باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.

لە تویتێکدا، بەشی کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە نووسیویەتی، باربارا لیف “جەختی لە پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستانێکی بەهێز وەکو بەشێک لە عێراقێکی یەکگرتوو، خۆشگوزەران و دیموکراسی کردەوە.”

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باربارا لیف تاوتوێی دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراقیان کردووە.

هاوکات باربارا بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە، هیواخوازە بتوانێت بەمنزیکانە سەردانی هەولێر بکات.