خەبات: سەردار حوسێن:- بۆ ئەوەی هەڵە لە نێوان كارەسات و كێشەو قەیران روو نەدات، بۆ نموونە دەڵێین: كێشە بریتییە لەو شڵەژان و نارەزایەتییەی لە دەرەنجامی هەندێك ئاستەنگ دێـتە پێشەوە، كە رێگر دەبێت لە گەیشتن بە ئامانجەكان، هەروەهاش كێشە كاتێك بەروونی دەردەكەوێـت لەبەرانبەر بەدەستهێنانی دەرەنجامە چاوەڕوانكراوەكانی كار و چالاكییە جۆراو جۆرەكانماندا دەستەوەستان دەبین، ئەو كێشەیەش دەبێتە هۆكاری حاڵەتێكی نەخوازراو، دواتریش ئەو كێشەیە رەنگە ببێتە ئامادەكارییەك بۆ دروستبوونی قەیران، ئەگەر رێڕەوێكی ئاڵۆز و تیژی وەرگرت، كە پێشبینی دەرەنجامەكانی بە شێوەیەكی ورد، قورس و زەحمەت دەبێت، بۆیەش پێویست بەوە دەكات كە بڕیار و رێكاری زۆر خێرای بۆ بگیرێتەبەر.

هەروەها تێكەڵكردنێكی فراوان لەنێوان كارەسات و قەیران هەیە، وێڕای ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەنێوان هەردوو وشەدا هەیە. ئەو كێشەیەی بەبێ چارەسەركردن بۆ ماوەیەكی درێژ دەمێنێتەوە دەبێـە كارەسات، كارەساتیش زۆرترین جار دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیران، كارەسات ئەو حاڵەتەیە كە بە كردەوە روویداوەو دەبێـە هۆی زیانگەیاندن و وێرانكردنی ژێرخانی سەرچاوە مرۆیی یان مادییەكان و یاخود هەردووكیان، لە هەموو حاڵەتێكیشدا هۆكارەكانی كارەسات راستەوخۆن و دەكرێ لە ماوەیەكی دیاریكراودا گەمارۆ بدرێن.

هۆكارەكانی كارەسات بریتین لە سرووشتی یان مرۆیی یان پیشەسازی یاخودیش هەموویان بەیەكەوە، لە كاتێكدا تێگەیشتن لە ململانێ و ركابەریكردن لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا چڕ دەبنەوە، ئەوەیش راستەقینە یاخود خەیاڵی بێت، بەجۆرێك كە بەریەككەوتن لە ئامانجەكان یاخود بەرژەوەندی یانیش هەڵسوكەوت هەبێت، كە دەبنە هۆی ململانێ لەنێوان تاك و سەركردەكاندا، وەهاش دەردەكەوێت كە باشترین شێواز بریتییە لە وتووێژ لە پێناو بەدیهێنانی چارەسەردا، چارەسەریش لە وتووێژدا بریتییە لە گەڕان بەدوای بەرژەوەندی هەردوولا.

كاتێك بارودۆخ زۆرتر گڕ دەگرێت، قەیرانەكان دەچنە قۆناغێكی نوێ، كە قۆناغی بەیەكدادانە، ئەوەیش لەوكاتەدایە كە لایەنە جیاوازەكان بۆیان قورس دەبێـت بەرگەی گۆڕانكارییە نوێیەكان بگرن و بەشێوەیەكی تایبەت پلەی گەرمی قەیرانەكان بەرز دەبنەوە، كە توانای كۆنترۆڵكردنی لەدەست دەدات و ئاسان نابێت بەرگەی بگیرێت، ئێستا لەسەر ئێمە پێویستە ئەوانە لەیەكتر جیا بكەینەوەو دەستنیشانیان بكەین، لێرەدا لیستێكی درێژ هەیە كە هەموو ئەو تێگەیشتن و زاراوانە لەخۆی دەگرێت، كە پەیوەندی راستەوخۆییان بە قەیران و بەڕێوەبردنی هەیە، كە كاریان وەك ئەو كلیلانەیە بۆ كردنەوەی دەرهاوێشتە و پێكدادانی واتا راستەقینەكان.

لێرەوە دەتوانین بڵێین كە دەستەواژەی قەیران و بەڕێوەبردنی بەوە گوزارشت بكرێت كە بریتییە لە: كۆمەڵێك شێواز و پێشنیار و دامەزراوە، كە كار لەسەر بڕیاردانی خێراو لۆژیكییانە دەكەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەختی و گۆڕانكاری و حاڵەتی لەناكاوی دیاریكراو.

ئامانجەكەشی رێگریكردنە لە فراوان بوونی چوارچێوەی قەیرانەكە، كە دەبێتـە هۆی پێكدادان و ململانێكان و راگرتنی ئەو قەیرانە تا نەبێتە هۆی رووبەڕووبوونەوەی كرداری، دەبێ ئەوەیش بڵێین كە ئەو زاراوانە زۆرینەیان ریشەیەكی مێژووییان هەیەو هەموویشیان پەیوەندیان بە مێژووەوە هەیە، دەركەوتنیشیان زیاتر پەیوەست بووە بە بەكارهێنانیان لەنێو دامەزراوە كارگێڕییەكاندا، وەك هەر تێگەیشتنێكی دیكەی نێو دامەزراوە كارگێڕییەكان، ئەو حاڵەتانەیش گەشەیان سەند لەگەڵ گەشەسەندنی كۆمەڵگاكان لەنێوخۆدا، زانستی بەڕێوەبردنی قەیرانەكان زانستی راگرتنی هاوسەنگییە، كە ئەوەی دووەمیان واتای جوولەو ئاراستەكانی هێز دەدات، هەروەهاش خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانكارییە جیاوازەكان گەڕان بەدوای ئاسەوارەكانی لە هەموو بوارەكاندا، ئەوەیش روویەكی دیكەی بەڕێوەبردنی قەیرانەكانە، كە تەواو پێچەوانەی ئەوانەی پێش خۆیەتی.

