وەك ئامادەكاری ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتی كەمئاوی لە شاری هەولێر چەند بڕیارێک دران و 138 بیری ئاوی تازە لێدەدرێن و كارەبای 24 كاتژمێری بۆ بیرەكان دابین دەکرێ.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 14/4/2022 بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و كەمال محەمەدساڵح، وەزیری كارەبا و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیران، كۆبوونەوەیەكی باڵا بە مەبەستی ئامادەسازی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی و چارەسەركردنی گرفتەكان لە شاری هەولێر لە وەرزی هاویندا بەڕێوەچوو تێیدا.
جەخت کراوەتەوە وەك ئامادەكاری ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتی كەمئاوی لە شاری هەولێر چەند بڕیارێک دراون.
ئەم كۆبوونەوەیە داوای ئەوە دێت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بودجەی بەگەڕخستنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ساڵی 2022 بڕیاری دا بە خەرجكردنی (7,654,590,686) حەوت ملیار و شەشسەد و پەنجا و چوار ملیۆن و پێنجسەد و نەوەد هەزار و شەشسەد و هەشتاو و شەش دینار بۆ لێدان و هەڵكەندنی ژمارەیەك بیری ئاوی خواردنەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی لە شاری هەولێر.
لە ڕاگەیاندراوەکە هاتووە” لە كۆبوونەوە هاوبەشەكەی ئەمڕۆدا بڕیار درا بە دروستكردنی ژوورێكی ئۆپەراسیۆن كە بە هاوبەشی لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و گوشتوگوزار و وەزارەتی كارەبا و پارێزگەی هەولێر پێكدەهێندرێت و دەسەڵاتی تەواوی دەبێت بۆ بەدواداچوونی كێشەكان و بڕیاردانی بەپەلە بۆ چارەسەركردنی هەر گرفتێكی بەردەم كەمئاوی، هەروەها ژمارەیەك بڕیاری دیكەش دران”
بڕیارەكان:
-بڕیار درا 138 بیری ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر و دەوروبەری لێ بدرێن.
-دابینكردنی كارەبا بۆ ئەو بیرە نوێیانەی لێ دەدرێن.
– دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ بیرەكان.
– بودجەیەك بۆ حاڵەتی فریاكەوتن تەرخان دەكرێت.
– هەڵمەتی نەهێشتنی زێدەڕۆیی لەسەر تۆڕەكانی ئاو و كارەبا بەڕێوەدەچێت.
-لەگەڵ گرتنبەری چەند ڕێكارێكی دیكە لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی.
جەخت کراوەتەوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی كارەبا و پارێزگەی هەولێر بە یەك تیم لە ڕێگەی ئەو ژوورە هاوبەشەوە چاودێریی گرفتی كەمئاوی لە شاری هەولێر دەكەن و چارەسەری بەپەلەی بۆ دەدۆزنەوە.
پێشتر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “بەهۆی بێ بارانی، چاوەڕوانی وشكەساڵی و هاوینێكی سەخت دەكەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەكاریی باشمان كردووە”.
لای خۆیەوە، ئاری ئەحمهد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “بەپێی ئەو داتایانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ژێرزەوی پێمان دراوە، داتاكان دڵخۆشكەر نین، ئاستی ئاوی ژێرزەوی و ئاوی بیرەكان لە هەولێر بەراورد بە پار ساڵ، 55 بۆ 58 مەتر دابەزیوە”.
ئاری ئەحمهد، ئاماژەی بەوەش دا، دۆخی ئاو لە هەولێر هاوشێوەی ساڵی رابردوو دەبێت، گوتیشی: “بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەمساڵ خۆئامادەكردنێكی باش هەیە و دەتوانین باشتر بەسەر كێشەی كەمیی ئاوی ماڵاندا زاڵ بین، بۆ بیر لێدان و گواستنەوەی ئاو بە تانكەر بۆ ئەو شوێنانەی كێشەی كەمئاوییان دەبێـت و بۆ كڕینی كەلوپەلی یەدەگ بودجە دابین كراوە”.
باسی لەوەش كرد، نۆژەنكردنەوەیەكی باش بۆ وێستگەی ئیفراز دوو كراوە و ئاستی پێدانی ئاویش بۆ شاری هەولێر زیاد كراوە. گوتیشی: “بڕیارە 138 بیری ئاو، كە وشكبوونە، دووبارە بیری جێگرەوەیان بۆ لێ بدرێتەوە، بەگشتی لە سنووری ئاوی هەولێر و ئاوی دەوروبەری هەولێر بە گشتی، دوو هەزار و 500 بیر هەیە وشك بوونە”.
ئاری ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “دابینکردنی ئەو بودجەیە لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، كە بڕیاری لەسەر درا، ھەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی بتوانین کێشەی کەمئاوی لە شاری ھەولێر و دەوروبەری چارەسەر بکەین، چونکە پارەکە بۆ ئاوی ھەولێر و دەوروبەر و بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێشەی کەمئاوییە”.









