سه‌لام عه‌بدوڵڵا
ئەمە وەڵامی “سەرۆک بارزانی”یە بۆ هەموو ئەو ناحەزانەی ئەمڕۆ بانگەشەی ئەوە دەکەن هەرێم بەرەو کەوتن و داڕمان دەچێت و ناتوانێت زیاتر لەسەر پێی خۆی بوەستێت و بەردەوام بێت.
ئەم هەرێمەی ئەمڕۆ کە لەباشووری کوردستان هەمانە و شانازی پێوە دەکەین، بەرهەمی سەد ساڵی خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی گەلەکەمانە کە بە هەزاران شەهیدی لەپێناو ئەم خاکە پیرۆزەدا داوە و رەنجی بەردەوامی پێشمەرگە قارەمانەکانی گشت راپەڕینەکان و شۆڕشەکانی نەوە لەدوای نەوە بووە، بۆیە گەلەکەمان و دڵسۆزانی و رۆڵە قارەمانەکانی شەهیدان وەکوو باب و باپیرانیان، ئەوانیش لەپێناو مانەوە و بەردەوامبوونی هەرێم و دەستکەوتەکانی ئامادەن خوێنی خۆیان ببەخشن و بە سەر و بە ماڵ تا مردن داکۆکیی لێبکەن و بیپارێزن.
گەر دوژمنانی ئەم هەرێمە، چاویان بەو پێشکەوتن و بەرەوپێشەوەچوونەی ئەم هەرێمە و دەستکەوتەکانی بۆ سەرجەم گەلی کورد هەڵنەیێت، لای ئێمە و نیشتمانپەروەران رەنگە ئاسایی بێت، بەڵام بۆ لە نێو خۆماندا برەو بەو پڕوپاگەندەیە بدرێ؟
هەندێک لەوانەی بوونەتە بووقی دیعایەی ئەو بانگەشانە، خۆیان سوودمەندبوون لە هەرێم و دەستکەوتەکانی، کەچی ئەوانیش لە ریزی دوژمنان و بەڵکە زیاتر پەرە بەو هەواڵە چەواشەکارانە دەدەن و بڵاوی دەکەنەوە.
فەرموو، سەیری هەندێک پەرلەمانتار کە بە دەنگی گەلەکەمان گەیشتوونەتە پەرلەمان و بوونەتە خاوەن مووچەی خەیاڵی و پرستیژ کە بە خەویش نەیاندەدیت، کەچی ئەوان لە دوژمنان زیاترخەریکی ئەو هەڵمەتەن.
فەرموون، دوای هێرشی درۆنی ناحەزان، پەرلەمانتارێک دەڵێ، ئەوە بۆ سەر پیاوانی (موساد) بووە و ئەفسەرێکی باڵای تێدا کوژراوە، ئەمە بە مەرجێک، هەموومان، گەرماوگەرم، لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە راستییەکانمان دەدیت، کە کام لایەن، بەو دەستدرێژییە هەستاوە؟
هەر بۆیە ئێمەش، هەموو ئەوانەی ئەو بانگەشە ناڕاستییانە دەجوونەوە دەخەینە خانەی ناحەزان و دوژمنان و خۆفرۆشانەوە و گەلەکەمان هەرگیز بڕوا بەو چەواشەکارییانەیان ناکات.
جەواهیری، گەورە شاعیری عەرەب دەمێکە دەڵێت:
شعب دعائمە الجماجم والدم
تتحطم الدنیا ولایتحطم