ئامانج لە بەكارهێنانی شێوازی بەڕێوەبردنی قەیرانەكان بریتییە لە:

1- ئامرازێكە بۆ شاردنەوەی كێشە سەرەكییەكان كە بەراستی بوونیان هەیە، چونكە قەیران وا لە تاك دەكات بیر لە نائومێدی بكاتەوەو دابڕووخێت، دەبێ مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و كێشەكانی پێش خۆی دابپۆشێت.
2- ساغكردنەوەی هەندێك بەروبووم و كاڵاو كەلوپەل لە رێگەی دروستكردنی خنكانێكی خەیاڵی بازاڕەكان و زیادكردنی خواستی خەڵك لەسەر ئەو كاڵایانەو كۆگاكردنیان.
3- هەوڵدان بۆ دەستبەسەرداگرتن و كۆنترۆڵكردنی هەندێك شوێن و ناوچە، لەژێر پاساوی پاراستن و ترس لە دەستدرێژیكردنەسەر لەلایەن كەسانی دیكەوە.
4- هەوڵدان بۆ گۆڕینی هەندێك كەس و گرووپ لە پێگەی هێرشبردنەوە بۆ پێگەی بەرگریكردن، كە پێشتر لە پێگەی هێرشبردن بوونە.
5- سەرنجڕاكێشانی رای گشتی یاخود ئەوانەی دەكرێنە ئامانج بۆ كێشەیەك یان زەحمەتییە، كە لەبارودۆخی ئاساییدا بۆیان گرنگ نەبووە.
6- دەرچوون لە قەیرانە بۆماوەییەكان.
7- دروستكردنی پیلانگێڕان.
8- رێگریكردن لەلایەنەكەی دیكە لە بەردەوامبوون لە سەركەوتنەكانیدا.
بەڕێوەبردنی قەیرانەكان هەڵدەستێك بە جۆشدانی قەیرانەكان و داڵدەدان و گەرمكردنی بارودۆخەكەو ئەو قەوارە یان چینەی دەكرێنە ئامانج، ناچار دەكرێن ملەكەچ بن بۆ كاریگەرییەكانی، لەبەر ئەوەی بەڕێوەبردنی قەیرانەكان كردارێكی ستراتیژی نییە، بەڵام كردارێكی كاتی و راگوزرەو بە خێرایی كۆتایی دێت.
قسەكردنی بەردەوام لە قەیرانەكان و بەڕێوەبردنیان، دەمانگەیەنێتە ئەو شوێنەی ئەوەیان ئەو چركەساتە یەكلاكەرەوەیە، یاخود ئەو كاتە قورسەیە كە رووبەڕووی دەبینەوە، لە حاڵەتێكی دەرەكی و هەڵسوكەوتێكی باوی ئاساییدا، كە دەگاتە ئاستی كوڵان و هەڵچوون و دواتریش دەبێت خاڵی وەرچەرخان، كە بە ئاسانی دەتوانرێت پێشبینی روودان و ئەگەرەكان و دەرەنجامەكانی و ئەوەی پێویستە بكرێت، بەڵام بەڕێوەبردنێكی كاریگەری پێویست كە پشت بە رازیبوون بە حاڵەتێكی لەناكاو دەبەستێت، بەزۆری دەكەوێتە سەر ئاستی كاركردن و مامەڵە لەگەڵكردنی.

كە ئەویش پێكهاتەی تایبەت بەخۆی هەیە لەوەی رێبەرایەتی دەكات بۆ دروستبوونی قەیرانێك یاخود جۆرێك لە قەیران، ئەوەش پێویست بە ئاستێكی هاوكاریكردن و بەدەنگەوەهاتن و ئاوێتەبوون لەگەڵی دەكات، هەروەها لە هەندێك حاڵەتدا ئەگەری شكستیش هەیە لەو رووبەرووبوونەوەیەدا، بەهۆی ئەو هەستنەكردنەی لایەنێك، كە دەبێتە هۆی لەدەستدانی كۆنترۆڵكردنی قەیرانەكە، یاخود داننەنان بە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی، كە زۆرجاریش لە كۆتاییدا رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی و هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی هاوبەش دەبێـتەوە.

زۆرترینجار و لە پلەیەكی بەرزدا قەیرانەكان لە كاتی ناشیاودا سەرهەڵدەدەن، بۆ نموونە ئامادەنەبوونی بەرپرسی جێبەجێكردنی دەزگایەك لە چركەساتێكی لەناكاوی مەترسیدار و قورسدا، كە رووبەرووی ئەو دامەزراوەیە دەبێتەوە، كە وادەكات مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو قەیرانە بۆ ئەو دامەزراوەیە زۆر قورس بێت، رەنگە بارودۆخی گشتیش بخاتە ئەوپەڕی مەترسی لە رووبەڕووبوونەوەو تەقینەوەدا، لە هەمان كاتدا ئەگەری ئەوەیش هەیە كە قەیرانەكە ترسناك بێت و بەجۆرێك داڕێژرابێت، كە پێویست بكات هەموو رێكارێك بگیرێتەبەر بۆ كارو چالاكی رۆژانەی ئەو دامەزراوەیە، تا لە سڕبوون بیپارێزێت، ئەوەیش لەسەر هەر حاڵەتێك لەو حاڵەتانە پراكتیزە دەبێت، كە بەجۆرەها شێواز دەردەكەون، تا بتوانرێت سنوورێك بۆ ئەو كێشە چاوەڕوانكراوانە دابنرێت.