رۆژی سێشەممە 12/7/2022، لیژنەی سەرپەرشتیی ئەو نوێژەی کە بڕیارە لە ناوچەی سەدر لە شاری بەغدا بکرێت و بە “نوێژی یەکگرتوو” ناسراوە، 12 رێنمایی لەبارەی چۆنێتیی بەڕێوەچوونی نوێژەکە بڵاوکردەوە. 

بڕیارە رۆژی هەینی 15-07-2022 لەسەر داواکاریی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر ئەو نوێژە بکرێت و داواشکراوە سوننە و شیعە تێیدا بەشداربوون.

رێنماییەکان بریتین لە:

1- هەرچییەک رووبدات، نابێت چوون بە ئاراستەی سەکۆ هەبێت. دەبێت هاووڵاتییان لە شوێنی دیاریکراوی هەر پارێزگایەکدا دابنیشن و بە رێنماییەکانەوە پابەند بن.

2- گوێگرتن لە دوو گوتار.

3- پابەندبوون بە مەرجەکانی تەندروستی و خۆپارێزی.

4- نابێت هاووڵاتی لە کۆڵانە تەسکەکان دابنیشێت.

5- دەبێت هاووڵاتی بە گوێرەی توانا بەرماڵ و خاولی و پێداویستی و ئاڵا لەگەڵ خۆی بهێنێت.

6- دەبێت هاووڵاتی بەشداربوو شەو لای کەسی نەناسراو نەمێنێتەوە و نەچێتە شوێنی نەگونجاو.

7- دەبێت هاووڵاتی هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان هەبێت لە کاتی چوون بۆ شوێنی نوێژەکە و دەرچوون لێی.

8- دەبێت هاووڵاتی لە کاتی هەر رووداوێکدا پەیوەندی بە هۆبەی فریاکەوتنەوە بکات.

9- هەر کەسێک نەخۆش بکەوت، لیژنەی پزیشکی نزیکە و پێویست ناکات بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە.

10- لیژنەیەکی تایبەت بە وێنەگرتن هەیە و لەکاتی نوێژکردن کاری خۆیان دەکەن.

11- رۆژی پێنجشەممە شوێنی نوێژکردنەکە رادەگەیێنن، دوای ئەوەی لە رووی ئەمنییەوە کۆنترۆڵ دەکرێت.

12- دەستپێکردنەکە بە یەکگرتوویی و باوەڕداری دەبێت، لەسەر هەموو پاسەکانی نووسینگەی شەهید سەیید محەممەد سەدر ناوی پارێزگاکە و ژمارەی پاسەکە دەنووسرێت.