كوردۆ شابان:- ڕۆژێك دێت ئێمەش وەك جوو، هەموو ئەو تاوانانەی ڕژێم و دەوڵەتە داگیركارییەكان بە درێژاییی مێژوو بەسەرماندا هێناویانە، قەرەبووی وەربگرینەوە و جیهان تێبگەیەنین كە ئەوانە چ نەفرەتییەكن بەسەر مرۆڤایەتییەوە. وڵاتی ئەڵمانیا كە ڕەنگە جیهان بەبێ ئەوان بەتەواوی پەكی بكەوێت بەهۆی ئەو هەموو زانست و پیشەسازییە جۆراوجۆرەی پێشكەشی دەكەن، بەڵام هێشتا خەڵكی دونیا گەلی ئەڵمانیان خۆش ناوێت، تەنیا لەبەر ئەوەی بەشێكیان باپیرانیان نازی بوون و ستەمیان لە گەلی جوو كردووە. ئەمە بەئاسانی نەكراوە. هەموو جوویەك لەهەر شوێنێكی جیهان و هەر سەردەمێك بێت، بەشێكی توانا و كار و ژیانی بۆ سەرخستنی وڵاتی بەڵێنپێدراویان خەرج دەكات كە ئیسرائیلە. زانا بە زانستەكەی، ئەدیب، هونەرمەند، زەنگین و هەر پیشە و پسپۆڕییەكی دیكە بێت، بەشێكی تواناكانیان لەپێناو ئەو وڵاتەیە.

ڕاستییەكەی یەكەم ڕستەی یەكەم پەرەگراف كە نووسیم، تەنیا قسەیەكی شاعیرانەیە و باوەڕ ناكەم ڕۆژێك بێت ئێمەی كوردیش ئاوا وەك جوو فێرببین لەو هەناسەیەش كە دەیدەین، خۆمان بە قەرزاری وڵاتەكەمان بزانین، ئەمەش داخێكی گرانە و هۆكارێكی سەرەكی مانەوەمانە لەو دۆخەی تێیداین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا كەسانێكمان هەیە وەك مامۆستا سەلام عەبدوڵڵا كە پەنجەمۆری خۆی داناوە و لەم وڵاتەدا كە تێیدا ستەمی داگیركەری بینیوە، وەك بەڵگەی مێژوویی خستوویەتەڕوو، ئەویش لە بازنەی باشترین كەرەستەی سەردەم كە بریتییە لەڕۆمان. لەم سەردەمەدا، لەناو هەموو كایە ئەدەبییەكاندا، تەنیا ڕۆمانە بەهای جارانی خۆی لەدەست نەداوە. دەتوانین بڵێین بەپێچەوانەوە، بەهای ڕۆمان تا دێت زیاتر هەڵدەكشێت.

“بووژانەوەی ژیلەمۆ” بریتییە لە چوار ڕۆمانی مامۆستا سەلام، كە پێشتر هەموویانی بڵاوكردوونەتەوە و ئەمە یەكەم جارە لە كۆڕۆمانێكدا بە قەبارەیەكی گەورە و چاپێكی جوان لەشەش سەت و ئەوەندە لاپەڕەدا بڵاویبكاتەوە. ڕۆمانەكان پشتیان بەژیانی خەبات و چەرمەسەرییەكانی نووسەر خۆی بەستووە كە گێڕانەوەی نێوان ساڵانی 1977 بۆ 1979یە، بەڵام ئەگەرچی خۆی پاڵەوانی سەرەكی ڕۆمانەكانییەتی، نەهاتووە خۆی بكاتە چەقی باسەكان، بەڵكوو چەقبوون لای نووسەر و لەبەرهەمەكانیشیدا، تەنیا و تەنیا كوردستانە. نووسەر خۆی كردووە بە كەرەستەیەك بۆ پیشاندانی ئەو ژینگە و دۆخەی مرۆڤی كورد لەدەستی داگیركەر چەشتوویەتی، ئیدی لە زیندان و گرتووخانەوە بگرە، تا ئاوارەیی و ترس و تۆقاندنی ناو شار و پێشمەرگایەتی شاخ. هەروەها بایەخێكی زۆری بەلایەنی دەروونی و شكاندنی ورەی تاكی كورد كردووە لەلایەن ڕژێمەكانەوە. ئەوەی لە ڕۆمانەكانیدا دەیبینین و ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگریش بووە، كورد میللەتێكە، لەو كاتەی هەست بە هەڕەشە دەكات لەلایەن دوژمنەوە، زیاتر بیری خۆڕاگری تێیدا دەچەسپێت و لەسەر داوا ڕەواكانی مكوڕ دەبێت.

