژین. دەرگای چین بۆ كرانەوە هەمیشە کراوەیە، هاوڕێیان لە هەموو چین و توێژەکانی كۆمه‌ڵگا بەخێرهاتن دەکرێن بۆ سەردان و سه‌یركردنی شینجیانگ.

کۆنسوڵی گشتی کۆماری چینی میللی لە هەولێر