یەکێک لە کارنامەکانی کابینەی نۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دۆزینەوەی هەلی کار و پاراستنی مافی کرێکاران بووە، ئەمڕۆ ١ی ئایار، لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاراندا، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، 16هەزار کۆمپانیا و 133 هەزار کرێکار دەستەبەر کراون و پارەی سندووقی خانەنشینی گەیشتووەتە 900 ملیار دینار و 350 هەزار دینار بۆ کرێکاری ناکارامە و 2500 دیناریش بۆ کاتژمێرێکی کار دیار کراوە.

لە دیدارێکی لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری، کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی (لەسەر لیستی گۆڕان) تیشکی خستووەتە سەر ڕەوشی کار و بارودۆخی کرێکاران و بەرنامەکانی حکوومەت لەو بوارەدا و دەڵێت: ”ڕەشنووسی یاسای کارمان ئامادە کردووە و بڕیارە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا بچێتە ئەنجوومەنی وەزیران. یاسای دەستەبەری خانەنشین و یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتییش ئامادە کراوە و ئاراستەی وەزارەتەکان کراوە، بۆ ئەوەی سەرنج و تێبینیی خۆیان بخەنە ڕوو و دوای جەژن دەخرێتە بەرنامەی کار و ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت”.

سەبارەت بە هێنانی دەستی کار لە دەرەوەش دەڵێت: ”ڕێنمایی هێنانی کرێکاری بیانی ئامادە کراوە بۆ سنووردارکردنی هێنانی کرێکاری بیانی و بۆ ئەوەی زیاتر هەلی کار بۆ کرێکاری خۆماڵی بڕەخسێنین”.

سەبارەت بە دەستەبەری کۆمەڵاتییش بۆ کرێکارەکان، ئەو وەزیرەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: ”لە ڕێگەی بەشی دەستەبەری کۆمەڵاتییەوە وا دەکەین کرێکار مافەکانی دەستەبەر بکرێت، بۆ ئەوەی کە گەیشتە تەمەنی خانەنشینی، وەکوو هەر کەسێک کە لە کەرتی گشتیدا خانەنشین دەبێت، ئەویش خانەنشین بکرێت”.

هەر سەبارەت بە کارنامەی حکوومەت و پشتیوانیی سەرۆکی حکوومەت لەو بوارە، کوێستان محەمەد دەڵێت: ”بە پاڵپشتیی سەرۆکی حکوومەت توانیومانە هەموو پێداویستییەکانی بەشەکان دابین بکەین، هەربۆیە ژمارەی کۆمپانیای دەستەبەر زیادی کردووە و زیاتر لە 16 هەزار کۆمپانیا دەستەبەرە و زیاتر لە 133 هەزار کرێکاریشمان دەستەبەر کردووە، بۆیە ئێستا پارەی سند٢وقی خانەنشینی گەیشتووەتە 900 ملیار دینار، ئەمەش وادەکات خواستی گەنج لە کەرتی گشتییەوە بگوازرێتەوە بۆ کەرتی تایبەت، کاتێک بزانێت مافەکانی لە کەرتی تایبەت مسۆگەر کراوە”.

هەرچی سەبارەت بە کاتژمێرەکانی کار و کرێی کرێکارانە، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت: ”ئەو بڕە پارەیەی سەرۆکی حکوومەت بۆ زیادکردنی کرێی کرێکاران واژووی لەسەر کردووە، بووەتە 350 هەزار دینار بۆ کرێکاری ناکارامە، بۆ کاتژمێرێکی کاریش بووەتە 2500 دینار، بۆیە پێویستە بەدواداچوونی بۆ بکەین، چونکە زۆربەی خاوەن کۆمپانیاکان پابەندی ئەم بڕیارە نابن”.

سەبارەت بە پەیداکردنی هەلی کار و بەکارخستنی گەنجانیش وەزیری کار گوتی: ”بەشی بەکارخستن لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کار چالاک کراوە و ڕۆژانە سەردانی شوێنکارەکان دەکەن، بۆ ئەوەی هەر شوێنکارێک پێویستی بە دەستی کار هەبێت لای خۆمان تۆماری دەکەین. ڕۆژانە گەنجەکانمان سەردانی بەشەکە دەکەن، بۆ ئەوەی بیانخەنە سەر کار و زۆر لە کۆمپانیاکانیش خۆیان داوامان لێ دەکەن، خەڵکیان بۆ بنێرین بۆ ئەوەی بخرێنە سەر کار”.

