سەلام عەبدوڵڵا
کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە گەلی کورد هەرگیز سڵی لە قوربانیدان و تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی ئامانجە ڕەواکانی نەکردۆتەوە و مێژووی دوور و نزیکمان گەواهیدەری ئەو ڕاستییەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا، پرسیار ئەوەیە، ئەی بۆ تا ئێستا بە تەواوی ئامانجەکانی نەگەیشتووە؟
رەنگە هەبێت بڵێ هۆکار ئەوەیە، هەمیشە تەرازووی هێز لە بەرژەوەندی دوژمنانی گەلەکەمان بووە و ئەوان بەهێز و بەتواناتر بوون و خاوەن چەک و جبەخانەی پتر بوون. رەنگە ئەوە تا ڕادەیەک ڕاستی تێدا بێت، بەڵام زۆر جاریش دوژمنەکانمان لاواز و بێ توانا بوون و لە شکستدا بوون، بەڵام ئێمە هەر بە ئامانجی دڵخوازی خۆمان نەگەیشتووین، هۆکاری سەرەکی ئەوەش ناتەبایی نێو ڕیزەکانی گەلەکەمان لەو ساتە چارەنوسسسازەدا کە نەیتوانیوە لەو هەلە رەخساوەدا سوود لەو مۆڵەتە وەربگرێ و بە ئامانجەکانی بگات، ململانێی نێو خۆمان بووە و مێژووشمان پڕە لەو ڕاستییانە.
جا بۆ ئەوەی، لەم قۆناغەشدا، ئەو هەلە مێژووییەی ڕەخساوە ئێستا، کەوا 30 ساڵە حکوومەتی هەرێم دامەزراوە و قۆناغی زۆر سەختی تێپەڕاندووە و لە سەر پێی خۆی ڕاوەستاوەو دەستکەوتی گرنگی بۆ گەلەکەمان، بە گشتی، بەدیهێناوە، ئەمجارە بە دەستی خۆمان لە کیس خۆمانی نەدەین، دەبێ ئیتر لە مێژوو فێر بین و هەڵەکانمان دووبارە نەکەینەوە و دڵی دوژمنانی ئەم دەستکەوتانە ئاسوودە نەکەین.
بیناسازی کاری زۆر و بەردەوام و قوربانی دەوێت، بەڵام رووخان و تێکدان، بەتایبەتی کە لە نێوخۆدا ناتەبابین، زۆر بە ئاسانی مەیسەر دەبێت.
ئێمە ناڵێین، هەرێمەکەمان، بێ کەم و کوڕییە و نابێ خۆمان، تەنانەت، بە دەورووبەریشمان بەراورد بکەین، چونکە ئەوانە سەدان و بگرە هەزاران ساڵە، خاوەن دەوڵەت و سەرزەمینی خۆیانن و ئێمە تازە لە سەرەتای بیناسازی داین و خەریکی بنیاتنانی شاکۆڵەکەکانی دەوڵەتین و تەنیا بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پیرۆزەش هەر تەبایی و یەکڕیزییە.
هەربۆیە بە پیرەوەچوونی دەستپێشکەرییەکەی سەرۆکی هەرێم، هەنگاوێکی گرنگی ئەو مەبەستەیە.









