سێشه‌ممه‌ 2022/6/28 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و ‏فه‌رمانده‌ى گشتيى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان، ‌پێشوازى له‌ به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ جۆن برێنان ‏فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له‌ عيراق و سووريا و شاندێكى باڵاى سه‌ربازيى ياوه‌رى كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ به‌ڕێز بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى، سه‌رۆكى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان و ‏به‌ڕێزان وه‌زيرى پێشمه‌رگه‌ و سوپاسالارى پێشمه‌رگه‌ و ژماره‌يه‌ك له‌ فه‌رمانده‌ و پله‌دارانى ‏پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌ بوون، پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و دوايين هه‌نگاوه‌كانى ‏يه‌كخستنه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ و گرفته‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌كه و پێشنيارێكى ئه‌مه‌ريكييه‌كان ‏له‌مباره‌يه‌وه،‌‌ تاوتوێ كران.‏

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانان ‏دووپات كرده‌وه‌ بۆ ئه‌و پشتگيرى و هاوكارييه‌ى له‌ كاتى شه‌ڕى دژى داعشدا و ئێستاش ‏پێشكه‌ش به‌ پێشمه‌رگه‌ى ده‌كه‌ن و جه‌ختى له‌ پشتگيريى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان و ‏حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ پرۆسه‌ى چاكسازيى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و ‏يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌.‏

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز جه‌نه‌رال برێنان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ريكا له‌ پشتگيرى و يارمه‌تيدانى ‏پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ژێر چه‌ترى وه‌زراه‌تى پێشمه‌رگه‌ و يه‌ك فه‌رمانده‌ييدا ‏كۆبكرێته‌وه‌ و بكرێته‌ هێزێكى نيشتمانيى پیشه‌گه‌ر كه‌ به‌ هێز و توانا بێت و بتوانێت ئه‌ركى خۆى ‏جێبه‌جێ بكات. ‏

دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تيرۆر و پێويستيى هاريكاريى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى ‏عيراق و به‌رده‌واميى پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى بۆ عيراق و هه‌رێمى كوردستان، ‏ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.‏