ئەمڕۆ چوارشەممە 29ـی حوزەیرانی 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پێشانگای تەکنەلۆژی هایتێکسی کرد کە گەورەترین پێشانگای تەکنەلۆژییە لە عێراق، هاوکات ئەمڕۆ سێیەم رۆژی پێشانگاکە بوو.

پێشانگای HITEX 2022 کە گەورەترین پێشانگای تەکنەلۆژییە لە عێراق و بۆ جاری سێهەم لە شاری هەولێر ئەنجام دەدرێت و ئەمڕۆ لە سێیەم رۆژیدا، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەر کرایەوە.

مەسرور بارزانی پاڵپشتی خۆی بۆ پێشانگای هایتێکس راگەیاند و گوتی: “زۆر خۆشحاڵم کە سەردانی ئەم شوێنە دەکەم، بینینی ئەم پێشانگایە و ئەم هەموو گەنجە جێی دڵخۆشی و ئومێدێکی زۆرە بۆ ئایندەی گەلەکەمان، ئێمەش وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی پێمان بکرێت پاڵپشتیان دەکەین و خۆشمان بەرنامەی زۆرمان بەدەستەوەیە بۆ زیاتر هاوکاری کردنی گەنجان و رەخساندنی هەلی کار بۆیان”.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم گوتیشی: “بەراستی ئەوەی بینیم لێرە جێی دڵخۆشیە، ئومێدێکی زۆرم بە ئایندەی وڵاتەکەمان هەیە بەهۆی ئەم توانایەی لە گەنجەکانماندا دەیبینم”.

HITEX واته‌ Hawlre Information Technology، لەم پێشانگایەدا 150 کۆمپانیا لە 30 وڵات بەشدارن و لە رۆژی 27 تا 30ـی حوزەیران بەردەوام دەبێت و رۆژانە لە کاتژمێر 10ـی بەیانی تا 7ـی ئێوارە کراوە دەبێت.

لە پێشانگاکەدا نوێترین داهێنانە تەکنەلۆژییەکان و ئۆفەر و خزمەتگوزاری کۆمپانیا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان پێشکەش بە ئامادەبووان و ئارەزوومەندانی تەکنەلۆژیا دەکرێت.