لەسەر ڕەزامەندیی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، 21 ملیار دینار بۆ گۆڕینی بۆڕیی ئاوی ئیفراز سێى ههولێر دابین كراوە.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی كوردستان بە كهناڵى (کوردستان 24)ی ڕاگەیاندووه: “لەسەر ڕەزامەندیی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، 21 ملیار دینار بۆ گۆڕینی بۆڕیی ئاوی ئیفراز 3ی هەولێر تەرخان کراوە، قۆناغ بە قۆناغ پارەكەی بۆ خەرج دەكرێت”.
باسى لهوهش كردووه، لە قۆناغی یەكەمدا وەزارەتی دارایی 5 ملیار دیناری دابین كردووە، دوای پشووی جەژن بانگەوازی کەمکردنەوەی نهێنی بۆ دەکرێ و دەست بە گۆڕینى دهكرێ.
بۆڕیی ئاوی ئیفراز 3 ئاوی زۆربەی هەولێر دابەش دەکات، تا ئێستا 25 جار شكاوە، ھەر جارێكیش بۆ چاككردنەوە 20 ھەزار دۆلار زیاتر تێچووەكەیەتی، بۆ ئەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ ئەو كێشەیە بكرێت، بڕیاری گۆڕینی بۆڕییەکە دراوە.
پڕۆژهی ئاوی ئیفراز 3، ڕۆژانە نزیکەی 240 ملیۆن لیتر ئاو دابین دەکات، بۆڕییەکانی ئیفراز سێ لە جۆر (GRP)ـیه، کە یەکێكه لە سەختترین جۆرهكانی بۆڕی بۆ چاککردنەوە.