سەلام عەبدوڵڵا

نووسەرێکی رۆژاوایی سەبارەت بە تێکشکاندنی ئیرادە و ویستی گەلێک و شارستانییەک دەڵێ:

“بۆ داڕمانی ئیرادەی گەلێک و لەناوبردنی تواناکانی و لەبەین بردنی داهاتووی نەتەوەیەک پێویست بە سێ ئامرازە:

یەکەم: نەهێشتنی بەها و پیرۆزیی خێزان بەکەمکردنی رۆڵی دایک و باب بۆ پەروەردە کردنی منداڵ و هاندانی منداڵ و گەنجان بۆ رێزنەگرتن لە خێزان و گوێڕایەڵیی سەرپەرشتانی خێزانەکەی، ئەمە بە هەنگاوی یەکەم پێناسە دەکات بۆ هەڵوەشانەوەی خێزان و ئەڵقەی یەکەمینی کۆمەڵگایەک.

دووەم: بێ بەهاکردنی خوێندن و زانست و پەروەردەش یەکێکە لەو مێتۆدانەی بۆ داڕمانی نەتەوەیەک بەکاردەهێنرێت و لە ئەنجامدا گەلێکی بێ سەلیقە و بێ زانستت بۆ دێتەپێش، کە بەئاسانی لە هەموو روویەکەوە بەرگەی هیچ ناگرێ و بێ ئیرادەکردنی مەیسەر دەبێت و ئاواتەکانی لەگڵ دەنرێت.

سێیەم: بێ بەهاکردنی رۆڵی سەرکردە مێژووییەکان و بێ ڕێزی بەرانبەر خەبات و تێکۆشانیان و هەوڵی ناشرین کردنی سەرکردە و کەسایەتییە دیارەکانی نێو کۆمەڵگە و بێ بەهاکردنی خەبات و تێکۆشانی نیشتمانپەروەران و ئەوانەی چەکی شەرەفیان بۆ داکۆکی لە گەلەکەیان کردۆتە شانیان و قوربانییان بۆ داوە و بێ ڕێزی بەرانبەریان و زیندووکردنەوەی ملکەچی و زەبوونی و ژێردەستەیی و بێ هیواکردنی هاونیشتمانیان و بەگەورە زانینی دوژمنەکانیان و بێهودە بوونی تێکۆشان و گەڕانەوە بۆ ژێردەستەیی و کۆیلایەتی… و هتد، هەمووی دەچێتە قاڵبی کۆڵەکە سەرەکییەکانی داڕمانی گەلێک”.

گەر ئەمانەی سەرەوە ڕای نووسەرێکی رۆژاوایی بێت بەرانبەر گەلان و نەیارانی، ئەوە جێی مشتومڕە و باری سەرنجی زۆر هەڵدەگرێ.

بەڵام کاتێک گەلێک خۆی لەرێی جا میدیای ” سەربەخۆوە” بێت یان رێکخراو یان حزبێک یان چەند حزبێکی دیاریکراوەوە بێت، دەقاودەق بەو شێوەیە چەواشەی خەڵکەکەی خۆی بکات و ئەو ئیرادەیە بەدەستی خۆی لاواز و بێ هیوا بکات و خۆی ببێتە هەڵگری مەشخەڵی داڕمانی نەتەوەکەی و زەمینەسازی بۆ گەڕانەوەی هەیمەنەتی دەوڵەتە سەردەستەکەی بکات و ئەو هەموو قوربانی و خوێن و تێکۆشان و ماڵوێرانی و ئەنفال و کیمیاباران و نەهێشتنی ئاسەواری میللەتێک نادیدە بگرێ و تەپڵ بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی ئەو حکوومەتە لێ بدات، کە دەیەوێت بەتەواوی کلک و گوێی مافە دەستوورییەکانی بکات و هەرچی دەستکەوتە بە قەوارەی هەرێمیشەوە لەناو ببات، بەو کارە لە ناپاکی و نیشتمانفرۆشی بترازێت، چ ناوێکی گونجاوتری لێ بنرێت؟ کە بەداخەوە لە بەشێکی ئەم هەرێمە بچکۆلەیە بە ئاشکرا دەبینرێت.