خەبات: عەلی بانیشاری:- چاوەڕێ دەكرێت هاوینی ئەمساڵ گرفتی كەمئاوی لە هەولێر و دەوروبەری بەرەوچارەسەركردن بڕوات. بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان دەڵێت: بۆ چارەسەركردنی كەمئاوی ژمارەیەك بیر لێدراون و ژمارەیەكی دیكەش لە ژێر دیراسەكردندان. بەپێی ئامارێك لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر 1240 بیر بە موڵەت و لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەریش 1700 بیر بەپێی رێنمایی لێدراون.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان بە (خەبات)ـی راگەیاند: ساڵی رابردوو لەسەر داواكاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان راپۆرتێكمان بەرزكردەوە و داوای تەرخانكردنی 356 ملیار دینارمان بۆ (تۆڕەكانی ئاو، هێڵەكانی گواستنەوەی ئاو، چارەسەركردن و پەرەپێدانی وێستگەكانی ئاو) و چەند بابەتێكی دیكە لەو چوارچێوەیەدا لە شار و شارۆچكەكان كرد. گوتیشی: لە 29ی5ی2022 ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی 25 ملیار دینار بۆ تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەكان دەربڕیووە و ئەو بڕە پارەكەی دیكەش كە لە 356 ملیارەكە دەمێنێتەوە دەكەوێتە ساڵانی داهاتوو.

گوتیشی: بۆ چارەسەكردنی گرفتی كەمئاوی بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر و ئاوی دەوروبەر لە مانگی 12ی ساڵی رابردوو و مانگی یەكی ئەمساڵ لە رێگەی پارێزگاوە داواكارییەكان پێشكەشكردووە، لەسەر داوكارییەكەی ئەوان 7.6 ملیار دینار بۆ لێدان و لێدانەوەی 138 بیر تەرخانكراوە، لەو ژمارەیەش 104 بیریان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر دەبن و لە قۆناغی ئێستاشدا 33 بیر لێدراون و ژمارەیەكی دیكەش لە ژێر دیراسەكردندان. سەبارەت بە لێدانی بیر لە دەوروبەری هەولێر؟ ئاری ئەحمەد گوتی: لەم قۆناغەدا چوار بیر لە سنووری ئاوی دەوروبەر لێدراون و ژمارەیەكی دیكەش داواكراوە كە نزیكەی 40 بیر دەبێت. ئاشكراشیكرد، 70%ی ئەو بیرانەی لێدەدرێن جێگرەوەن و 30%یشیان بیری نوێن.

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم دەڵێت: تاوەكو ئێستا 1240 بیر لە سەنتەری شاری هەولێر لێدراون، لێدانی ئەو ژمارە بیرە بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە كە ئاوی پڕۆژە ستراتیژییەكانی شاری هەولێر دروست دەبێت كە ئەوانیش بریتین لە پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی یەك و دوو و سێ. دەشڵێت: لە 2015ەوە گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیایەكی بەریتانی كراوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی ئاوی هەولێر چوار، ئەگەر پڕۆژەكە جێبەجێ بكرێت بە چەند قۆناغێك ئەو 1240 بیرە دادەخرێن. بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم پڕۆژەی ئاوی ئیفراز یەك و دوو و سێ لە توانایاندایە لە هەر كاتژمێرێكدا 13500 مەتر سێجا ئاو بۆ شاری هەولێر دابین بكەن.

لەبارەی چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی ساڵانە لە پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ دروست دەبێت؟ ئاری ئەحمەد گوتی: 21 ملیار دینار بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر دابنیكراوە بۆ راكێشانی هێڵی جێگرەوەی ئیفراز سێ، هێڵە نوێیەكە دەكەوێتە نێوان گەزنە بۆ گەڕەكی هەولێری نوێ، چونكە ساڵانە چەند جارێك لەو شوێنەدا هێڵەكە تووشی شكان و كێشەی تەكنیكی دەبێتەوە. گوتیشی: هێڵەكە ئێستا جیاوازتر دەبێت و بەپێی ستانداردی جیهانی جێبەجێ دەكرێت.

بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم ئەمساڵ لە حەوزی هەولێر 8 تاوەكو 42 مەتر ئاستی ئاوی ژێر زەوی دابەزیووە، لە ناوچە شاخاوییەكانیش لە هەندێك شوێن ئاستی ئاو بەرزبووەتەوە و لە هەندێكی شوێنی دیكەش 20 مەتر دابەزیووە. سەبارەت بە چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی لەمساڵدا بە تایبەت بە شاری هەولێر؟ ئاری ئەحمەد گوتی: دۆخەكە لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە و گرفتەكان زۆر گەورە نین، بودجەی پێویست بۆ ئەو مەبەستە لە بەردەستە و كاریش كراوە بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی، ئەگەر وەكو ساڵی رابردوو گرفتی لێڵبوونی ئاوی رووبار دروست نەبێت. هەر لەو بارەیەوە زیاتر گوتی: ئەگەر لە كۆڵانێك گرفتی كەمئاوی هەبێت لە رێگەی تانكەرەوە ئاویان بۆ دابین دەكەین تا ئەوكاتەی كێشەكە چارەسەر دەكرێت.