خەبات: پەریهان عومەر:- زۆرجار بە كوچە و كۆڵاناندا گوزەردەكەین و دەبینین كە لە ماڵە كۆن و بچوكەكان دیمەنی سەرنجڕاكێشی گوڵە جۆراوجۆرەكان چاومان دەحەسێنێتەوە. لە نێو چەلەنگێك، سەتلێكی ماست و مەركانێكی گڵ لەهەرچیدا بۆی هەڵكەوتبێت خاتوونی ئەو ماڵە گوڵی چاندووە و گەرمییەكی تایبەتی بە ماڵەوە بەخشیوە. ڕەنگە ئەم خولیایە لای پیاوانیش هەبێت، بەڵام ئافرەتان زۆر حەز بە گوڵ و بەخێوكردنی گوڵ دەكەن، وایلێهاتووە لە هەموو ماڵێك باخچە و گوڵ هەبێت و یاخود لە نێو ڕێڕەوی ماڵ ئەیڕووێنن و زۆرجار گوڵ دەبەنە شوێنی كارەكەشیان. گۆڵ و ئافرەت دوو جوانی سروشتی و تەواوكەری یەكن، بۆیە لەم ڕاپۆرتەمان ڕای چەند ئافرەتێكمان وەرگرتووە كە وەسفی گوڵ وجوانی و بەخێوكردنی دەكەن.

ئاواز شێرزاد ئەحمەد لەبارەی گوڵ دەڵێت: چاندن و پەروەردەكردنی گوڵ یەكێكە لەو پیشانەی مرۆڤ ئاسودە و ئارام ئەكات، چ كاتی چاندن و چ كاتی گەشەكردن و چرۆكردنی گوڵەكان. جوانی ئەم پیشە وایكردووە حەزی زیاترت هەبێت بۆ بەردەوام بوون لەسەر گوڵ چاندن و پەروەردەكردنی. گوڵ چاندن جیا لەو جوانیەی كە هەیەتی لەهەمان كاتدا بۆتە سەرچاوەی داهات بۆ بەشێكی خەڵك، بۆیە دەكرێت بڵێین گوڵ چاندن پیشەیە حەز و خواستی چاندن و پەروەردەكردی لەلای خانمان دیوێكی تری گوڵ چاندنە. خانمان زۆر حەزیان بە چاندن و پەروەردەكردنی گوڵە بەشێوەیەك هەر كون و قوژبنێكی ماڵەكانیان بە داچاندنی گوڵ داپۆشیوە و لەم ڕێگەیەوە جوانییەكی تریان بە ماڵەكانیان بەخشیوە، زۆر و بۆری جۆرەكانی گوڵ هۆكارێكی ترە بۆ خواستی زیاتری گرنگیدان بەم پیشەیە جیا لە ماڵ و باخچەكان لە هەمان كاتدا بەشێكی زۆری دام و دەزگا و قوتابخانە و دایەنگەو زانكۆ و شوێنە گشتیەكان گرنگیەكی زۆریان بە چاندنی گوڵ داوە ئەمەش دەلالەتە لەوەی گوڵ و سەوزایی لەهەر شوێنێك هەبێت ئاسودەیی و ئارامی بە مرۆڤ ئەبەخشێت تەنانەت لە ڕووی تەندروستییەوە سودێكی زۆری هەیە بۆ زیادكردنی ڕێژەی ئۆكسجین لە هەوادا.

هودای گولیزاری حەوێزی لەسەر ئەو بابەتە بەمشێوەیە دەدوێ‌: گوڵ، هەر بەباسكردنی هەستێكی تایبەتت بۆ درووست دەبێت چ جای ئەوەی لەلات بێ و پەروەردەی بكەی لەماڵەكانـماندا. لە كۆنەوە گوتراوە خانمان گوڵـن و حەز بە گوڵیش دەكەن ئێمەی خانمان حەز دەكەین گوڵ لە ماڵمان و لە شوێنی كار بێ یاخود لە گەڵ هەر هەنگاوێك گوڵ یاوەریمان بكات، چونكە لەسەرەتا دل و ڕۆحمان پڕاوپڕە لە جوانی و ئارامی كە گوڵ هەستێكی تایبەت پێیدەبەخشێ بە ئێمەی خانمان و هەر لە كۆنەوە ڕەمزی خۆشەویستی ئاسوودەی بووە. سەرباری سەرقاڵی پەروەردەكردنی گوڵ ئەرك ناخاتە سەر شانمان، بەڵكو بۆ چەند ساتێك خەم و بار قورسی ڕۆژگارمان بیردەباتەوە. گوڵ جوانی بە هەموو شتێك دەبەخشێت تەنها بۆ گۆڕی ئازیزێك نەبێت. ساتێك خزمەتكردنی گوڵ و ئاودانی باخچەی ماڵەوە دنیایەك لە ئارامیت لەگەڵ خۆی بۆدەهێنێت و بێشك ئەو ئارامییە دەگوازرێتەوە ئەندامانیتری خێزان.

