بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە “بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و لەپێناو بەرژەوەندی گشتی، لێخۆشبوونی 15%ی قەرزی ئاو بۆ هاوبەشانی ئاو تا 9 ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت بەپێی ڕێنمایی دارایی ژمارە 4 ی ساڵی 2022”.
جەخت کراوەتەوە، تەواوی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە شارو شارۆچكەكانی هەرێمی کوردستان ئاگادار كراونەتەوە بۆ كاركردن بەو ڕێنوێنییە و جێبەجێكردنی تاوەکوو 9ی مانگی شەش.
لای خۆیەوە، ئاری ئەحمهد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “لێخشبوونی 15ی قەرزی ئاو ماوەکەی تەواوبوو، بەڵام بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتییان درێژ کرایەوە”.
ئەوەشی خستە ڕوو: “حكوومەت لە خزمەت هاووڵاتییاندایە بۆ كارئاسانی و لە درێژكردنەوەی لێخۆشبوونی 15%ی قەرزی ئاویش هەر خزمەتی هاووڵاتییان ڕەچاو كراوە بۆ ئەوەی ئەركی سەرشانیان سووك بكرێت”.









