ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی حوزەیرانی 2022، سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ ستيج پاولو بيراس، باڵیۆزی دانیمارک لە عێراق کۆبووەوە و لەو دیدارەدا، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، مەرجەكانی هەرێم بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق پابەندبوونی لایەنە سیاسییەكانی عێراقە بە هەرسێ پڕەنسیپی شەراكەت و هاوسەنگی و سازان.

بارەگای بارزانی رایگەیاند، ئەمڕۆ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ستيج پاولو بيراس، باڵیۆزی دانیمارك لە عێراق كرد كە بەبۆنەی كۆتایهاتنی ئەركەكانی لە عێراق و ماڵئاوایی سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو.

ئاماژە بەوەش درا، لە دیدارەكەدا باڵیۆزی دانیمارك لە عێراق پێزانینی بۆ رۆڵی سەرۆك بارزانی لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان هەبووە، هەروەها سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی كرد بۆ هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی دانیمارك لەبارەی ئەو دوو هاووڵاتییەی دانیمارك كە ماوەیەك پێش ئێستا لە هەرێمی كوردستان تووشی گرفت هاتبوون.

سەرۆک مەسعود بارزانی و ستيج پاولو بيراس، باڵیۆزی دانیمارک لە عێراق دیداری سەرۆک مەسعود بارزانی و ستيج پاولو بيراس، باڵیۆزی دانیمارک لە عێراق

لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی دانیمارک لە عێراق،  بارودۆخی سیاسیی عێراق و تەحەددیات و ئاستەنگەكانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق تاووتوێ كران و سەرۆك بارزانی لەبارەی بەشداریی هەرێم لە حكومەتی داهاتوو و پڕۆسەی سیاسیی عێراق جەختی لەوە كردەوە كە مەرجەكانی هەرێم بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق پابەندبوونی لایەنە سیاسییەكانی عێراقە بە هەرسێ پڕەنسیپی شەراكەت و هاوسەنگی و سازان.

بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەشدا، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی هەڕەشەكانی تیرۆر لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە و بارودۆخی شنگال ئاڵوگۆڕ كرا.