سازان عوسمان لەسەر باسی گوڵ دەلێت: گوڵ بەخێوكردن یەكێكە لەو شتانەی كە دڵخۆش ئەبی بە بوونی لە نێو ماڵەكان و نزیك بوون لێیان. خانمان زیاتر گرنگی بەم لایەنە ئەدەن و زۆربەی جار وەكو جوانییەكی پێویست بۆ ماڵەكانیان ئەیبینن. ئێمەی ئافرەت كاتێك سەیری گوڵ ئەكەین ئەگەشێنەوە، لامان ئاساییە بە لۆكەیەكەوە بە چەندین خولەك ورد ببینەوە بۆ خاوێن كردنەوەی گەڵاكانیان، چێژ ئەبینین لەوەی هەمیشە بە سەوزیی ڕووەكەكانمان ببینین. بەیانیان خێرا گەڵا زەردەكان دوور ئەخەینەوە وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەوەی بە ڕووەكە بڵێین بوونت بۆمن گرنگە، بۆ چێژبینین ڕووئەكەینە گوڵەكان و پێیان ئەڵێین ئێمەش وەكو ئێوە جوانین گەر نەمانوەرێنن، وەكو ئێوە بۆن خۆشین گەر چڵك و پیسایی ئەوانی تر كاسمان نەكەن. كچان و ژنان هێندە دڵیان بە گوڵ خۆشە و هێندە گوڵ وەكو شتێكی سیحراوی ئەبینن كە دوای وشك بوونیشی ئەیانەوێ فڕێی نەدەن، چونكە هێشتا پێیانوایە جوانی تێداماوە، ئێمەی ئافرەتان بە شتە ڕەنگاوڕەنگەكان دڵخۆشین و گوڵی سەر كراسێك سەرنجمان ڕائەكێشێ و ئاوات بە ئیشی باخەوانی ئەخوازین. ئافرەت لە هەر پلە وپۆستێكا بێت، هەر چەند ماندوو و شەكەت و توڕەبێت گوڵێك ئەتوانێ خەمڕەوێنبێت بۆی، چونكە ژنان هەر چی و هەر چۆن بن بوونەوەرێكن سەربە جیهانە ڕەنگاوڕەنگەكەی خۆیانن. عەجەب چ جوانە دونیای ڕەنگاوڕەنگی ئێمە، ناتوانین دەستبەرداری ئەوجیهانە بین، چونكە سەر بە مەملەكەتی جوانی ومیهرەبانین لە كۆتایشدا ئەمەوێ بڵێم كاتێك ئێمەی ژن تۆزێك ناسك باسی بوونی خۆمان ئەكەین كۆمەڵێك ئەمە وەكو خاڵی لاواز ئەبینن و پێیان وایە ئێمەی ژنان زۆر پەمەیین و لە خەیاڵا ئەژین، بەڵام ئەبێ وەكو خانمێك ئەوەش بڵێم ئێمە لە پاڵ جوانی گوڵەوە ڕووبەڕووی ڕەشەبا و تۆفان ئەبینەوە، لەنزیكی ناسكی گوڵەوە وەكو بەردێك ڕاوەستاوین و ڕوبەڕووی ئەو زەبرە دەروونیانە ئەبینەوە كە ئەینێن بە دڵ و دەروونمانەوە، ئێمەی ژن بوونەوەرێكی ناسكین و میهرەبانین بەڵام بەرگەی زۆر شتمان گرت.

سازان عوسمان
هودا گولیزار
ئاواز شێرزاد