سەلام عەبدوڵڵا

لە هەرێمی کوردستان بابەتی میدیا و ئازادی زوو زوو دەخرێتە بەر باس و بەگومانەوە باسی ئەو ئازادییە دەکرێت، بەڕادەیەک پێناسە دەکرێت وەکوو ئەوەی ئازادیی رادەربڕین و کاری پڕۆفشناڵانەی رۆژنامەنووسان سانسۆڕی لەسەر بێت و مۆڵەتی کاری ئازادانەی پێنەدرێ کە لەڕاستیدا ئەمە پێچەوانەی راستییە. چونکە ئەو مۆڵەتەی بۆ کاری رۆژنامەگەری رەخساوە زۆر بەرفراوانە و تەنانەت بۆتە مایەی خراپ بەکارهێنانی بە ئاستێک کە زیانی زیاترە لە سوودی.
بۆیە ئەو کۆبوونەوەی کە بەڕێز سەرۆکی حکوومەت، هەفتەی پێشوو لەگەڵ رۆژنامەنووسان کردی، تا رادەیەکی باش تەمی ئەو گومانانەی رەواندەوە کە بارودۆخی رۆژنامەگەری بەو رادەیە ترسناک بێت وەک هەندێک لە رۆژنامە ” ئازادەکان” وێنای دەکەن.
سەرەکوەزیران زۆر بە وردی گوێڕایەڵی بیر و بۆچوون و رەخنە و گازندەکانی رۆژنامەنووسانی گرت و لەوەڵامیشیاندا کۆمەڵێک راستی بۆ دەرخستن کە دۆخەکە بەو شێوەیە نییە و ئازادیی رۆژنامەگەری لە هەرێمدا گەلێک ئازاد و سەربەستترە لە وڵاتەکانی دراوسێمان و بگرە هەر بەراوردیش ناکرێ.
بەڵام گەر هەندێک واتێگەیشتبێت کە ئازادیی رادەربڕین نابێ هیچ پڕنسیپ و سنوورێکی هەبێت و هەرچی هەیە بە ڕاست و ناڕاستەوە دەرخواردی خوێنەر بدرێ، ئەوە هەڵەیە و پێچەوانەی ئازادییە.
فەرموون لە وڵاتێکی خاوەن ترادیسیۆنی دیموکراتی وەکوو سوید، لەگەڵ ئەوەیش کە ئازادیی رادەربڕین پانتاییەکی بەرفراوانیشی هەیە، بەڵام سنوورێکیش بۆ ئەو ئازادییە دانراوە کە نابێ ببەزێندرێ. بۆ نموونە نابێ رۆژنامەنووس بوختان و تۆمەتی ناڕاست بۆ کەس هەڵبەستێ و نابێ هانی گرووپێک دژی گرووپێکی تر یان مەزهەب و ئایینێکی تر بدا و گەر ئەو کارەش بکات ئەوا یان غەرامە دەکرێ یان زیندانی دەکرێت.
ئێمە رۆژانە لەسەر لاپەڕەی رۆژنامە “ئازادەکان” و تیڤییە ” سەربەخۆکان” دەیان تۆمەت و سووکایەتی بە مێژوو و کەسایەتییەکانمان بێ بنەما دەکرێ و کاتێک دەشدرێنە دادگا، هەموو هاوار دەکات کە ئەمە پێشێلی ئازادییە!! لەراستیدا، ئەوان خۆیان پێشێلی ئەو مۆڵەت و ئازادییە دەکەن.