بەڕێوەبەری ناحیەی قادر کەرەم ڕەتی کردەوە ھیچ ھێزێکی عێراقی ھەوڵی دەستبەسەرداگرتنی کێڵگەی کۆرمۆری ناحیەی قادر کەرمی دابێت و دەشڵێت، ئەوە ئێمەین بەدوای ھێرشبەرانی سەر کێڵگەکەدا دەگەڕێین و کێوماڵی ناوچەکە دەکەین.

سدیق محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قادر کەرەم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ”دوای ھێرشە مووشەکییەکەی دوێنێ و پێرێ بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ھێزەکانی ئەمنی و پۆلیسی نەوت و غاز دەستیان بە کێوماڵکردنی سنوورەکە کردووە، بەتایبەتی بۆشاییی ئەمنی ھەیە لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سەنگەری ھێزە عێراقییەکاندا، چونکە ھەندێ سەرەداومان دەست کەوتوون لە ھێرشەکەی دوێنێدا کە لە دووری ١٠ کیلۆمەترەوە مووشەک ئاراستەی کۆرمۆ کراوە و لەو سنوورەی مووشەکی لێوە ئاراستە کراوە، شوێنی ئۆتۆمبێڵ دیارە.”

بەڕێوەبەری ناحیەی قادر کەرەم گوتیشی: ”کاتێک ھێزەکانی ھەرێم بەدوای ھێرشبەراندا گەڕاون لەو ناوچەیەی بۆشاییی ئەمنی ھەیە، ئەمڕۆ ھێزێکی عێراقی لە سنووری ناحیەی نەوجول و زنانە جووڵەیان کردووە ھەر بۆ پرسیارکردن لەبارەی کێوماڵی ھێزەکانی ئێمەوە، بەڵام پێشمەرگە ڕێگەی نەداوە بێنە ناو سنووری ئێمەوە و ھیچ ھێرشێک نەبووە.”

لەبارەی ڕەوشی ناحیەکەوە سدیق محەمەد ئاشکرای کرد: ”موشەکەکان هەردووکیان ھیچ زیانیان نەبووە و کۆمپانیای دانەغاز لە کارکردن بەردەوامە و ھێزەکانی ئەمنی و نەوت و غاز ئەرکی پاراستنی ناوچەکەیان لەسەرە، ڕەوش ئارامە لە قادر کەرەم و کارکردن لە کێڵگەی کۆرۆمۆر ئاساییە، بەڵام نایشارینەوە ئێمە بەدوای ئاشکراکردنی تۆمەتبارانی ھێرشکردنەی سەر کۆرمۆرین.”