وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 19ـی 06ـی 2022 ڕاگەیەنراوێکی سەبارەت بە نەخۆشی کۆلێرا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ڕێکاری تووند بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی کۆلێرا دەگرنەبەر و حاڵەتەکانیش لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی دەستنیشان کراون.

لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند: لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و سروشتی نەخۆشیەكانی سكچوون و دوابەدوای چاڵاككردنەوەی بەرنامەی پەتازانی و دۆزینەوەی حاڵەتەكان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییەكانی سكچوونی توند لەلایەن دامودەزگاكانی تەندروستی لە شوێنە جیاوازەکانی هەرێمی كوردستان بەپێی بەرنامە و پلانی دارێژڕاو.

ڕاشیگەیاند: بۆ بەرچاوڕوونی هاووڵاتییان ڕایدەگەیەنین كە ژمارە و ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشیەكانی سكچوونی توند زیادی كردووە و تیمەكانی پەتازانی بەپێی ستانداردی پەتازانی ڕێژەی پشكنین بۆ دۆزینەوەی حاڵەتەكانی كۆلێرا ئەنجام دراوە، بەمەش ژمارەیەك لە حاڵەتەكانی كۆلێرا لە تەمەنە جیاوازەكان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر دەستنیشانكراون دوای پشتڕاستكردنەوەی تاقیگەیی.

ئەوەشی خستەڕوو کە وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكاری زیاتر و توندتری لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكانی كشتوكاڵ و شارەوانی و ناوخۆ و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان گرتۆتەبەر بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO و تەندروستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان لەبواری خۆپارێزی و چارەسەری و دابینكردنی پێداویستی پزیشكی.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش دا کە “داوا لە هاووڵاتییانی خۆشەویست دەكەین پابەندی ڕێنماییەكانی پاكوخاوێنی كەسی و دڵنیابوونەوە لە ئاوی پاكی خواردنەوە و خۆراک بن و لە كاتی دەركەوتنی نیشانەكانی سكچوون بەزووترین كات پەیوەندی بە دەزگاكانی تەندروستی بكەن لەپێناو ڕێگریكردن لە ئاڵۆزکانیەكان و سەلامەتیان.”