لەدوا چاوپێکەوتنی موراد قەرەیلان، کاراکتەری دیاری نێوpkk دەڵێ: ئامۆژگاریی برایانمان لە رۆژئاڤا کردووە کە ئیتر وێنەی رێبەری pkk و دروشم و ئاڵاکەیان لەشار و گوندەکانی ئەو دەڤەرە بەرز نەکەنەوە، بۆ ئەوەی شار و شارۆچکەکەیان بە دەردی (عەفرین) نەچێ.

ئامۆژگارییەک لە کاتێکی بەسەرچوودا کە هیچ، ئێستا، تازە ناتوانێت رۆڵێک بگێڕێت و هەمیش هەموو دەم ئەو ھەلە نارەخسێت. زۆر بە سەرانی ئەو رێکخستنە وترا کە دەست وەرنەدەنە پارچەکانی تری کوردستان و لێگەڕێن با خۆیان داوا و دروشم و داهاتووی خۆیان بنەخشێنن و بە دەستی خۆیان، بێ دەستێوەردانی دەرەکی چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن و دروشمی قەبە و نەگونجاو نەکەنە ماڵ بەسەر خۆیانەوە.

بەڵام دەستێوەردانی pkk هەر بەردەوام بوو تا ئەوکاتەی دۆخی (عەفرین) و دەوروبەری بەو ئاکامە تراژیدیە برد و بە سەدان هەزار دانیشتووی رەسەنی (عەفرین) و شار و شارۆچکەکانی ئاوارە و بێ حاڵ و ماڵ کرد کە هۆکاری سەرەکی خودی pkk و سیاسەتی چەوت و نەگونجاوی ئەوان بوو.

لەسەرەتای شۆڕشی دانیشتوانی سوریا، هیوایەکی گەورە پەیدا بوو، بەتایبەتی لە گەرمەی ئەو شۆڕشەدا کە سەراپای وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەی گرتبووەوە کە کوردەکانی سوریا کە بۆ ماوەی سەدەیەک بوو بەدەست زوڵم و زۆری عەرەبی شۆڤێنی و حزبی بەعسی سورییەوە دەیناڵاند، ئیدی لەو هەلەدا، بگەن – هەر نەبێت – بە بەشێک لە ئامانج و داواکانیان.

بەڵام بەداخەوە، بەهۆی سیاسەتی نەزان و ناعەقڵییانەی pkkوە کە مۆرکی (pkk)ی بە هۆی تابلۆی گەورەی سەرکردەکەیان و ئاڵای پەکەکە و دەیان لە جۆرەکانی، ئەوانی خستە بەرەنگاربوونەوەیەکی نابەرانبەر بەرانبەر تورکیا، کە هەر لەسەرەتاوە دیار بوو کە ئەنجامی بە شکست دەگات کە سەرەنجامەکەشی لەدەستدانی ناوچە رەسەنەکانی باو و باپیرانی خۆیان بوو.

بۆیە دەبێ (pyd) ئیدی لەوە زیاتر بەو دروشمانەی ئەوان فریو نەخوات و ئەوەش کە ماوە لەدەستی نەدات. داوای مرۆڤانە و یاساییانەی خۆیان بکەنە دروشم و واز لە دروشمبازی و بیروڕای شکست خواردوو بهێنن و هەرنەبێت لەسەر زەوی و خاکی خۆیان بمێنن.

بەو هیوایەی (pyd) سوودی لە شکستەکانی پێشوویان وەرگرتبێت و سوودیان لەو ئەزموونە تاڵە وەرگرتبێت بەتایبەتی کە pkk هیچ دەستکەوتێک لە زیان زیاتر بە گەلەکەمانی نەگەیاندووە.
ئامۆژگارییه‌كه‌ی قه‌ره‌یلانیش له‌كاتی به‌سه‌رچوودابوو، كه‌بڕوا ناكرێ هیچ سوودێكی هەبێت.