بەم دوایییانە، ڕۆمانی “قەپێلك”ـم خوێندەوە كە “مستەفا خەلیفە” كەسێكی كریستیانی سوورییە نووسیویەتی و ژیانی چەندان ساڵەی خۆی لەنێو گرتووخانەكانی ڕژێمی بەعسی سووری گێڕاوەتەوە و نێوبانگێكی جیهانی هەیە و بەتەمان فیلمێكی هۆڵیوودی لێبەرهەمبهێنن. چەندان جار لەكاتی خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانەدا، خەیاڵ دەیبردمەوە بۆ ڕۆمانی “هەیئە”ی مامۆستا سەلام كە پێش چەندان ساڵ خوێندوومەتەوە. ئەوە با قسەی من نەبێت، بڕۆن هەردووكی بدەنە دەست گەورەترین ڕەخنەگرانی ئەدەبی، بێ دوودڵی، ڕۆمانی هەیئە بەتەكنیكێكی زۆر جوانتر نووسراوە و ئەو ئەشكەنجە و چەرمەسەرییانەی كوردێك كە ڕۆماننووس خۆیەتی بەدەستی بەعسی عێراقی چەشتوویەتی، زۆر سەختتر بوون لەو ئەشكەنجانەی كریستیانێك بەدەست بەعسی سووری بینیویەتی. خۆزگە خەمخۆرانی ئاوامان دەبوو، ئەم ڕۆمانە و سێ ڕۆمانەكەی دیكەی ناو “بووژانەوەی ژیلەمۆ”یان بۆ سەر زمانە زیندووەكانی جیهان وەردەگێڕا و بەشێوەی فرەوان لەپێشانگە نێودەوڵەتییەكانی كتێب بڵاودەكرانەوە. هەڵبەت ئەم چوار ڕۆمانە تاقانە نیین و ڕۆمانی دیكەشمان زۆرن كە شایەنی ئەوەن بكرێنە جیهانی و دەبنە شایەتحاڵ و بەڵگە بەسەر داگیركارانمانەوە.

ڕاستە مامۆستا سەلام عەبدوڵڵا لەم چوار ڕۆمانەدا، لایەنی پەیامی بەسەر لایەنی تەكنیكدا زاڵ كردووە و ئامانجەكەی گەیاندنی وێنەكانی ئەو ڕۆژگارەیە، بەڵام لەڕووی تەكنیكیشەوە لەئاستى باڵادان و زۆر شارەزایانە زانیویەتی لەكوێ خەیاڵ دەفڕێنێت و ڕووداوەكان وەك كەرەستەی بەردەم بەرهەمەكی بەكاربهێنێت و هیچ كەرەستەیەكی خەسار نەكردووە، هەموویانی لەجێی خۆیاندا بەكارهێناون. هەروەها زمانی ڕۆمانەكە زۆر پاراوە و خۆش دێتە سەر زار و هیچ ڕستەیەكی ماندووت ناكات. بەگشتی زمانێكی ڕۆژنامەوانییانە بەسەر ڕۆمانەكەدا زاڵە. ئەمە ستایلی ئەلبیێر كامو، ئەدیبی مەزنی فڕەنسییە و بووە بە قوتابخانەیەك و سەتان ڕۆمانی دیكە لەجیهاندا لەژێر ئەو ستایلە نووسراوە كە دەكەوێتە بەرانبەر ستایلە شاعیرانەكە. لەو ڕۆمانانەی ڕستەی شاعیرانە بەسەریدا زاڵە، خوێنەر هەست دەكات زێدەگۆیی تێدا كراوە. نووسەری ئەم چوار ڕۆمانە ئەوەشی بە زیرەكانە هەڵبژاردووە، چونكە ڕستەی ڕۆژنامەوانییانە، زۆرتر جێی بڕوای خوێنەرن. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕۆمانەكان پڕن لەڕستەی تەزێنەر و سڕكەر كە تاهەتایە لەمێشكدا دەمێننەوە.

جگە لەم چوار ڕۆمانە، سەلام عەبدوڵڵا چەندان بەرهەمی دیكەی بڵاوكراوەی هەیە، خاڵی هاوبەشی هەموویان، چوسبوونی نووسەرە لەسەرە مافە ڕەواكانی گەلەكەی. لای مامۆستا سەلام، پرۆسەی نووسین تەواوكەری پرۆسەی خەباتە، لەگەڵ ئەوەشدا، خاوەنی ستایلی تایبەتی خۆیەتی و پێی دەناسرێتەوە، ستایلێك نزیكترە لەشێوازی كەڵەنووسەرانی ساڵانی حەفتا و ئەوانەی لەژێر سەردەمی زێڕینی كۆڕی زانیاریی كورددا گۆش بوون.