ئەمڕۆ پێنج شەممە 21-4-2022 شاندێكی باڵای ئەمنی عێراق گەیشتنە شارۆچكەی شنگال.
ئاژانسی هەواڵی عێراق بڵاویكردۆتەوە كە شاندێكی باڵای ئەمنی عێراق بەسەرۆكایەتی حەمید شەتری،سەرۆكی دەزگای ئاسايشی نیشتمانی و عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری  عێراق و عەبدولئەمیر شەممەری،جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی ئەمنی گەیشتوونەتە شارۆچكەی شنگال.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، ئامانجی سەردانەكە بەسەركردنەوەی هێزە ئەمنییەكان و چاودێریكردنی دۆخی ئەمنی ناوچەكەیە.
جێگای ئاماژەیە ئێوارەی رۆژی  دووشەممەی رابردوو لە سنووری شارۆچكەی شەنگال شەڕ و پێكدادان لەنێوان سوپای عێراق و چەكدارانی پەكەكە ڕوویداو دواتریش رۆژی سێشەممە جارێكی دیكە شەڕەكە دەستی پێكردەوەو چەند كەسێكیش لەنێوان هەردوولادا برینداربوون.