ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان پێشبینیی ڕوودانی گۆڕانکاریی کرد لەم حەفتەیەدا و دەشڵێت، ئەگەر ھیچ گۆڕانکارییەک ڕوو نەدات پارتی بۆ ئەو ڕەوشەی ئێستا لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان ھەڵوێست و دەرچەی دیکەی لە پێشە.
لیزا کاکەیی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی دوای ھۆشدارییەکەی داومانە بە سەرۆکی پەرلەمان و تا ئێستا ڕەوشەکە هەروەک خۆیەتی، داواکارین دەست بە کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت و مافی خەڵکی کوردستان زەوت نەکرێت، چونکە ڕاگرتنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان کاریگەریی لەسەر ئابووریی کوردستان و بازاڕ و بژێوی ھاووڵاتییانیش ھەبووە، ھەتا لە ڕووی دەروونییەوە کاریگەریی ھەبووە.”
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: “پێشبینی دەکرێت لەم حەفتەیەدا ھەندێ گۆڕانکاری ڕوو بدات و ڕەوشەکە لەو چەقبەستووییەی هەیە، دەربازی ببێت، جارێ دیاریش نییە گۆڕانکارییەکان تا چ ڕادەیەک دەبن، بەڵام ئەو ڕەوشەی ئێستا بەم شێوەیە نامێنێت و گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت، ھەموومان تەمەننای ئەوە دەکەین ھەرێمی کوردستان لەم قۆناغە تێ پەڕێت و لایەنەکان بگەنە ئەنجامێک.”
لەبارەی ئەوەی دەگوترێت ئەگەر پەرلەمان پەک بخرێت، پارتی نیەتی بەکارھێنانی زۆرینەی پەرلەمانیی ھەیە، کاکەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “پارتی نیەتی زۆرینەی نییە، بەڵام ئەگەر ڕەوشەکە بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، بەڵێ، پارتی لەپێناو خەڵکی کوردستان و بۆ بەرژەوەندیی گشتی ھەڵوێست و بەدیلی ھەیە و دەرچەیەک دەبێت بۆ ڕزگاربوون، ئەوانەی باسی زۆرینە دەکەن بۆچی چاو لە کۆبوونەوەی ٢٣ی حوزەیران ناکەن، کە ئەوان زۆرینەیان بەکار ھێنا، ئەگەر ئێمە زۆرینە بەکاریش بێنین، بۆ بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دەبێت.”