کوێشتان محەمەد ئاشکرایشی کرد کە ماڵپەڕی تایبەتیان هەیە بۆ بەکارخستن، هەروەها هێڵی گەرمی 5500یان چالاک کردووە، بۆ ئەوەی لەوێوە ئەو کرێکارانەی کێشەیەکیان لەگەڵ خاوەن کارەکەیاندا هەیە، پەیوەندییان پێوە بکەن. ئەمە جگە لەوەی سەنتەری ڕاهێنانی پیشەییان لە شار و شارۆچکەکاندا هەیە.

سەبارەت بە پرسی کەمئەندامان و تۆمارکردنیان وەزیر کار گوتی: ”لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2021ەوە دەستمان کرد بە تۆمارکردنی ژمارەیەک کەمئەندام، ئێستا ژمارەی کەمئەندامان 11 هەزار و 850 کەمئەندامە. لەگەڵ وەزیری تەندروستی کۆنووسێکمان واژوو کردووە، ئەوان دەستیان کردووە بە پێکهێنانی لیژنەکانی پشکنین، دوای جەژنیش لیژنەکان دەستبەکار دەبن. ئەو کەمئەندامانەی تۆمار کراون ڕەوانەی لیژنەی پزیشکی دەکرێن، بۆ ئەوەی پشتڕاست بکرێنەوە کە کەمئەندامن، دواتر ئەم لیستە دەنێرین بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بخرێنە شوێنی ئەو کەمئەندامانەی لە سەرەتای دەستبەکاربوونمانەوە تا ئێستا ناوەکانیان سڕاونەتەوە، بە هۆکاری ئەوەی کۆچی دواییان کردووە، یان شایانی کەمئەندامی نەبوون، بۆیە دوای جەژن دەست دەکەین بە پشکنین و ئەگەری هەیە پڕۆسەکە نزیکەی دوو مانگ بخایەنێت”.

بۆ ئەو حاڵەتانەی کە کرێکار لە کاتی کاردا تووشی پێکان، یان کەمئەندامی دەبێت و دەستەبەرەکەی چی دەبێت؟ کوێستان محەمەد گوتی: ”کاتێک کرێکارێک لە کاتی کارەکەیدا تووشی پێکان بێت، خانەنشین دەکرێت و بە ڕێژەی پێکانەکەی خانەنشینییەکەی وەردەگرێت، ئەگەر لەسەر کارەکەی کۆچی دوایی کرد، بە تەواوی مووچەکەی خانەنشین دەبێت، ئەگەر ساڵانی خزمەت و تەمەنی گەیشتە ڕێژە یاساییەکەی، خانەنشین دەبێت، بەڵام بەداخەوە زۆربەی ئەو کرێکارانە پارەی پاداشتی کۆتایی خزمەتیان وەردەگرن، ئەمە بێبەشیان دەکات لە خانەنشینی، بۆیە داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم لە کەرتی تایبەتی کار دەکەن، بەردەوام بن لە پێدانی پارەی دەستەبەرییەکەیان، بۆ ئەوەی کاتێک چوو بۆ کارێکی تر ئەم خزمەتە لەگەڵیدا بگوازرێتەوە، هەر کاتێک لە کەرتی گشتییش دامەزرا دەتوانێ ئەو خزمەتەی بۆ ئەوێ بگوازێتەوە، کاتێک ساڵانی خزمەت و تەمەنی گونجاو بێت وەک کەسێک لە کەرتی گشتی خانەنشین دەبێت، بۆیە ئامۆژگارییان دەکەم ئەم بڕە پارەیە وەرنەگرن تا خانەنشین دەبن، ئەو کاتە تەواوی ژیانیان پارەی خانەنشینی وەردەگرن”.

سەبارەت بە پێشێلکاریی کۆمپانیاکان بەرامبەر بە کرێکاران و لێپێچینەوەکانیان، ئەو وەزیرەی حکوومەتی هەرێم گوتی: ”ئامارێکی وردمان نییە بۆ ژمارەی ئەو کۆمپانیا و شوێنکارانەی داومانن بە دادگا، بەڵام خۆشبەختانە تا ئێستا هەر لایەنێکمان دابێت بە دادگا، وەزارەتی کار براوە بووە، بەڵام بەهۆی کەمیی دادوەری کار و سستیی کاری دادگاکان، یەکلاکردنەوەی دۆسیەکان بە سستی دەڕوات”.

لە کۆتاییشدا و لە ساڵیادی ڕۆژی کرێکارانی جیهاندا، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامی خۆی گەیاندە کرێکاران و گوتی: ”ئێمە وەکوو کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیاتان دەکەینەوە پشتیوانتانین و داکۆکیکاری ڕاستەقینەی مافەکانتانین، هیچ گومانێکتان نەبێت لە هەر شوێنێک مافەکانتان پێشێل کرا، ئێمە بە دەنگتانەوە دێین”.