وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی 06ـی 2022 ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی دارایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین دەکرێت.

لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند: وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هاووڵاتییان دڵنیا دەكاتەوە كە لە ڕێگەی پاڵپشتی نرخی بەنزین و بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیاكان هەموو ڕێكارێک دەگرێتەبەر بۆ زیادبوونی بەرهەمهێنانی ناوخۆو خستنەڕووی بەنزینێكی زیاتر لەبازاڕەكان.

ڕاشیگەیاند: بۆ ئەم مەبەستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی دارایی بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە دەكات و بەشێكی زۆری ڕسومات و باجەكان لەسەر هاوردەكردنی بەنزین هەڵدەگرێت و كارئاسانی پێشكەش بە هەموو كۆمپانیاكان دەكات بۆ  هێنانی بەنزین بە مەرجێک كاریگەریی  لەسەر كوالێتی  بەنزین و تەندروستی هاووڵاتییان نەبێت و لەگەڵ ڕێنماییەكانی پاراستنی ژینگەدا بگونجێت.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش دا کە حکوومەتی هەرێم هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە لە ماوەیەكی كورتدا كۆنتڕۆڵی نرخەكان دەکەن.