سه‌لام عه‌بدوڵڵا

بە پێی بەڵگەنامەیەک کە بە ژمارە 15/7/487 و لە رۆژی 10/12/2015 پێشکەش بە ئەنجومەنی باڵای دادوەری کراوە لە بەغدا، سەبارەت بە گەندەڵیی دارایی دەڵێت:

بە پێی نووسراوی ئەمانەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە 419 لە 30/10/2015 بە ئیمزای سەرۆکوەزیرانی ئەوکات کە بەڕێز نوری مالیکی بوو، داوای (3) میلیار دۆلار کراوە کە لە بانک ڕابکێشرێ و ملیار و نیوێکی بدرێت بە حسێن ئەحمەد مالیکی و ملیار و نیوەکەی تریشی بدرێت بە دکتۆر حەنان سەعید فەتلاوی، بۆ ئەوەی بە سەر خێزانە زیانلێکەوتووەکان و ئاوارەکانی هەر دوو پارێزگای بابل و کەربەلای پیرۆز دابەشبکرێ، بەڵام لەوەدەچێت ئەو مەبلەغە زەبەلاحە بەلایانەوە کەم بووبێت، بۆیە لە 20/11/2015 دا، بەڕێوبەری لیژنەی سەرف- بێ ئاگادارکردنی سەرووی خۆشی- مەبلەغی ملیارێکی تریشیان – نەک ئەو تۆزە پارەیە بەش نەکات- بۆ سەرف دەکات کە پێکەوە دەکاتە (4) ملیار دۆلار. بەڵێ چوار ملیار!!

ئەمە لەوکاتەدا بوو کە ئابلۆقەیان خستبووە سەر هەرێم و یەک دۆلاریشیان نەدەنارد.

جا کاتێک سەیری دانیشتووانی ئەو دوو شارە و ژمارەیان دەکەین لە ساڵی 2015 دا، ئەوسا لە قەبارەی گەندەڵی تێدەگەین.

لەو ساڵەدا ژمارەی دانیشتووانی کەربەلای پیرۆز (1216750) یەک ملیۆن و دووسەد و شازدە ھەزار و حەفتسەد و پەنجا کەس بووە و ژمارەی دانیشتووانی بابلیش (2231126) دوو ملیۆن و دووسەد و سی و یەک ھەزار و سەد و بیست وشەش کەس بووە.

جا با وای دابنێین – کە عەقڵ و لۆژیکیش قەبووڵی ناکات- هەر هەموویان زەرەرمەند بوون، ئەوساش هەر تاکەکەسێک، نەک خێزانێک، یەکی (1127431 ) یەک ملیۆن و سەدو بیست و حەوت هەزار و چوارسەد و سی و یەک دۆلار، بەڵێ دۆلاری، بەردەکەوێت، یان دەبێت بەریان کەوتبێت.

ئەمەش گەندەڵییەکی هێندە ئاشکرایە کە تێفکرینی هیچ پێناوێت.

جا سەیر ئەوەیە، وا حەوت ساڵ بەسەر ئەو گەندەڵییەدا تێدەپەڕێت و نە ئەندام پەرلەمانێکی کورد ، بەتایبەتی ئەوانەی هەمیشە بە دوای هەرێمی بێ بودجە و مووچەوە بوون، تۆ لە عەرەبی شۆڤینی و داخ لە دڵی بێ بنەمای عێراقی گەڕێ، بۆ یەکێکیان لە سەر ئەو گەندەڵییە ئاشکرایەوە نەبوون و دەنگێکیان لێوە نەهات، ئەمە لە کاتێکدا ئەوە بە نووسراوێکی فەرمی لە لایەن پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە وەکالەت پێشکەشی ئەنجومەنی دادگای باڵا کراوە.

ئیدی بۆیە دەڵێین، زۆر پێویستە نوێنەری ئازا و بوێر بنێرینە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، نەک ئەوانەی وەک دوژمن رەفتار لەگەڵ هەرێم و دۆزە دەستووری و ڕەواکەی دەکەن.

لەکۆتاییدا دەڵێین؛ خۆش بە حاڵی کەربەلای پیرۆز و بابل، چونکە هەر هەموویان ملیۆنێرن.